* نەوژین
ئەمرۆ لە نێو دادگای سلێمانیدا و لەسەروبەندی بەرێوەچونی دانیشتنێکی دادگادا، ئاڵۆزی دروستبو لەنێوان خێزانی سکاڵاکارێک و هێزە ئەمنیەکان دا و تیایدا ئەفسەرێک شەق لە ژنێک هەڵدەدات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و پۆلیسی سلێمانیش رایدەگەیەنێت ئەفسەرەکە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بڵاوکراوەتەوە، لە ئاڵۆزیەکی بەردەم هۆڵێکی دادگای سلێمانی دا، ئەفسەرێک بە شەق لە ژنێک دەدات.
بەهار مونزیر، چالاکی بواری ژنان، لە کاردانەوەی ئەم روداوەدا لەپەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: شکۆی مرۆڤ لە دادگادا دەشکێنرێت نەك تەنها لە نێو ماڵدا، لەسەر جادە، لە شوێنی کار، ناو حزب، میدیاکان، سۆشیالمیدیا و ناو کۆبونەوەکان شکۆی ژن دەشکێندرێت، لەبەر لاوازی پلەی کۆمەڵایەتی، یاسایی و ئابوریەکەی.
هاوکات لە دوای روداوەکە لە رونكردنهوهیهكدا بهڕێوبهرایهتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: ئەفسەرەکە راگیراوە و لیژنەی لەسەر پێکهێنراوە.
لە رونکردنەوەکەدا دەڵێت: لیژنهیهكی لێكۆڵینهوه لەسەر روداوەکە پێكهێنراوە و ئەو ئەفسەرەی کە شەقی لە ژنەکە هەڵداوە راگیراوە.
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: “داوای لێبوردن لەو هاوڵاتیانە دەکەم کە ئەم رەفتارە نەشیاوەیان بەرامبەر کراوە و دڵنیاشیان دەکەمەوە لە سزادانی سەرپێچیکاران.. داواشیان لێ دەکەم خۆیان سکاڵا لەسەر ئەو پۆلیسانە تۆمار بکەن”.
دادگایەکەی ئەمڕۆ کە ئاڵۆزی لێکەوتەوە، تایبەت بو بە دادگایکردنی یەکێک لە تۆمەتبارانی بکوژی (تارقی بەقاڵ) کە چوار ساڵ پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرا و دواتر کوژرا.