ناوی ژنێکی کورد دەچێتە نێو کتێبی ‘قاطفات النور’
2025/11/09 , بینین : 100


* نەوژین

ناوی ژنە نوسەر و چالاکێکی بواری ژنان لە کوردستان دەچێتە نێو کتێبێکی عێراقی کە تایبەت بە ژیاننامە و داهێنانەکانی ژنانی عێراقە.

كنێر عه‌بدوڵا، له‌باره‌وه‌ لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: خۆشحاڵم به‌وه‌ی یه‌كێكم له‌و ژنانەی له‌ ئاست ناوخۆ و و ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌پێی چه‌ندین پێوه‌ری جیا هه‌ڵبژێردراوم تا وه‌ك نوسه‌رێك كورته‌ سیڤی و وته‌یه‌كم بچێته‌ نێو دو به‌رگی كتێبێكه‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ  بڕیاری چاپكردنی درا له‌ به‌غداد.  

کتێبەکە بەناونیشانی (قاطفات النور، قاطفات النور – إشراقات لنساء عراقيات ملهمات) بە کوردی واتای (هەڵگرانی نور – درەوشانەوە بۆ ژنانی ئیلهامبەخشی عێراقی)ـە، فەرهەنگییە تایبەت بە ژیاننامە و داهێنانەکانی ژنانی عێراق ـە، لەلایەن میاده‌ ئه‌لحوسێنی ئامادەکراوە و سەرپەرشتی کراوە، تێیدا ٥١٣ ژنی داهێنەری عێراقی لە بوارەکانی وەک کلتور، زانست، هونەر و کۆمەڵگا لەمیانی دو بەرگیدا ناسێنراون، هەروەک لەلایەن دار الشؤون الثقافية العامة، سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، بڵاوکراوەتەوە.

لەبارەی کتێبەکە کنێر عەبدوڵا دەڵێت: نوسەر زیاد لە دو ساڵە خەریکی ئەم کارەیە و کۆڵی نەدا تا گەیشتە ئامانجەکەی، بەهیوای بەردەوامی و کاری باشتر و بێگومان ئەم کتێبە دەبێتە ئەرشیفێک بۆ ژنانی فرەبوار و پسپۆر لەئاستی عێراق و وڵاتانی تر.

کنێر عەبدوڵا، نوسەر، لێکۆڵەر و چالاکوانی دیاری بواری ژنانە لە کوردستان، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی عەرەبی و سەرنوسەری گۆڤاری تەوارە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە، گۆڤارەکە تایبەتە بە پرسی ژنان و کۆمەڵگا، هەروەک خاوەنی نزیکەی ١٧ کتێبی چاپکراوە لەسەر پرسەکانی وەک: پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی، توندوتیژی دژ بە ژنان و بەشداریکردنی سیاسی ژنان.

زۆرترین بینراوەکان