“عەلی باپیر بەبێ بونی 'عوزری یاسایی' ژنی سێیەمی هێناوە”

2022/06/01    976 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
عەلی باپیری سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بەبێ گوێدان بە یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم هاوسەرگیری کردەوە، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: بەبێ هیچ عوزرێکی یاسایی ئەو کارەی کردوە.
 
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، نزیکەی پێنج رۆژ لەمەوپێش، عەلی باپیر، تەمەن ٦١ساڵ، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، بۆ جاری سێیەم و لەگەڵ کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بەناوی (خەدیجە) هاوسەرگیری کردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کورستان هێنانی زیاتر لە ژنێک تەنها بە چەند مەرجێک نەبێت قەدەغەیە و عەلی باپیریش مەرجەکانی بەتەواوی تێدا نیە.
 
ئەم هاوسەرگیریەی عەلی باپیر کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە هەم بەپێی یاسا رێگە پێدراو نیە، هەمیش جیاوازی تەمەنیان زۆرە.
 
لەبارەی هاوسەرگیریەکەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، چۆمان هەردی، نوسەر و مامۆستای زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەڵێت: ئەم پێکەنینەت لە چیە مامۆستا؟ دڵت بەچی خۆشە؟ بەوەی کە چەند ساڵێکی تر دەمریت و ئەم ژنە گەنجە بە بێوەژنی بەجێدەهێڵیت تا ساڵەھا تەنھایی بچێژێت؟ بەوەی کە یاسای ئەم ھەرێمەت خستوەتە ژێر پێت و بێ ھیچ عوزرێکی یاسایی ژنی سێیەمت ھێناوە؟ بەوەی کە دینت کردوەتە ئامرازێک بۆ حەز و ئارەزوەکانی خۆت؟.
 
چۆمان هەردی، دەشڵێت: "شەرمەزار بن ئەو پیاوانەی کلتور و ئاین و یاسا بەکاردەھێنن بۆ بەرەو پێشبردنی دەستکەوت و خۆپەرستی و فەنتازیا ناشرینەکانیان".
 
 بەپێی ماددەی دوەم لە یاسای ژمارە ١٥ـی سالی ٢٠٠٨ـی پەرلەمانی کوردستان پیاو نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکە بکات مەگەر رێگەپێدانی دادوەری هەبێت.
 
دەقی یاساکە دەڵێت: "پیاوان بۆیان نیە ژنی دوەم بهێنن، تەنها مەگەر ژنەکە نەخۆشیەکی درێژخایەنی سەلمینراوی هەبێت کە رێگە لە کاری سەرجێی ژن و مێردایەتی بگرێت و ئومێدی چاکبونەوەی نەبێت، یاخود نەزۆک بێت".
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,338     ژمارەی میوان 838

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە