ژنێکی کورد کۆرسی فێربونی زمانی کوردی لە هارڤارد دەڵێتەوە
2025/09/13 , بینین : 75

 


* نەوژین

شەن شێروان، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانی ـە، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر لە بەڕێوەبردنی گشتی لە زانکۆی هارڤارد، وەک مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆکە دەستی بە وتنەوەی کۆرسی فێربونی زمانەکە کردوە.

کۆرسەکە تیشک دەخاتە سەر ئەدەب، مێژو و کلتوری کوردی، لەڕێگەی خوێندنەوەی کتێب، شیعر، هەواڵ، گوێگرتن لە پۆدکاست و مۆسیقای کوردیی سۆرانی، هەوڵدەدات فێرخوازەکان زیاتر شارەزا بکات، هەروەها هەفتانە سێ پەندی کوردی بۆ گفتوگۆ پێشکەش دەکات.

ئامانجی سەرەکی کۆرسەکە؛ پەرەپێدانی توانای قسەکردنی فێرخوازەکانە، ئەو کەسانە دەتوانن بەشداری بکەن کە پاشخانێکی کوردییان هەیە، بەڵام لە دەرەوەی کوردستان لەدایکبون و لە ماڵەوە فێری زمانی کوردی نەبون.

زانکۆی هارڤارد، یەکێکە لە زانکۆ گەورەکانی جیهان و دەکەوێتە ویلایەتی ماساچوستس لە ئەمریکا، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٣٠،٠٠٠ فێرخواز لەم زانکۆیە دەخوێنن.

شەن شێروان، ماوەی شەش ساڵە لە ئەمریکا دەژی و بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی قسە دەکات.

 

زۆرترین بینراوەکان