خاڵکوتین؛ مێژویەک لەسەر پێستی خانمانی کورد
2025/12/28 , بینین : 145


* نەوژین

خاڵکوتین یان ئەوەی لە مێژوی کوردەواریدا بە "دەق" ناسراوە، تەنیا نەخشێک نییە لەسەر جەستە، بەڵکو زمانێکی بێدەنگی کلتورییە کە بۆ هەزاران ساڵ لەسەر جەستەی خانمانی کورد ماوەتەوە، ئەم هونەرە کە لە نێوان جوانی، پاراستن لە چاوەزار و ناسنامەی خێڵەکیدا دەهات و دەچو، ئێستا لە نێوان یادگارییەکانی رابردو و تەکنەلۆژیای تاتۆی هاوچەرخدا دوبارە دەخوێندرێتەوە.

رەگێکی دێرین: لە پیرۆزییەوە بۆ جوانکاری

مێژونوسان ئاماژە بەوە دەکەن کە "دەق" رەگێکی قوڵی لە شارستانییەتە کۆنەکانی وەک سۆمەر و ئەکەددا هەیە، لە ناو کلتوری کوردیدا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی گەرمیان، دەشتی هەولێر و لە ناو کوردانی ئێزدی و رۆژئاوای کوردستان، ئەم خاڵانە وەک "کۆد" یان "سیمبوڵی پارێزەر" سەیر کراون. 

پێش بڵاوبونەوەی تێگەیشتنی ئێستای ئایینە یەکتاپەرستەکان، زۆربەی ئەم نەخشانە پەیوەندییان بە پەرستنی سروشت و خۆرەوە هەبوە، بۆیە زۆرجار وەک "پیرۆزییەک" لەسەر جەستە دەردەکەوتن نەک تەنیا وەک جوانکارییەکی سادە.

زمانە بێدەنگەکەی سیمبولەکان

ئەو خاڵانەی خانمانی کورد دەیانکوت، هەڕەمەکی نەبون، شێوە ئەندازەییەکان (V، خاڵبەندی، خاچ، و بازنە) هەر یەکەیان چیرۆکێکیان هەبو:

* خۆر و مانگ: ئاماژە بون بۆ روناکی، ژیان و بەردەوامی (کە رەگێکی قوڵی لە ئایینە کۆنەکانی کورددا هەبو).
* ئەستێرە و مانگی یەکشەوە: زۆرجار وەک نیشانەی بەخت و دورکەوتنەوە لە نەگبەتی بەکاردەهات.
* تەرزە و گەنم: وەک هێمایەک بۆ پیت و بەرەکەت و زۆربونی رزق.
* خاڵ لەسەر چەناگە و نێوچاوان: زیاتر بۆ جوانی و سەرنجڕاکێشی بوە.

چیرۆکی گوڵە عەلی؛ قوربانیدان لە پێناو جوانی

گوڵە عەلی محەمەد، خانمێکی تەمەن ٩٠ ساڵ لە گوندی بانیخانە، باس لەو کاتە دەکات: جاران خاڵکوتین "زمانحاڵی جوانی" بو، هەرکەس خاڵی زۆر بوایە، جوانتر و بەڕێزتر دەردەکەوت.

بەڵام لە پشت ئەم جوانییەوە، پرۆسەیەکی پڕ لە ئازار و مەترسی تەندروستی هەبوە. تێکەڵکردنی "شیری دایکی کچ" لەگەڵ "سوتکی لاستیک یان خەڵوز" و کونەکردنی پێست بە دەرزییەکی سادە، رێگەیەکی سەرەتایی بوە، لەڕوی زانستییەوە، ئەم کارە مەترسی گەورەی هەوکردن و گواستنەوەی نەخۆشییەکانی خوێنی لێدەمانەوە، چونکە هیچ جۆرە "تەقیمکردنێک" بونی نەبوە، بەڵام بۆ ژنانی ئەو سەردەمە، ئازارەکە بەشێک بوە لە بەهای جوانییەکە.

لە پیرۆزی ـیەوە بۆ حەرام و عەیبە

یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گەورەکان لە کلتوری کوردیدا، گۆڕانی تێڕوانینی ئایینییە، گوڵە عەلی دەڵێت: ئێستا پەشیمانم چونکە دەڵێن حەرامە، ئەم وەرچەرخانە لە تێگەیشتن، لە دوای بڵاوبونەوەی زیاتری فیقهی ئایینی و گۆڕانی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان دروست بو، ئەو خاڵانەی جاران وەک "بەرەکەت" دەبینران، لە سەدەی بیستەمدا لە لایەن هەندێک کەسەوە وەک "عەیبە" یان "نیشانەی ناهۆشیاری" سەیر کران.

تاتۆی هاوچەرخ؛ گەڕانەوە بۆ ناسنامە

تارا محەمەد، کە ماوەی ١٢ ساڵە لە سەنتەری تاتۆیە و تاتۆ دەکات، باس لەوە دەکات: ئێستا نەوەی نوێ بە تێڕوانینێکی جیاوازەوە گەڕاونەتەوە بۆ تاتۆ، زانست و تەکنەلۆژیاش ترسەکەیان رەواندوەتەوە، بۆ تاتۆکان رەنگی تەندروست بەکاردێنین و پێست توشی هەوکردن نابێت.

تارا ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی ئەو خانمانەی دێنە لای، تاتۆ تەنیا بۆ جوانی ناکەن، بەڵکو بۆ شاردنەوەی شوێنی سوتاوی، برینی نەشتەرگەری یان تەنانەت بۆ "زیندوکردنەوەی یادگارییەکان" بەکاری دەهێنن، هەندێک لە گەنجانیش ئێستا داوا دەکەن هەمان نەخشە کۆنەکانی (دەق)ـی داپیرەیان بۆ دوبارە بکرێتەوە وەک هێمایەک بۆ شانازی کردن بە کلتوری رەسەنی خۆیان.

پیاوان و خاڵکوتین

هەرچەندە خاڵکوتین زیاتر بە خانمانەوە ناسراوە، بەڵام پیاوانی کوردیش لە رابردودا بێبەش نەبون، ئەوان زیاتر لەسەر مەچەک و دەستیان خاڵیان دەکوتی، کە زۆرجار وەک نیشانەیەک بوە بۆ "ئازایەتی" یان "نیشانەی خێڵەکی" بۆ ئەوەی لە کاتی شەڕ یان کۆچدا بناسرێنەوە.

خاڵکوتین لە "شیری دایک" و دەرزییە ژەنگاوییەکانی سەردەمی گوڵە عەلییەوە گەیشتوە بە "ئامێری لەیزەر" و رەنگە ستانداردەکانی سەردەمی تارا، هەرچەندە ئامرازەکان گۆڕاون، بەڵام جەستەی مرۆڤ هێشتا وەک ئەو پەڕەیە ماوەتەوە کە چیرۆکی ئازار، جوانی و مێژوی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە.

زۆرترین بینراوەکان