یاساکەی عێراق بۆ کچان و ژنانی ئێزیدی دەستکەوتێکی مێژویی تێدایە

2021/03/06    780 جار بینراوە
 
* نەوژین، رێناس ساڵەح
 
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، رێکەوتی (١/٣/٢٠٢١)، پرۆژه‌ یاساى "كچه‌ ئێزدییه‌ رزگاربوه‌كانى ده‌ستى داعش"ى په‌سه‌ند كرد. چالاکوانان و کچانی رزگاربوی ئێزیدی بە بڕیارێکی مێژوی دەزانن و دەڵێن دانپێنانە بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی لەسەر بنەمای جێندەرو لەگەڵ ئەوەشدا لەو دۆخە سەختەی کە تێیدان رزگاریان دەکات. بە گوێرەی یاساکە(موچە، شوێنی نیشتەجێبون، کار) بۆ تەواوەی رزگاربوان دابیندەکرێت.
 
 
لە ناو یاساکەدا تاوانەکە بە جینۆساید ناسراوە
 
 
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەبەودەکات، لە یاساکەدا تاوانەکە بە جینۆساید ناوی هێنراوە، ئەو بڕە موچەشی دیاریکراوە بڕی یەک ملیۆن دیناری مانگانە دەبێت بۆ رزگاربوان.
 
 
بەهار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ نەوژین وتی: ”ناوەڕۆکی یاساکە مادەی تایبەتی تێدایە بۆ سزادانی بکەران و بەشدارانی تاوەنەکە سزاکەیان زۆر قورسە، چونکە تاوانەکە لە یاساکە بە جینۆساید ناسێندراوە“.
 
 
وتیشی: لە دوای هەڵسەنگاندن بۆ تاوانەکەو باردۆخی رزگاربوان یاساکە هاتۆتەبون، بۆیە تێیدا هاتوە کە دەبێت موچەیەکی مانگانەیان بۆ دابینبکرێت کە بڕەکەی یەکسان بێت بە دوهێندەی موچەی خانەنیشی لە عێراق، بەمەش هەر کچ و ژنێکی رزگاربو مانگانە بڕی (١٠٠٠٠٠٠) یەک ملیۆن دیناری عێراقی وەردەگرێت، لەگەڵ خانویەک یان پارچەزەویەک کە ئەگەر پارچەزەوی بێت ئەوا لەگەڵیدا قەزی ئەقاریان پێدەدرێت، لە خاڵێکی دیکەشدا هاتوە دەستدەکرێت بە گەڕانەوەیان بۆ خوێندن و هەوڵدان بۆ رەخساندنی دەرفەتی کاربۆیان“.
 
 
کچانی رزگاربوی دەستی داعش ولیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، وێنە: هەژماری پەرلەمانتار بەهار مەحمود
 
 
نادیە مورد”بەم یاساییە دانرا بەوتاوانەی بەرامبەر بە کچان و ژنانی ئێزیدی کرا“
 
 
نادیە موراد، کچە رزگاربوی دەستی داعش، لە بارەی یاساکەوە دەڵێت: ئەمە هەنگاوێکی گرنگە لە ناسینی توندوتیژی سێکسی لەسەر بنەمای جێندەر، ئەم یاسا مێژوییە سەرکەوتنە بۆ رزگاربوان، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم هەنگاوی ئەرێنی و گرنگن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان“.
 
 
نادیە موردا، لە وتارێکیدا لە بەردەم یەکێتی ئەوروپا
 
 
سۆزان سەفەر، بەڕێوبەری رێکخراوی داکی تایبەت بە ژنان و کچانی ئێزیدی، پێی وایە یاساکە بە گشتی زۆرباشەو هەنگاوێکی گرنگە بۆ پرسی ئێزیدیەکان.
 
بۆ نەوژین وتی ”جێبەجێکردنی بەلای ئێمەوە گرنگترە، چونکە دوبارە ژیانێکی دیکە دەبەخشێتە کچان وژنانی رزگاربوی دەستی داعش لەروی مادەی و مەعنەویەوە، بۆ ئەمەش دەبێت دەست بکرێت بە هۆشیارکردنەوەیان و یاساکەیان بۆ رونبکرێتەوە“.
 
