(شارا)خاونی چیرۆکی مێژوی گەشتنە لوتکەی چیا لەگەڵ کەم ئەندامان

2021/02/09    1438 جار بینراوە
 
* نەوژین، رێناس ساڵەح
 
 
هێشتا کات بەیانیەکی زوە، خۆر دەیەوێت زەنگی رۆژێکی نوێ لێبدات، شاخەوانەکان خۆیان ئامادەکردوە بۆگەشتەکەیان، بەڵام ئەمجاریان گەشتەکەیان جیاوازدەبێت، چونکە لەگەڵیاندا میوانی نوێ هەیە کە خاوەن پێداویستی تایبەتی( کەمئەندامی جەستە، نابینا، نابیست)ن و دەیانەوێت بگەنە لوتکەی شاخی هەیبەت سوڵتان، ژنێک خاوەنی ئەم بیرۆکەیە بەوتەی ئەو ئەمە یەکەم جارە لە کوردستان و جیهان گەشتێکی شاخەوانی لەو شێوەیە بەڕێوەچوبێت.
 
 
 
رۆژی (٤/٢/٢٠٢١)، گەشتەکە ئەنجامدرا بۆ شاخی هەیبەت سوڵتان، کە بەرزیەکەی ١٦٧٩ مەترە لە ئاستی روی دەریاوە و دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی شاری کۆیە، بە دوری (٣کم) وە بە دوری (٧٣) کم لە ناوەندی شاری هەولێر دورە.
 
 
 
ئەوکاتەی بە کورسیەکەمەوە گەشتمە لوتکەی چیاکە
 
 
”ئەوکاتەی چاوەکانم شاری رانیەی بینی بە کورسیەکەمەوە گەشتبومە لوتکەی (سارا) من ناتوانم وەسفی ئەو هەستەم بکەم چونکە مەحاڵ بو، بەڵام بو بەڕاستی“. ئەمە قەسەکانی (هاجەر ئیسماعیل)ە، بۆ نەوژین، کە تاکە خانم بوە لەسەر کورسی بەشداریکردوە لەم گەشتەدا، ئەو مامۆستای زانکۆیە هاوکات راهێنەرە لە بواری گەشەپێدانی مرۆی.
 
 
دەشڵێت: ”بۆمن تەحەدابو سەرەتا هەستم بە دڵەراوکێ دەکرد، دەموت ئەوانەی لەگەڵماننن بێزاریان دەکەم ناتوانین بگەین، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە گەشتین بە یارمەتی ئەوان“.
 
 
هاجەر ئیسماعیل، کاتی گەشتنە لوتکەی (سارا) لە شاخی هەیبەت سوڵتان، قەزای کۆیە، وێنە: ئیبراهیم فەتاح
 
خاوەنی ئەم بیرۆکەیە شارا مستەفایە، یەکەم گەشتی بۆ نابینایان وپێش دوساڵ ئەنجامداوە، بۆیەکەم جار گروپێک نابینا لەگەڵیدا گەیشتنە لوتکەی شاخی بالامبۆ وەک خۆی دەڵێت: ”ھەرچەن بیرۆکەت ھەبێ کەپال پشتت نەبێ ناتوانی بیخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە“.
 
 
شارا، بۆ نەوژین وتی: بۆگەیشتن بە لوتکە پێویستمان بە جەستەیەکی بەھێز نیە، پێویستمان بەھەنگاوی یەکەمە، ئەگەر ئەو ھەنگاوە خۆشەویستی دروستی بکات، من ستایشی ئەو ھاورێ شاخەوانانەم دەکەم کەبونە ھۆکاری ھێنانەدی ئەو خەونە مەحالەی بۆھاورێ نابیناو کەم ئەندامەکانم ھەمبو.
 
 
 
شارا مستەفا، خاوەنی بیرۆکەی گەشتی شاخەوانی بۆ کەم ئەندامان لەکاتی گەشتەکە، وێنە: ئیبراهیم فەتاح
 
هاوکارانی شارا، هەریەکە لە ھیوا کۆیی، کەسەرپەرشتی گەشتەکەبوە لەگەڵ وگروپی شاخەوانی باواجی بون، ئەو خانمە خاوەن پێداویستی تایبەتانەی بەشداربون( یەک خانم لەسەر کورسی، دو نابیست، یەک ئۆتیزم، چەند خانمێکی نابینا).
 
 
هاجەر ئیسماعیل، وایدەبینێت ئەمە کرانەوەی دەرگایەک بوە کە چیدیکە کەم ئەندامان سڵنەکەنەوە لە ئەنجامدانی وەها گەشتێک.
 
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: هەمو کەئەندامێک ناتوانێت ئەوە بکات ئەو کەم ئەندامانەی لەگەڵمان بون رۆحی تەحەدایان هەبو، بەڵام مافی هەمو کەم ئەندامێکە چێژ لەوشتانەببینێن کە کەسانی دیکە چێژی لێدەبینن ئەرکی هەمو کەسێکیشە هاوکاری کەم ئەندامان بکەن.
 
 
 
”وەک دایکێکی رۆحی هۆگری کەم ئەندامانم“
 
 
 
لە کوردستان ئەمە یەکەم گەشتی شاخەوانیە کە خاوەن پێداویستی تایبەتی( کەمئەندامی جەستە، نابینا، نابیست) تێیدا بەشداربن.
 
 
گەشتی شاخەوانی کەم ئەندامان، شاخی هەیبەت سوڵتان، قەزای کۆیە، وێنە: ئیبراهیم فەتاح
 
”ئەمە یەکەم جارە لە جیهان گەشتێکی شاخەوانی لەو شێوەیە بکرێت، سوپاس وستایش بۆخوا ئەوھێزەی پێداوم بتوانم وەک دایکێکی روحی ھۆگری چین وتوێژی کەم ئەندام بەگشتی و نابینا بەتایبەت ببم وەها گەشتێکیان پێبکەم“. شارا مستەفا وادەڵێت
 
دوای گەشتێکی خەیاڵی پڕ لە جوانی سروشتی هەیبەت سوڵتان، خاوەن پێداویستیانی تایبەتی بەشدار لە گەشتەکە بەهاوکاری شاخەوانەکان گەڕانەوە، بەڵام ئەوان بۆ هەمیشە ئەم گەشتیان لە هزری خۆیان هێشتوەتەوە.
 
 
قەزای کۆیە، شاخی هەیبەت سوڵتان، گەشتی شاخەوانی بە بەشداری کەم ئەندامان. وێنە ئیبراهیم فەتاح
 
 

 

 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,329     ژمارەی میوان 199

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە