به‌هۆی ره‌وشی ژنانه‌وه‌ داوا دەکرێت حکومەت باری نائاسایی رابگەیەنێت

2022/04/23    446 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بەهۆی زیادبونى حاڵه‌ته‌كانى کوشتن و خۆکوشتنی ژنانه‌وه‌، ژنە نوسەرێک داوادەکات حکومەتی هەرێم باری کتوپڕی "طوارئ" رابگەیەنێت.
 
رۆژی پێنجشەمە (21ـى نیسان) ژنێکی تەمەن 35 ساڵ لە شاری هەولێر لەماڵی خۆیاندا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە به‌ چه‌قۆ كوژرا و وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ "سه‌ربڕاوه‌"، هاوکات هه‌مان رۆژ كچه‌ فێرخوازێكى ته‌مه‌ن 21 ساڵى په‌یمانگا، له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كى شاری هه‌ولێر خۆی هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌ و گیانى له‌ده‌ستدا. هەر لە هەمان رۆژدا تەرمی کچێکی تەمەن 20 ساڵ لە كه‌مپی "ده‌ركارێ"ـی تایبه‌ت به‌ ئاواره‌كانی شەنگال لە قەزای زاخۆ، بە هەڵواسراوی لە ژورەکەی خۆیدا دۆزرایەوە.
 
دەربارەی ئەم کوشتن و خۆکوشتنانەی ژنان و کچانی هەرێمی کوردستان، چۆمان هەردی، نوسەر و بەرێوبەری سەنتەری جێندەر لە زانکۆی ئەمریکی له‌ سلێمانى، لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "سڵاو لە حکومەتی خەوتو کە ژن بە هاوڵاتی نازانێت و نایپارێزێت".
 
ده‌شڵێت: دەبوایە لەدوای ئەم روداوانەوە حکومەت باری کتوپڕی راگەیاندبایه‌.
 
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان، 8 ژن خۆیان کوشتوە و 15 ژنیش لەلایەن هاوسەر و کەسوکاریانەوە کوژراون.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,127     ژمارەی میوان 722

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە