بەهار مونزیر
لە بەرەبەیانی رۆژێکی سارد لە سلێمانی، کاتێک هێشتا خۆر هەڵنەهاتبو، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە کاتژمێری شەشدا هەڵدەستێت، ناوی مەریەمە، یان لەوانەیە فاتیمە بێت. یان سارا یان بەناز ناوەکەی گرنگ نییە، چونکە ئەو دەنگی هەزاران ژنی دیکەیە کە هەر رۆژێک لە کوردستان بە بێدەنگی دەژین، خەون دەبینن، و بە هێمنی دەمرن، بەڵام ئەمڕۆ، ئەو بڕیاری داوە بێدەنگی بشکێنێت.
ژیانێک لە نێوان چوار دیوارەوە
مەریەم وەك هەزاران ژنی دیکە لە کوردستان، ژیانی رۆژانەی لە نێوان ئەرکە بێکۆتایەکاندا بەسەر دەبات، بەیانی لە کاتژمێری شەشدا دەستپێدەکات بە ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ خێزانێکی ٧ کەسی. مناڵەکانی بۆ قوتابخانە ئامادە دەکات. کوڕەکانی دەڕۆن بۆ زانکۆ، بەڵام کچەکەی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا وەستا و لە قوتابخانە دەرهێندرا. هۆکارەکە؟ باوکی باوەڕی وایە "کچان پێویستیان بە زۆر خوێندن نییە." وابزانم مەلایەکیش هەر وتی زو شوبکەن خوێندن ژن لە ژنیەتی دەخات...
"لەو شەوەدا بە بێدەنگی گریام ، بەڵام کەس نەیبیست"
کاتێک هەمو کەس دەڕۆن، ئەو بە تەنها دەمێنێتەوە لەگەڵ بیرکردنەوەکانی و ئەو کارانەی کە بەرامبەریدا هیچ کەس پێنازانێت و هێچ موچەیەکی نیە . کارەکانی ناوماڵ ، بەخێوکردنی مناڵان، چاودێری بەتەمەنەکان، ئەم هەموە کارەی "بەشی ژنانە" کە بەها و ئەرزی نییە. بەڵام ئەگەر ئەو ئەم کارانە نەکات، خێزانەکە دەڕوخێت، هەمو برسی دەبن، ماڵ پیس دەبێت و نەخۆش دەکەون.
خەونێک کە مرد
مەریەم حەزی لێبوە ببێتە مامۆستا. بەڵام باوکی وتی "کچان بۆ ماڵ دروست کراون، نەک بۆ کار”، پاشان هاوسەری وتی "مناڵەکان پێویستیان بە تۆیە”، کۆمەڵگا وتی ژنی باش لە ماڵ دەمێنێتەوە، مەلای گەرەکیش وتی ژنی بە حەیا بێ پرسی هاوسەری ناچیتە دەرەوە .
کەس نەیپرسی مەریەم پێویستی بە چی هەیە. کەس نەیوت خەونەکانی چین. کەس گوێی لێ نەگرت کاتێک هێواش قسەی کرد لەسەر ئازارەکەی.
پێمان دەوترێت بێدەنگ بین،”، "بەڵام کاتێک بێدەنگ دەبین، دەڵێن ئێمە رازین و بێدەنگیش یانی ڕازیبون ئەی وانیە؟"
ئێوارەکان جیاوازن، کاتێک هاوسەری دەگەڕێتەوە، هەمو شتێک دەبێت بەپێی خواستی ئەو بێت. خواردن ئامادە، ماڵ پاک، منداڵان بێدەنگ. ئەگەر شتێک بەدڵی نەبێت، مەریەم بەرپرسیارە.
کاتێک هاوسەرەکەی توند دەبێت، دراوسێکان دەبیستن، بەڵام دەرگاکان دادەخەن. خێزانەکەی دەڵێن "لە ماڵی خۆتدا بێت، تەحەممولی بکە." ئەگەر بەرهەڵستی بکاتەوە، دەبێتە ژنی شەڕانی، ئەگەر بێدەنگ بێت، دەبێتە ژنیكی بێدەسەڵات.
چارەنوسی مەریەم چارەنوسی تەنها ئەو نییە. لە پێشینەی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری بە زۆر، ، هەمیشە ترس لە هێنانی ژنی دوەم بۆ پیاوەکەی،نەبونی پشتیوانی دەرونی، هەزاران ژن لە کوردستان بە بێدەنگی ئازار دەچێژن.
کاتێک بێدەنگی کوشندە دەبێت
ئامارەکان دڵتەزێنن. هەرچەند راپۆرتکردنی فەرمی کەمە بەهۆی تابوە کۆمەڵایەتیەکان، بەهۆێ ترسی موختاری گەڕەکەوە ، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکان ئاماژە بە زیادبوونێکی ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو ژنان دەکەن ونیگەرانن . هەر ژنێک کە دەمرێت، چیرۆکێکی نەگوتراوی بە ئازار، پشتگوێخراو بە بێدەنگی لەگەڵ خۆیدا دەبات
هەفتەی رابردو، ژنێکی دیکە ئەم کۆڵانەی بەجێهیشتین وئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، کۆمەڵگا وتی "حەرامە." بەڵام کەسێک نەیوت "بەئازارەوە مرد کەسێک نەیپرسی بۆچی هیچ کەسێک گوێی لێنەگرت؟.
مەریەم کاتێک ئەم هەواڵەی بیست، ئەم نامەیەی نوسی. "ئەو نەیتوانی زیاتر بەرگە بگرێت، نە لە توندوتیژی، نە لە بێدەنگی، نە لە ئەوەی کە هیچ کەس گوێی لێ نەگرت. ئێوە بێزارن لە ئامارەکان، بەڵام ئێمە بێزارین لە ئازارەکان.
“ژنانی کوردستان داوای زۆرناکەن ئەوان تەنها دەیانەوێت دەنگیان گوێی لێبگیرێت بێ ئەوەی قسەیان ببڕن. دەیانەوێت خەونەکانیان ڕێزی لێبگیرێت بێ ئەوەی پێیانپیبکەنن، دەیانەوێت ئازارەکانیان باوەڕ پێبکرێت بێ ئەوەی سەرزەنشتیان بکەن، دەیانەوێت هەڵبژاردەیان هەبێت لەسەر ژیانی خۆیان، دەیانەوێت کەمتر نەبن لە براکانیان، لە هاوسەرەکانیان، لە کوڕەکانیان، لە پیاوانی دراوسێ” مەریەم وایوت
مەریەم کۆتایی نامەکەی بەم شێوەیە بو: "ئەم نامەیە لەوانەیە کۆتا هەلێکم بێت بۆ قسەکردن، یان لەوانەیە دەستپێکێک بێت. ئەمە بەندە بە ئێوەوە."
ئەو راست دەکات. ئێمە وەک کۆمەڵگایەک هەڵبژاردەیەکمان لەپێشدایە، دەتوانین بەردەوام بین بە پشتگوێخستنی دەنگی ژنان، یان دەتوانین گوێ بگرین و هەنگاو بنێین.
کاتێک ژنێک بێدەنگ دەکرێت، کۆمەڵگایەک بەشێک لە گیانی خۆی لەدەست دەدات. کاتێک ژنێک دەمرێت بەهۆی بێدەنگی و پشتگوێخستنەوە، ئێمە هەمومان بەرپرسیارین.
ئایا ئێمە ئامادەین گوێ بگرین؟ یان هەر بێدەنگیمان بۆ ژنانی کوردستان هەڵبژاردوە؟
خەیالێكی کورتی خۆمە لەگەڵ دۆسیەکاندا خەیاڵم تێکەڵاو کردەوە، مریەم تەنها ناوێكی خوازراوە و ئەو ئێستا لە ژیاندا نەماوە.