* نەوژین، رێناس ساڵەح
ئێوارەی(١٣/٢/٢٠٢١) کچێک بەناوی (کاڵێ) بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەی خۆیان لە سلێمانی دۆزرایەوە، لە کاتی روداوەکە تەنها یەک کەس لە ماڵەکەدابوە باوکی دەڵێت ”من هیچ کێشیەکم لە گەڵیدا نەبوە“. بە وتەی پۆلیس”لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتادان، چاوەڕێی بڕیاری دادوەرن بۆ لێکۆڵینەوە لە مۆبایلەکەی“. پارێزەرێکیش جەختدەکاتەوە دۆسیەکانی خۆکوشتنی ژنان بە زویی دادەخرێت، ئەمە لەکاتێکدایە زۆرینەی خۆکوشتنەکانی ژنان کەسانی دیکەی لەپشتەوەیە.
”بە پێی لێکۆڵینەوەکان و راپۆرتی پزیشکی دادوەری روداوەکە سەدا سەد خۆکوژی بوە“. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمە دەڵێت. ئەو ئێوارەیی کاڵێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، تەنها خزمەتکارەکەیان لە ماڵ دەبێت.
کاڵێ بۆ خۆی کوشت؟
ئەو کاتەی کاڵێ، دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە کۆتایی بەژیانی هاتوە، هیچ وتەیەکی لێوەرنەگیراوە، باوکی دەڵێت: ”لەگەڵ من هیچ کێشەیەکی نەبوە لەماڵەوش کێشەی نەبوە“. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ نەوژین ئەمەی وت، ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردوە، وتە وەرگیراوە لە کەس و کاری لە هاوڕێکانیشی وتە وەردەگیرێت.
وتیشی: ”جارێ زوە بۆ ئەوەی بتوانین هۆکاری پشت خۆکوشتنەکەی دیاری بکەین چاوەڕێی فەرمانی دادوەرین بۆ لێکۆڵینەوە لە مۆبایل و هەژمارەکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەوەی هۆکاری سەرکی پشت خۆکوشتنەکەی دەربکەوێت“.
کاڵی، لەدایک بوی ساڵی(١٩٩٣)یە، لەگەڕەکی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی نیشتەجێن.
” کچێکی زۆر بەئەدەب و زیرەک بو ئێمە دڵنیاین لە رەوشت بەرزی بنەماڵەکەی، ئەوەی گومانی لێدەکەین لە ژێر گوشاری دەرونی کاڵێ، ئەو کارەی کردبێت“. یەکێک لە خزمەکانی ئەو خانەوادەیە بۆ نەوژین، ئەمەدەڵێت بەڵام، ئامادەنین هیچ زانیاریەکەی دیکە باسبکەن، بەتایبەت لەسەر ئەو پرسەی کە دایک و باوکی کێشە کەتۆتە نێوانیان.
ئەمە لە کاتێکدایە سامان نادر، بهڕێوهبهری سهنتهری فریاگوزاری تهندروستی سلێمانی ١٢٢ دەڵێت: پێدەچێت”بههۆی كێشهی خێزانیهوه ئهو كچه كۆتایی بهژیانی خۆی هێنابێت“.
لە ئامارەکانی ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان ٣٨ ژن خۆیان کوشتوە لەگەڵ ٦٧ حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان، لەو ژمارەیە لە پارێزگای سلێمانی ٢ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە لەگەڵ ٨ حاڵەتی خۆسوتاندن.
ئەو کەسانەی لە پشت هۆکاری خۆکوشتنی ژنان سزادەدرێن
بە پێی یاسا بەرکارەکان خۆکوشتنی ژنان بە کاریگەری توندوتیژی خێزان یان بونی کەسێک لە پشت هۆکاری خۆکوشتنەکەوە تاوانەو سزای قورسی بۆ دانراوە، بەڵام پارێزەرێک ئەوە ئاشکرا دەکات ئەو یاساییە وەک پێویست کاری پێناکرێت و لەکاتی خۆکوشتنی ژنان کەیسەکان بە زویی دادەخرێت.
لە یاسای توندوتیژی خێزانی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ لە مادەی دوەم بڕگەی یەکەم خاڵی دەیەمدا ھاتوە (خۆکوشتن بە کاریگەری توندوتیژی خێزانی تاوانە). لەگەڵ ئەوەشدا ههموار كردنى مادەی ٤٠٨ ی یاسای سزادانی عێراقى ژمارە ٤٢سالی ٢٠٠٤ لە بڕگەی ٢(تسبب فی الانتیحار) واتە ھەر کەسێک ھۆکار بێت بۆ خۆکوشتن ئەوا تاوانبارە، بەتایبەت لە پشت خۆکوشتنی ئافرەت ھاوسەر یان کەسوکار بونی ھەیە.
شۆخان ئەحمەد، بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی بۆ نەوژین، وتی:لێکۆڵینەوە دەبێت بەردەوامبیت لە دوای خۆکوشتن و خۆسوتاندنی هەر ژنێک، بەوەی ئایا پێشتر ئەو ژنە سکاڵای هەبوە، لای هیچ کەسێک باسی کێشەی کردوە، هەڕەشەی خۆکوشتنی کردوە، پیاوەکەی یان کەسێک هانی داوە خۆی بکوژێت، ئەوکات بکەرانی سزا وەربگرن، بەوەش کۆمەڵگا دەترسێت بە ئاسانی ژنێک ناچار بە خۆکوشتن ناکەن.
