پارلەمانتارێک: ژنەکەی ئەشکەوتی شانەدەر نیاندرتاڵ نییە

2024/05/04    258 جار بینراوە

 

* نەوژین

ژنە ئەندامێکی پێشوی پارلەمانی کوردستان دەڵێت: یەکێک لەو زانایانەی کەلەسەری ژنەکەی ئەشکەوتی شانەدەری دۆزیەوە، پێیوتم، ناوی لێمەنێن، تەنها پێیبڵێن مرۆڤی شانەدەر نەوەك نیاندرتاڵ.

دوای ئەوەی تیمێکی شوێنەوارناسی بەریتانی لە ساڵی ٢٠١٨ کەلەسەری مرۆڤێکیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەولێر دۆزیەوە، بەر لە دو رۆژ رایانگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆمان دەرکەوتوە، کەلەسەرەکە هی ژنێکە و مێژوەکەی بۆ ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

وتیشیان: لە ئێستادا کارمان لەسەر کردوە و کراوە بە مۆدێلێکی 3D و وەک بەڵگەفیلمێک لە تۆڕی نێتفلیکس بڵاوکرایەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەربارەی کەلەسەری ئەم ژنە کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و چەند رۆژێکە لە سۆشیاڵمیدیا کوردی و جیهانیەکان باس باسی ئەم ژنەیە، کە بەشێکی زۆریان بە ژنە نیاندرتاڵەکە وەسفی دەکەن.

بەڵام هێڤا میرخان، ئەندامی پێشوی پارلەمانی کوردستان، لەبارەیەوە شتێکی جیاواز دەڵێت، ئەو لە هەژمارەی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: ئەو زانایەی کە یەکەمجار سەردانی ئەشکەوتی شانەدەری کرد و پشکنینی بۆ کرد، ئەوکات پێیوتم، ئێوە نابێت پێی بڵێن مرۆڤی نیاندرتاڵ، چونكە ناوی نیاندرتاڵ تایبەت بەو مرۆڤانەیە كە یەكەم جار لە ئەڵمانیا دۆزاونەتەوە و بەناو ئەو ناوچەیە ناسراون، بە ئەم مرۆڤانەی كە لە شانەدەر دۆزراونەتەوە دەبێت بڵێن مرۆڤی شانەدەر. 

زیاتر دەڵێت: ئەو زانایە هەروەها پێی وتم، ئەم مروڤانە بە پێچەوانەی مرۆڤی نیاندرتاڵ پێشكەوتوتر و خاوەن كلتور بونە، رەنگە كۆنتریش بن لە نیاندرتاڵەکان.

ئەو تیمە شوێنەوارناسیەی بەریتانیا کە کەلەسەرەکەیان دۆزیوەتەوە، ناویان لێناوە "شانەدەرZ" و تەمەنیشی لەنێوان (٤٠-٤٩) ساڵ دەخەمڵێنن، ئەوان باسلەوەدەکەن: ئێسکی ئەم ژنە یارمەتیمان دەدات زیاتر لەو مرۆڤانە تێبگەین کە لەو سەردەمەدا ژیاون.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,395,512     ژمارەی میوان 1933

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە