
نەوژین، شیرین ساڵح
هەزاران چیرۆکی نەگێڕدراوە لە پشت دەرگا داخراوەکان و شاشە روناکەکانی مۆبایلەوە هەن، چیرۆکی ئەو ژنانەی کە لە دو بەرداشدا دەهاڕدرێن؛ ئازاری دەستدرێژی و قورسی بێدەنگییەک کە وشەی 'عەیبە' بەسەری دا سەپاندویەتی. ئەم بێدەنگییە دەنگێکی نییە، بەڵام ئازارەکەی هێندە گەورەیە کە دەتوانێت ژیانێک بکوژێت. لەم راپۆرتەدا خوێنەری چیرۆکی چەند قوربانیەک دەبن، لەگەڵی دا باس لە هۆکار و چارەسەر دەکەین.
سۆشیاڵ میدیا: روخسارە نوێیەکەی تاوانێکی کۆن
توندوتیژیی سێکسی دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام شێوازەکانی گۆڕاون؛ گەشاو عەبدولقادر، ئەندامی بۆردی گەشەپێدان، رونی دەکاتەوە: ئێستا زۆرترین گێچەڵی سێکسی لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و شوێنی کارەوە روبەڕوی ژنان دەبێتەوە.
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە توندوتیژییەکە تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی وشەی ناشرین، دەستلێدان، دواکەوتن و بەتایبەتیش هەڕەشەکردن لەڕێگەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتەوە، بەشێکن لەم دیاردەیە، زۆرجار پەیوەندییەک لەژێر ناوی "هاوڕێیەتی" دەست پێدەکات، بەڵام دواتر دەگۆڕێت بۆ داواکاری نەشیاو و دەبێتە سەرەتای زنجیرەیەک لە هەڕەشە و باجدان.
ئاکامە دەرونییەکانی ئەم جۆرە توندوتیژییانە کارەساتبارن. گەشاو عەبدولقادر دەڵێت: کاتێک ژنێک روبەڕوی ئەمە دەبێتەوە، توشی توندوتیژییەکی دەرونی قوڵ دەبێت بەرامبەر بە خۆی، کە هەندێک جار پەنابردن بۆ خۆکوشتنی لێ دەکەوێتەوە، هۆکاری بێدەنگییەکەش تێکەڵەیەکە لە ترس؛ ترس لە خێزان، لەکەداربونی ناو کۆمەڵگە، یان هەڕەشەی راستەوخۆی تاوانبارەکە.
قەبارەی مەترسییەکە: لە نێوان ئامارە شۆکهێنەرەکان و یاسا بێدەنگکراوەکان دا
قەبارەی راستەقینەی کێشەکە لەوە گەورەترە کە بیری لێ دەکرێتەوە، لیا سەیفەدین، ئەندام و هاوکات وتەبێژی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئامارێکی شۆکهێنەر دەخاتەڕو: "نزیکەی ٥٠٪ـی ژنان لە قۆناغێکی ژیانیاندا روبەڕوی جۆرێک لە دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە." جەخت لەوەش دەکاتەوە؛ کە ئەمە تەنها لە دەرەوەی ماڵ نییە، بەڵکو زۆرجار لە نێوان ژن و مێردیش دا رودەدات و ئەنجامدەرانیش لەوانەیە ئەندامی نزیکی خێزان یان هاوکارانی شوێنی کار بن.
بەڵام ئایا یاسا چی دەڵێت؟ سەرباری ئەوەی ژنانی قوربانی زۆرجار وەک تاوانبار سەیری خۆیان دەکەن، یاسا مافی پاراستون:
بەپێی ماددەی ٤٠٢ لە یاسای سزادانی عێراقی؛ هەر کارێکی دەستبردن یان قسەکردن کە ئابڕوی ژنان ببات، سزای بەندکردنی لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و سزای ماددی تا یەک ملیۆن دیناری هەیە.
بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی: ئەگەر دەستدرێژی کرایە سەر منداڵ یان ژن، تەنانەت ئەگەر بە رەزامەندیش بێت، سزای بەندکردنی لە شەش مانگ کەمتر نییە و سزای ماددیشی لە یەک ملیۆن دینار زیاترە.
چیرۆکەکان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە: کاتێک خەون دەبێتە مۆتەکە
ئامار و یاساکان چیرۆکە مرۆییەکان ناشارنەوە، "لیرە" (ناوی خوازراو)، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵە، لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا دەکەوێتە داوی پیاوێکەوە کە خۆی وەک کچێک ناساندبو. دوای ماوەیەک لە متمانە دروستکردن لەژێر ناوی "خوشکایەتی"، پیاوەکە داوای وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لێدەکات. دوای ناردنیان، هەڕەشەکان دەست پێدەکەن، هەرچەندە خێزانەکەی سکاڵا تۆمار دەکەن و تاوانبار دەستگیر دەکرێت، بەڵام لیرە توشی شۆکێکی دەرونیی قوڵ دەبێت؛ ئێستا بە زەحمەت قسە دەکات و لە ترس و شەرم دا دەژی.
"شاتو" (ناوی خوازراو)، کچێکی دیکەی تەمەن ١٦ ساڵە، لەلایەن یەکێک لە مامۆستاکانییەوە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەری. لە ترسی هەڕەشەکان، واز لە خەونەکەی دەهێنێت و ساڵانێک بێدەنگ دەبێت. دوای هاوسەرگیری، کاتێک هاوسەرەکەی هەست بە نائاساییبونی باری دەرونیی دەکات، شاتو ناچار دەبێت راستییەکان بدرکێنێت. ئەم ئەزمونە تاڵە دەیکات بە دەنگێکی بوێر و دواجار مامۆستا دەستدرێژیکارەکە بە سزای یاسایی خۆی دەگات.
ریشەی کێشەکە: بۆچی قوربانییەکان بێدەنگن؟
لیا سەیفەدین هۆکارەکانی بڵاوبونەوەی ئەم دیاردەیە لە چەند خاڵێکدا کورت دەکاتەوە: بەشێک لە پیاوان هێشتا ژن وەک کەرەستەیەک بۆ چێژبینین دەبینن، هێنانی لایەنە نەرێنییەکانی کولتوری بیانی و تێکەڵکردنی بە دابونەریتی کۆمەڵگە و خێزانەکان بۆ پاراستنی "ئابڕوی" خۆیان، سکاڵا تۆمار ناکەن؛ ئەمەش وا دەکات تاوانباران هەست بە دڵنیایی بکەن و کردەوەکانیان دوبارە بکەنەوە.
رێگای دەرچون: بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش
چارەسەر تەنها لەسەر شانی قوربانی نییە. لیا سەیفەدین دەڵێت: ئەگەر ژنان خۆیان پشت بە خۆیان نەبەستن و لە کاتی روداوەکاندا سکاڵا تۆمار نەکەن، بێگومان توندوتیژییەکان بەردەوام دەبن، بەڵام شکاندنی بێدەنگی یەکەم هەنگاوە، نەک کۆتا هەنگاو.
رونیدەکاتەوە: رێگای دەرچون لە سێگۆشەیەکی پێکەوەبەستراودایە: قوربانیی بوێر: کە مافی خۆی بناسێت، بزانێت تاوانبار نییە، و بوێریی سکاڵا تۆمارکردنی هەبێت، خێزانی پاڵپشت: کە "ئابڕو" لە سەلامەتیی رۆحی و جەستەیی ئەندامەکانی بە گرنگتر نەزانێت و ببێتە پاڵپشتی قوربانی، نەک دادوەر و هەروەها لایەنی پەیوەندیدار لەڕێگەی پەروەردە و جێبەجێکردنی یاساوە، چیتر رێگە نەدات "عەیبە" ببێتە چەکی دوەمی تاوانبار بۆ بێدەنگکردنی قوربانی، هاوکات پیاوانیش دەبێت ببنە بەشێک لە چارەسەر، نەک کێشەکە، و دژی ئەم کولتورە بوەستنەوە.