* نەوژین
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست ماڵپەڕی نەوژین کەوتون، لە راپەڕین لەنێو نەخۆشخانە تایبەتەکان لەدایکبون بە نەشتەرگەری ٩٧%ـی کۆی لەدایکبونەکان پێکدەهێنێت، کێشەکە تەنها لە کەرتی تایبەت نییە، لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش دا هەندێک جار پێشی مناڵبونی سروشتی داوەتەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، ئەم دەڤەرە شارەکانی قەڵادزێ (ناوەندی قەزای پشدەر) و رانیە (ناوەندی ئیدارەی راپەڕین) و ناحیەکانی وەک سەنگەسەر، چوارقوڕنە، ژاراوە و حاجیاوا دەگرێتەوە، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە (٣٠٠) هەزار کەسە.
بە وتەی تەها محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی راپەرین کە بە نەوژینی راگەیاند: لە سنورەکە لەدایکبون لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان بەشێوەی نەشتەرگەری ٩٧%ـی کۆی گشتی لەدایکبونەکان پێکدەهێنێت، بەبێ رونکردنەوەی ژمارەکان بە وردی.
"متمانەمان بە نەخۆشخانەی حکومی نییە، ئەهلیش بڕیاری نەشتەرگەری دەدات"
هاوناز محەمەد، دایکی دو مناڵە و هەردوکیانی بە نەشتەرگەری بوە، پێی وایە ئەم دیاردەیە تێکەڵەیەکە لە "چاولێکەریی کۆمەڵایەتی" و "بێمتمانەیی بە کەرتی گشتی".
ئەو بۆ نەوژین وتی: چاولێکەرییەکی زۆر هەیە و ژنان لە ترسی ئازاری مناڵبونی سروشتی پەنای بۆ دەبەن. بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە متمانە بە خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە حکومییەکان نەماوە، خراپیی خزمەتگوزاری وایکردوە خەڵک رو لە کەرتی تایبەت بکات، لەوێش زۆر بە ئاسانی بڕیاری نەشتەرگەریت بۆ دەدەن.
ئامارەکان زیادبونی حاڵەتەکە پشتڕاست دەکەنەوە
ئامارەکانی نەخۆشخانە حکومیەکانیش لەو بارەیەوە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە لەدایکبون بە نەشتەرگەریی جێگەی لەدایکبونی سروشتی گرتوەتەوە.
ئامارەکانیش لەماوەی چوار ساڵی رابردودا بەشێوەیەن:
ساڵی (٢٠٢١): کۆی گشتی: ٥،٩٤٠ مناڵ لەدایکبون؛ سروشتی (٣،٤٥٧)، نەشتەرگەری (٢،٤٨٣).
ساڵی (٢٠٢٢): کۆی گشتی: ٧،٠٧٤ مناڵ؛ سروشتی (٢،٨٧٩)، نەشتەرگەری (٤،٧٩٥).
ساڵی (٢٠٢٣): کۆی گشتی: ٦٧٩٥ مناڵ؛ سروشتی (٢،٣٦٦)، نەشتەرگەری (٤،٤٣٩).
ساڵی (٢٠٢٤): کۆی گشتی: ٧،٠٩٣ مناڵ، سروشتی (٢،٣١٢)، نەشتەرگەری (٢،٧٤٧).