 
چارەنوسی نزیکەی (٢٥٠٠) کچ و ژنی ئێزیدی ونە
 
 
لە داتاکانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانى ئێزدی، تا ئێستا (٣٥٤٥) ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزدی رزگار کراون، لەگەڵ ئەوەشدا چاره‌نوسى (٢٧٦٨) کەسیان تاوەکو ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.
 
 
بە وتەی بەڕێوبەری رێکخراوی داک، لەو ژمارەیە نزیکەی (٣٥٠٠) کچ و ژنی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگارکراون، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی (٢٥٠٠) کەسیان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان، دەڵێت: ”گومان دەکەین زۆرینەیان لە ناو کەمپی هۆڵ بن لە سوریا و بەشیکی دیکەشیان چارەنوسیان ناڕونە“.
 
 
هەروەک بەرهەم ساڵەح، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکیدا سەبارەت بە یاساکە رایگەیاند: ”دەبێت دەست بە سۆراخ بکەین بۆ دۆزینەوە شوێن بزرەکان“
 
 
وێنە: چەند ژنێکی ئاوارەی ئێزیدی، ساڵی ٢٠١٤
 
لە ئابی ٢٠١٤ قەزای شەنگال و گوندەکانی روبەروی پەلاماری چەکدارانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بونەوە، هەزاران ئێزیدی کوژران و رفێندران، لە ١٥ تشرینی ٢٠١٥ شارەکەیان ئازادکرایەوە.
 
 
 
ئایا یاساکە جێبەجێ دەکرێت؟
 
 
 
هەر یاسایەک لە پەرلەمانەوە دەردەچێت دەبێت حکومەت رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکات، لەم یاسایەدا ماوەی ٩٠ رۆژ دیاریکراوە بۆ ئەوەی حکومەت رێنمایەکانی دەربکات بۆ جێبەجێکردنی، بەشێوەیەک بەڕێوبەرایەتیەکی تایبەت بکاتەوە بۆ ئەم پرسە و راستەوخۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق سەرپەرشتی بکات.
 
 
 
سۆزان سەفەر، ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هیوادارن یاساکە جێبەجێبکرێت، دەشڵێت: ”دەبێت چالاکوانانی ژن، رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، پێکەوە زەخت بخەنە سەر حکومەتی عێراق وهەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاساکە“.
 
 
 
هەروەک بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: زۆرجار یاسا دەردەکرێت، بەڵام جێبەجێ ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵیکی گرنگ لەم یاسایە هەیە ئەویش دیاریکردنی ماوەیە بۆ حکومەت تاوەکو دەستبەجێبەجێکردنی بکات.
 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەم سۆنگەیەوە داوادەکات هەرچی زوە هەوڵ بۆجێبەجێکردنی یاساکە بدرێت.
 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا وتی: سوپاسی هەمو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەم بۆ دەرکردنی یاساکە، داوادەکەم بە شێوەیەكی خێرا ده‌ست بە جێبەجێكردنی هەمو خاڵەكانی ناو یاساكە بكرێت، چونكە بارودۆخی هەمو ئافرەتە رزگاربوە ئێزدییەكانمان و منداڵ و خێزانەكانیان پێویستی بە هاوكاریی خێرا و هەمەلایەنەیه‌.
 
 
قسەکانی سەرۆکی هەرێم لە کاتیکدایە کچان و ژنانی رزگاربوی دەستی داعش بە بارودۆخێکی ناهەمورادا رۆژەکانیان تێدەپەڕێنن، بەهۆی ئەوەی هەندێکیان تاوەکو ئێستاش لەلایەن خێزانەکانیانەوە قبوڵ ناکرێنەوە، یاخود توشی باردۆخی سەختی دەرونی بون بەهۆی ئەو دەستدرێژیانەی کراوەتسەریان و ئەو تاوانانەی دەرحەق بە خۆیان و خێزانەکانیان کراوە.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,496     ژمارەی میوان 834

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە