پادی سوڕی مانگانە لە دەستشۆری شوێنە گشتییەکان دادەنرێت
رەنگاڵە
2025/08/24 , بینین : 103


* نەوژین

رێکخراوی ئێمە لەمیانی پڕۆژەیەکیان دا پاد (سانتی)ـی سوڕی مانگانە بێ بەرامبەر لە دەستشۆری شوێنە گشتییەکان دادەنێن؛ بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: ئامانجمان دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و شکۆمەندە بۆ ژنان و کچان.

دەستپێشخەریەکە بریتیە لە دانانی پاد لە دەستشۆری قاوەخانە، رێستۆرانت و هۆتێلەکان. ڤیەنا سەلام، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە نەوژینی وت: لە شاری هەولێرەوە دەستمانپێکردوە و پلانی فراوانکردنمان هەیە، تاوەکو ئێستا ١٥ شوێن رەزامەندیان داوە و چاوەڕێی رەزامەندی ٢٠ بۆ ٣٠ شوێنی دیکەین. نەیشاردەوە: “هەندێک شوێن بە هۆکاری جیاواز رەدیان کردەوە بەشداربن”.

دەستپێشخەریەکە بەشێکە لە پڕۆژەی ‘مەسارونا’، کە لەلایەن رێکخراوی ‘ئێمە’ جێبەجێ دەکرێت، ‘مەسارونا’ هەوڵێکی ناوچەییە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئۆکسفام ئەنجامدەدرێت و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا پاڵپشتی دەکرێت.

لەبارەی ئامانجیان لەم کارە، ڤیەنا سەلام وتی: زۆرجار ژنان و کچان لە دەرەوەی ماڵەکانیان روبەڕوی کێشەی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی سوڕی مانگانە دەبنەوە. ئەم بابەتە هەرچەندە لە رواڵەتدا سادە دێتە بەرچاو، بەڵام دەکرێت ببێتە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ، هەستکردن بە شەرمەزاری و تەنانەت مەترسی تەندروستیش. هەر بۆیە بیرمان لەم هەڵمەتە کردەوە، پێمانوایە کردەوە بچوکەکان وەک دانانی پادێک لە شوێنێکی گشتی دەتوانن گۆڕانکاری گەورە دروستبکەن.

وتیشی: ئامانجی دیکەمان بەهێزکردنی ژنانی گەنجە بۆ ئەوەی بوێرانە داوای مافە تەندروستی و زاوزێیەکانیان بکەن و خاوەنی جەستە و بڕیارەکانی خۆیان بن، هەروەک دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و شکۆمەند بۆ ژنان و کچان ئامانجێکی دیکەمانە.

پڕۆژەکە تەنها دانانی پاد ناگرێتەوە؛ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لەنێو خوێندنگە و شوێنگە گشتییەکان بەشێکی دیکەی کارەکانیان دەبێت.
 

زۆرترین بینراوەکان