
* نەوژین
ژنە راهێنەرێکی ئۆتیزم باسلەوەدەکات: کارکردن لەگەڵ مناڵانی ئۆتیزم هەڵگری چیرۆکێکی قوڵی پڕ دڵخۆشی و شانازییە، دەشڵێت: بۆ مناڵانی ئۆتیزمی خوار پێنج ساڵ، راهێنەری ژن دەتوانێت رۆڵێکی سەرکەوتوانە تری هەبێت بەراورد بە پیاو.
ئۆتیزم لە مناڵان دا بریتییە لە حاڵەتێکی گەشەکردنی مێشک کە کاریگەری دەکاتە سەر شێوازی پهیوهندی، کارلێککردنی کۆمهڵایهتی و رهفتارهکانیان، که زۆر جار خۆی لە دوبارەکردنەوەی کردارێک و حهزكردن به ژینگەیەکی جێگیردا دهبینێتهوه.
ئەو مناڵانەی کە توشبوی ئەم حاڵەتەن زۆرکات تاوەکو هاوشێوەی مناڵێکی ئاساییان لێبێت خێزانەکان دەیانبەنە سەنتەرەکانی تایبەت بە ئۆتیزم، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەنتەرەکانی تایبەت بەم پرسە زۆرکات لەلایەن راهێنەری ژنەوە بەڕێوەدەبرێن و کەمتر پیاوان لەم بوارە کارەکەن.
رامسەر ئەحمەد، راهێنەری مناڵانی ئۆتیزم ـە، تیشک دەخاتە سەر گرنگی و کاریگەری کارکردن لەگەڵ ئەم مناڵانەدا، بە تایبەت جەخت لەسەر رۆڵی راهێنەری ژن دەکاتەوە.
وتی: کارکردن لەگەڵ مناڵانی ئۆتیزم هەڵگری چیرۆکێکی قوڵی پڕ دڵخۆشی و شانازییە، هاوشێوەی چیرۆکی دو جەنگاوەرە، راهێنەر و مناڵەکە پێکەوە بۆ ژیانێکی شایستەتر دەجەنگن، لێرەدا رۆڵی دایک و باوک سەرەکیترینە و ئەوان جهنگه سهختهکان له ههمومان زیاتر دهکهن. ئاماژەی بەوەشکرد: کۆمەڵگا هۆشیاری پێویستی نییە و سیستەمی حکومڕانیش پاڵپشتییەکی زۆر لاوازی بۆ تاکە تایبەتەکان هەیە؛ سەختە ببینیت رۆڵەکەت بە چاوێکی کەم سەیر دەکرێت و ناو ناتۆری لێدەندرێت.
رۆڵی ژنانی راهێنەر لە بوارەکە
رامسەر دەڵێت: ئینکاری لە هەستی ژنبون ناکرێت لە پەروەردەی مناڵدا، زۆر جار راهێنەری ژن، سەرباری ئەوەی ئەرکی مامۆستای و راهێنەرایەتیەتی، بەڵام بە هەستێکی دایکانە یان خوشکانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکان دا دەکات.
جەختیشیکردەوە: جیاوازی لە نێوان راهێنەری ژن و پیاو هەیە، بەڵام هاوکات خاڵی هاوبەشیش هەن بەهۆی تەکنیکە زانستییەکانەوە، گرنگترین خاڵ بەڕای من ویستی مناڵەکەیە بۆ راهێنەرەکە، پێویستە مافی هەڵبژاردنی راهێنەر بە مناڵ بدرێت و لە سەرەتاوە هەڵسەنگاندن بۆ کاردانەوەکانی بکرێت.
راهێنەری ژن یان پیاو؟
رامسەر دەڵێت: بۆ مناڵانی خوار پێنج ساڵ، راهێنەری ژن رۆڵی گەورەتری دەبێت، چونکە مناڵ لەو تەمەنەدا هێشتا ویست و مەیلی بۆ گەرمی و باوەشی دایکی هەیە، لەوانەیە ژن شوێنگرەوەیەکی باشتر بێت بۆ مناڵەکە، راهێنەری ژن بە هۆی هاندانە غەریزییەکانییەوە ئاسانتر دەتوانێت پێویستییە خودیەکانی مناڵ دابین بکات. بەڵام بۆ سەروی پێنج ساڵ، بە تایبەت بۆ مناڵە ئۆتیزمە کوڕەکان، زۆر جار پێویست بە راهێنەری پیاو دەبێت بۆ پەرەپێدانی توانای وهك مەلەکردن، پاسکیل سواری یان ئەسپ سواری، کە رەنگە بۆ راهێنەری پیاو ئاسانتر بێت.