* نه‌وژین، دیمەن ئیسماعیل
(ئیمان) ده‌یویست وه‌ك هه‌ر ژنێكى تر ببێته خاوه‌ن مناڵ، به‌ڵام بونى كێشه له پیتاندنى هێلكه و دروستبونى كۆرپه‌له له‌ناو مناڵدانى دا، لێنه‌گه‌ڕا ئه‌و خه‌ونه‌ى به‌دیی بێنێت، بۆیه روی له‌و شێوازه كرد كه به «بلوریی» ناسراوه و له‌و رێگه‌یه‌وه بو به خاوه‌نى مناڵێك.
بەشێك لە هاوسەران به‌هۆی كێشه‌ى بایه‌لۆژیی و بونیادیی له جه‌سته‌یاندا، بێبه‌ش ده‌بن به‌وه‌ى له رێگه‌ى ئاسایی و سروشتیه‌وه ببنه خاوه‌ن مناڵ، هه‌ربۆیه رو له سه‌نته‌ره‌كانى چاندنى مناڵ ده‌كه‌ن كه به مناڵی بلوریی ناسراون.
ژنان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و پرۆسه‌یه له روى كات و ئه‌نجامدان و هه‌روه‌ها تێچونیشه‌وه، ورده‌كاریی زۆری هه‌یه.
ئیمان، 32 ساڵ، دواى 5 ساڵ چاوەڕوانى، نه‌یتوانى ببێت به دایك. وتى: "زۆر چاوەڕێم كرد بە سروشتى مناڵم ببێت، بەڵام نەمبو، بۆیه روم لە سەنتەرێكى چاندنى مناڵ كرد لە سلێمانى، تێچوى مناڵبونەكەم بەهەمویەوە گه‌یشته 9 هه‌زار دۆلار".
دانانى مناڵى بلورى له روه زانستیه‌كه‌یه‌وه، بریتیە لە پیتاندنى هێلكە و تۆ‌و لەدەرەوەى لەشى دایك، پاشان گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌م هێلكه و تۆوه پیتێنراوه بۆ ناو مناڵدانى دایكەكە. لەكاتى ئەم پڕۆسەیەدا ٢٠ تۆ‌و و ٢٠ هێلكە وەردەگیرێت، بەبەكارهێنانى ئامێرى تایبەت پیتاندنیان بۆ دەكرێت و دەگەڕێنرێنەوە بۆ مناڵدان. ئەم چاندنەش بۆ ئه‌و كەسانه ئه‌نجام ده‌درێت كه به سروشتیی ناتوانن ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌ن، رێژەى سەركەوتنى پرۆسه‌كه‌ش له‌نێوان 40 بۆ 50%ـه.
به‌شێك له‌و ژنانه‌ى كه په‌نا بۆ ئه‌مجۆره له دروستكردنى مناڵ ده‌به‌ن، به‌هۆی هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نه‌وه روبه‌ڕوى بونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێكى تریشیان گه‌نجن و به سروشتى خۆیان یان هاوسه‌ریان كێشه‌یان هه‌یه له دروستكردنى مناڵ‌دا.
سروه، ٣٠ ساڵ، یەكێكى ترە لەو ژنانى چاندنى مناڵی كردوە، وتى: «مناڵەكەم تەمەنى ٦ ساڵە بە رێگەى بلورى هاته دونیاوه، سوپاس بۆ خوا تەندروستى زۆر باشە، بەو رێگایه نەبوایه تاوەكو ئێستا دایكایەتیم نەدەدى».
”نزیكه‌ى ده‌فته‌رێك دۆلار له‌سه‌رم كه‌وت، به‌ڵام مناڵه‌كه‌م له‌بارچو“
مناڵى بلورى لە روى تێچونەوە پاره‌ى زۆرى دەوێت، بەپێى بەدواداچونەكانى (نەوژین) لە سەنتەرەكانى تایبەت بە مناڵی بلوری، نرخى دانانى مناڵ بەبێ رەگەز دەگاتە بە تا 2500 دۆلار، بەڵام بە دیاریكردنى رەگەزەوە هه‌زار دۆلاری تری بۆ سه‌ربار ده‌بێت. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش گرنتیكراو نیه و هه‌مو جارێك سه‌رناگرێت.
هاوناز، 39 ساڵ، ماوەى ١٥ ساڵە هاوسەرگیرى كردوە و رێگەى مناڵى بلورى تاقیكردوەته‌وه، بۆ (نەوژین) وتى: لەسەنتەرێكى چاندنى بلورى لە هەولێر مناڵم دانا، نزیكه‌ى ده‌فته‌رێك دۆلار له‌سه‌رم كه‌وت، به‌ڵام مناڵه‌كه‌م بە 5 مانگیی له سكمدا له‌بارچو.
به رای پزیشكێكى ناسراوى ئه‌و بواره، زۆر هۆكار هه‌ن له پرۆسه‌ى سه‌رگرتنى دروستبونى مناڵی بلوریی به سه‌ركه‌وتویی.
د. ئامانج رەحیم، پسپۆڕى ژنان و مناڵبون، بۆ (نەوژین) وتى: تەمەن بە پلەی یەکەم كاریگەرى هەیە لەسەر سه‌ركەوتنى دروستبونى مناڵەكە.
وتیشی: ئامۆژگارى نەخۆشەكان دەكەین كه دواى پرۆسه‌كه بڕۆنەوە سەر كار و ژیانى ئاساییان، بەڵام دواى ١٥ رۆژ پشکنینیان بۆ دەكەین بزانین مناڵەكە دروست بوە یاخود نا.
سه‌رباری روكردنى ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له هاوسه‌ران له‌مجۆره مناڵبونه، به‌ڵام به‌شێكى تریان به هۆكارى ئاینی، دودڵن له ئه‌نجامدانى، زانایه‌كى ئاینیش بۆچونی شەرع لەوبارەوە دەخاتەڕو.
محەمەد مه‌حمود، مامۆستاى ئاینى، بۆ (نەوژین) وتى: مناڵى بلورى لەڕوى شەرعەوە رێگەپێدراوە بەو مەرجەى تۆوى باوكەكە و هێلكەى دایكەكە لە خۆیان بێت و لەدەرەوە بپیتێنرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ رەحمى دایكەكە، بەڵام ئەگەر تۆوه‌كه لە پیاوێكى تر بێت و بپیتێنرێت له‌گه‌ڵ هێلكه‌ى دایكه‌كه، رێگەپێنەدراوە.