وتیشی: ”ئێمە ئاگەدارین کاتێک ژنێک خۆی دەکوژێت زۆر بەئاسانی دۆسیەکەی دادەخرێت“. کۆمەڵگا و خێزان خۆیان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئامادەنین سکاڵا بکەن دەڵێن ”وادامێک خۆی خۆی کوشتوە با حەیامان نەچیت دۆسیەکە کۆتایی دێت“.
رێکخراوی هاریکاری یاسایی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ یەک کەیسیان هەیە کە ژنێک خۆی کوشتبێت و ئەوان بەدوداچون بۆ هۆکارەکانی خۆکوشتنەکەی بکەن، ئەو روداوەش چیرۆکەکەی بەوشێوەیە( ئەو ژنەی خۆی کوشتوە پێشتر چەند جار لەلایەن مێردەکەیەوە هاندراوە خۆی بکوژێت، شەڕیان بوە، سکاڵای هەبوە لەناو نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی).
بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سلێمانی بۆ خۆکوشتەکەی(کاڵێ) بێدەسەڵاتە
بەڕێوبەرایەتی و نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە سلیمانی چاوەڕێی نوسراوی دادگان بۆ ئەوەی لەسەر دۆسیەکەی کاڵێ لێکۆڵینەوە دەست پێبکەن.
هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە پارێزگای سلێمانی بە نەوژینی راگەیاند: بۆ ئەوەی بزانین پێشتر ئەم کچە سکاڵایکردوە لای ئێمە دەبێت دادوەری دۆسیەکەی نوسراومان ئارستەبکات، بۆ ئەوەی ئەگەر لە ماوەی رابردو سکاڵای کردبێت دژی کەسێک ئێمە پەڕاوکانی دۆسیەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە رەوانە بکەین، ئێمە دەسەڵاتمان نیە راستەوخۆ تەداخولی کەسیەکان بکەین مەگەر لە حاڵەتێک وەک دۆسیەکەی سێوان بە ئەمری وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتمان پێبدرێت ببینە لایەنێک لە لێکۆڵینەوە دۆسیەکە.
دۆسیەی سوتاندنی سێوان و سێ منداڵەکەی سەرەتای روداوەکە وابڵاوکرایەوە کردەوەکە لەلایەن سێوانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام دوای هاتنە سەرخەتی فەرمی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پەرلەمان، هاوسەری سێوان قادر، وەک بوکوژی هاوسەرو منداڵەکەی سزایی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
خێزانی سێوان قادر، بەردەم دادگای سلێمانی، دوای دەرچونی بڕیاری دادوەر لە بارەی تاوانباری دۆسیی سوتاندنی سێوان و مناڵەکانی وێنە: سایتی سبەی
وتیشی: دادوەری لێکۆڵینەوە سەیری دۆسیەکە دەکات رەگەزی تاوانی تێدابێت گومانی تاوانی لەپشتەوەبێت و کەسەکە هیچ بەڵگەیەک نەبێت کە گرفتی دەرونی هەبوە، یان سکاڵاکەر هەبێت لە دۆسیەکە و پارێزەری بۆ بگیرێت دادوەر داوای پەڕاوی لێکۆڵینەوەدەکات بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو کەسەی خۆی کوشتوە بزانرێت لە چ باردۆخێکدا ژیاوە.
بەمەش ئەگەر دادوەری ئەم کەیسە نوسراو نەکات ئەگەر کاڵێ سکاڵاشی کردبێت بۆهەمیشە سکاڵاکەی بێ ئەنجام دەمێنیتەوە.
راوێژی دەرونی هەوڵەکانی خۆکوشتن پوچەڵ دەکاتەوە
شارەزایەکی چارەسەری دەرونی جەخت دەکاتەوە چەندین کەیسیان هەبوە کە کەسەکە ویستویەتی خۆی بکوژێت، بەڵام دوای وەرگرتنی راوێژ تێڕوانینی بەتەواوی گۆڕاوە.
ئامینە علی، شارەزای دەرونناسی بۆ نەوژین، وتی: ”کێشەی خیزانی سەرەکیترین هۆکارە کە دەبێتە هۆی لاوازی کەسەکەو پەنابردنە بەرخۆکوشتن، لەگەڵ چەندین هۆکاری دیکە، بەڵام ئەم کەیسانە رۆژانە دێتە لای ئێمە بەشێوەیەک هەیانە جەستەی خۆی بریندارکردوە، یان پێی زانراوە پێش خۆکوشتنەکەی، کە ئـێمە راوێژی لەگەڵ دەکەین خۆشبەختانە جەلسە دوای جەلسە بەتەواویی بیرۆکەی خۆکوشتن لە خەیاڵی نامێنێت“.
دەشڵێت: راوێژکردن بە کەسانی پسپۆڕ و متمنەپێکراو رۆڵێکی زۆرگرنگی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکەو دورکەتنەوە لە بیری خۆکوژی، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەرکردنەکان لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت.
بەوتەی ئەم شارەزایەیی دەروناسی زۆرترین حاڵەتەکانی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، بە راوێژکردنی لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ بکەرەکانی گەڕاونەتەوە باوردۆخی ئاسایی، دەکرێت نمونەییی (کاڵێ)کانیش لەم نێوەندەدا هەبن وئێستا بەشێوەیەکی دیکە درێژە بە ژیان بدەن.