* نەوژین، رێناس ساڵەح
میلی کاتژمێرەکە لەسەر ١٢:٣٠ نیوەڕۆ وەستاوە، لەناکاو دەنگی قیژەو کریشەکە گوند دەشڵەژێنێت خەدیجە مرد! ئەمە ئەوکاتەیە هەوڵی مەرگی (خەدیجە)، بەهەڵواسراوی لە گوندی شێخ لەنگەر بڵاودەبێتەوە، وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئاماژەبەوەدەکات، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکە بەردەوامە.
رۆژی (١٤/٢/٢٠٢١) هەواڵ دەدرێت بە پۆلیس کە ژنێک بەناوی خەدیجە ساڵح، تەمەن(١٩٧١) لە گوندی شێخ لەنگەری سەر بەناحیەی کۆکز، لە گەرمیان لە ماڵەکەی خۆیان گیانی لەدەستداوە.
کاتی روداوەکە
”هەمو رۆژێک نیوەڕوان کە لە مزگەوت دەگەڕامەوە سەرێکم لە خەدیجەی خوشکم و دایکم دەدا، ئەوان پێکەوە دەژیان ئەو رۆژەش وەک هەمو رۆژێکی دیکە دەرگاکەم کردەوە، بەڵام خوشکەکەم گیانی لەدەستدابو“. ئەمە قسەکانی برایەکی خەدیجەیە کە بە هاوڕێی و خزمەکانی وتەوە لە تەعزییەی خوشکەکەی، خەڵکی گوندەکەو ئەو کەسانەی ناسراویان هەیە لە گەڵیان ئەمەیان بە نەوژین وت، تەنانەت لە بەر ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و عەشەیاریەیی کە هەیە لە ناوچەکەیان سەرتایی روداوەکە و پێش گەشتنی پۆلیسی لێکۆڵەر وتبویان بە جەڵدە گیانی لەدەستداوە.
شەماڵ عەبدولرحمان ، بەڕێوبەری ئاسایشی ناحیەی کۆکز بەنەوژینی راگەیاند: ”خەدیجە بە پەت خنکابو، ئەو کاتەی گەیەندرابوە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابو“.
ژیانی خەدیجە
خەدیجە، هاوسەرگیری کردوە بەڵام جیابونەتەوە و خاوەنی مناڵێکە، چەند ساڵێکە بە تەنها لەگەڵ دایکی لە خانویەکدا دەژیان، دایکی بەهۆی نەخۆشیەوە لە جێگە کەوتوە، ناتوانێت هاتوچۆبکات.
”خەدیجە زۆر بێدەنگ بو هەرکەس سەیری روخساری بکدرایە هەستی بە خەمێکی قوڵ دەکرد لە روخساریدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم گوندە شەرمە کەسێک بە هۆکارێکی وا سەردانی پزیشک بکات یان خێزانەکەی و دەوروبەری بە گرنگی نازانن چارەسەی بۆ بدۆزنەوە تاوەکو ئەم روداوانەی لێدەکەوێتەوە“. ئەمە قسەی یەکێکە لەو کەسانەی کۆتا جار سێ رۆژ پێش مەرگی بینی بوی.
”دوای ئەوەی هاوسەرەکەی بڕیاری دابو تەلاقی بدات، باردۆخی دەرونی ناجێگیردەبێت و دواتر کە جیادەبنەوە رۆژانێکی سەختی بەڕێکردبو، بەهۆی ئەو کاریگەریەی لەسەری بەجێ هێشتبو، ئەمە بە قسەی ئەو کەسانەی وتەیان لێوەرگیراوە“. بەڕێوبەری ئاسایشی ناحیەی کۆکز ئەمە دەڵێت.
دەشڵێت: هیچ کەسێک بەهۆی ئەم روداوەوە دەستگیرنەکراوە.
دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیس و پزیشکی دادوەری
ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە گەرمیان، بۆ نەوژین ئەوەی خستەڕو کە ئەوان لە قەزیەکانی خۆکوشتنی ژنانن بەوردی لێکۆڵینەوە دەکەن چونکە گومان دەکەن لە قسەی کەس و کارو دەوروبەریان بەهۆکاری ئەوەی لە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوشتنی ژنان گرفتیی دەرونی باسدەکرێت.
بۆئەم دۆسیەیەش وتی: پێشوتر هیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردوە، لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامە شیکار بۆ شوێنی روداوەکە کراوە، ئەو کەرەستانەی روداوەکەی پێئەنجام دراوە کۆکراونەتەوە، تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە هەمو ئەمانە دەبنە بەڵگە بۆ چۆنیەتی روداوەکە.
”ژنانی گوند لە گەرمیان لە باردۆخێکی مەترسیداری دەرونین“
چالاکوانێکی مافەکانی ژنان ئاشکرای دەکات لە گوندەکان ژنان روبەڕوی مەترسی گرفتی دەرونی بونەتەوە بەشێوەیەک هەندێکیان"بەشێت" نازەند دەکرێن و خێزانەکانیشیان لەبەر ئەوەی بە عەیبەی دەزانن نایانەوێت چارەسەر وەربگرن.
لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی وادی ئەڵمانی لە گەرمیان، کە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ژنانی گوندەکان دەکەن، بۆ نەوژین وتی: ژنان و کچان بەهۆی کێشەوە توشی بارودۆخێکی دەرونی خراپ بون کەیسمان هەیە دەوروبەریان وایان زانیوە شێتبون ئەوان دورن لە دەرونناس و توێژەرو پزیشکەوە نازانن چی بکەن، خێزانەکانیشیان کە دەزانن لەبەر ئەوەی پێیان وایە عیبەیە کپی دەکەنەوە، زۆرجار لەو باردۆخە ئافرەتەکان پەنادەبەنە بەردەم خۆکوشتن، لەکاتێکدا ئەمە خراپترین رێگایە دەیگرنەبەر.
ئەو چالاکوانە ئاماژە بەوەشدەکات ژنانی گوندەکان ناتوانن زاڵبن بەسەر کێشەکانیان یان کە روبەڕوی توندوتیژەیەک دەبنەوە بەرگری لەخۆیان بکەن بە یاسا دەڵێن ”ئەگەر بڕۆینە یاسا ئیتر نابێت بێینەوە ناوخیزانەکانمان قبوڵمان ناکەنەوە“.
لەیلا ئەحمەد، ئەندامی رێکخراوی وادی ئەڵمانی لە گوندێکی گەرمیان وێنە: نەوژین
بۆ چارەسەرکردنی باردۆخی ژنان لەیلا ئەحمەد دەڵێت: رێکخراوەکان دەبێت چڕتر لەسەر گوندەکان و ناحیەکان کاربکەن لەروی هۆشیاری ماف و زاڵبون بەسەر کێسەکان ئەرکە لەسەر حکومەت لیژنەیەک بۆ راوێژی دەرونی سەردانی گوندەکان بکات ئەمە زەروریەتە چونکە دۆخەکەی مەتریسدارە.