دایكی شنیار ئەنوەر: مەسرور بەرزانی داوای لێبوردن لە كچەكەم بكە

2021/12/11    580 جار بینراوە

* نەوژین

 

دوای ئەوەی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیانامەیەکیدا دەڵێت: "ئەو رۆژنامەنوسە ئەمریكیەی باسی كڕینی خانویەكی (١٨)ملیۆن دۆلاری كردبو پەیوەندی لەگەڵ ژنی پەرلەمانتارێكی كورد هەبوە". کەمەبەست لێی هاوژینی سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق بوە، لەبەرامبەردا دایكی شنیار ئەنوەر، دەڵێت:" مەسرور بەرزانی داوات لێدەكەم داوای لێبوردن لە كچەكەم بكە".

 

دوای ئەو بەیانامەیەی نوسینگەی مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەعسومە جەلیل، دایکی شنیار ئەنوەر، رونکردنەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا دەڵێت: هەرگیز وەکو کچە شەهیدێک بەخەیاڵیشمدا نەدەهات رۆژێک سەرۆکی ئەو حوکمەتەی بە خوێنی باوکی من و هەزاران شەهیدی تر هاتۆتە بەرهەم، دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ کچەکەم، کە کچەکەم تەنها تاوانی ئەوەیە حەق دەڵێت.

"شنیاری کچم بە ئەخلاقێکی باڵاوە پەروەردەم کردوە"

دایکی شنیار، دەشڵێت: شنیاری کچم بە ئەخلاقێکی باڵاوە پەروەردەم کردوە، خاوەن شکۆیەکی ئەوەندە بەرزە، کەس نەیتوانیوە پەنجەی بۆ رابکێشێت، ئەگەر بەخەبات بێت کچەکەی من باپیری سەرکردەیەک بوە وە شەهید بوە وەفەزلی زیاتری لە مەسرور بارزانی، بەسەر ئەم خاکەوە  هەیە، بەڵام ئێمە هەرگیز خوێنی باوکمان بۆ خۆبردنە پێشەوە بەکارنەهێناوە و ئەمە یەکەمجارە باسی ئەکەم

 

مەعسومە، ئاماژەبەوەشدەکات ماوەی چەند ساڵێکە لە میدیاکانەوە وە لەتۆڕە کۆمەڵایەییەکانەوە، بەتایبەتی میدیای پارتی، بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کچەکەی و دەڵێت: وەک بەشێک لە ئازادی رادەربڕین وەرمان گرتوەو هێچ هەڵوێستێکمان نەبوە، بەڵام کاتێک کورەزایەکی موستەفا بارزانی دەسەڵات و هێزی حوکمەتەکەی بەکاردەهێنێت بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کچەکەم و تۆمەتی ئەخلاقی بۆ هەڵدەبەستێت ئیتر ناتوانم بێدەنگ بم، چونکە ئەوەی مەسرور کردی بەعس پێی نەکردین

 

لە کۆتایی رونکردەوەکەیدا نوسیویەتی: ئێستا وەکو کچە شەهیدێک داوا لە مەسرور بەرزانی، دەکەم کە بەفەرمی داوای لێبوردن لە کچەکەم بکات، کە نەوەی شەهیدە، پاشان داوای لێبوردن لە هەمو خەڵکی کوردستان بکات ، چونکە ئەو هێرشە بۆ سەر شنیار نیە بەتەنیا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەرجەم ژنان و هەرتاکێک بیەوێت بە ئازادی بژی، وە ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنە  دەبێت دەستبەجێ  لەمیدیاکانیەوە دژی کچەکەم رابگرێت.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,076     ژمارەی میوان 593

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە