زانیاری دەربارەی ئەو ژنەی بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە بەنداوی دهۆک دۆزرایەوە
ھەواڵ
2024/02/19 , بینین : 505

 

* نەوژین

ئەو ژنەی بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە بەنداوی دهۆک دۆزرایەوە، ئاوارەی شەنگال بوە و لە دهۆک ژیاوە، لە شەوی رابردوەوە بێسەروشوێن بوە و بەپێی زانیاریەکانی نەوژینیش هیچ شوێنەوارێکی برین بە جەستەیەوە نەبوە.

کاتژمێر (٩:٠٠)ـی بەیانی ئەمڕۆ (١٩ـی شوبات)، تەرمی ژنێک لە نزیک بەنداوی دهۆک دۆزرایەوە، بەپێی زانیاریەکانی نەوژین ژنەکە تەمەنی (٦١) ساڵ بوە و یەکێک بوە لە ئاوارەکانی شەنگال کە لە کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێ بوە، هەروەک لە شەوی رابردوەوە لەماڵ رۆیشتوەتە دەرەوە و بێ سەروشوێن بوە.

دوای دەرهێنانی، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی دهۆکەوە، تەرمی ژنەکە بۆ لێکۆڵینەوە گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک، بەڵام تاوەکو ئێستا نە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و نە لەلایەن پزیشکی دادی دهۆکەوە هیچ زانیاریەک لەبارەی روداوەکە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەڵام بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکان دەرکەوتوە، کە تەرمەکەی هیچ شوێنەواری گوللە یان شوێنی برینی دیکەی پێوە نەبوە.
 

زۆرترین بینراوەکان