کچانی شانۆکار: ئێمە بە بێ پشتیوان بوینەتە قوربانی قسەی کۆمەڵگا

2021/10/20    972 جار بینراوە
 
* نەوژین – سارا فەرهاد، پەرواز ئەحمەد
 
"ئەگەر ئێمەی کچان بمانەوێت کارێک بکەین جا لە هەر بوارێک بێت دەبێت لە پێناویدا قوربانی بدەین، بۆ هونەر زیاتر لە هەر بوارێک قوربانی دەوێت". ئەمە قسەی خانمە شانۆکارێکی گەرمیانە کە ژنان لەم ناوچەیە بەشداری کەمینەی شانۆ و نواندنن.
 
لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ٦٥ کچە خوێندکار لە پەیمانگای هونەرجوانەکانی قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان بڕوانامەی ئەکادیمایان لە هونەری شانۆ و نواندنیان وەرگرتوە، بەڵام دەرکەوتنیان لەسەر تەختەی شانۆ نامۆیە و بەشێوەیەک لە پەنجەی یەک دەست تێپەڕناکەن.
 
فرمێسک زەینەڵ، شانۆکارو مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی قەزای کفری بۆ نەوژین وتی: ئێمە دەبێت بۆ ئەو کارەی کە بڕیاردەدەین بیکەین قوربانی بدەین، من بەردەوام روبەڕوی توانج دەبمەوە، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە دەست خۆشی و پشتگیریەکان زیاترن هەربۆیەش توانیومە تا ئێستا بەردەوامبم.
 
 
 
فرمێسک زەینەڵ، لە کاتی نواندنێکی شانۆیدا
 
"ژنان کە دێنە سەر تەختەی شانۆ ئەرکی روبەڕوبونەوەی کۆمەڵگاشیان دەکەوێتە ئەستۆ"
 
ئەو هۆکاری بەشداری ناکارای ژنان لە سەرتەختەی شانۆ لە گەرمیان دەبەستێتەوە بە بەوەی کە کارئاسانی زۆر کەمە و دەڵێت: "تا ئێستا هونەر لە وڵاتی ئێمە گرنگیەکی ئەوتۆی پێ نادرێت بۆیە ژنانیش بەشێکن لەوەو ئەرکی روبەڕوبونەوەی کۆمەڵگەشیان لەگەڵدا دەکەوێتە ئەستۆ".
 
ئەمە بۆچونی مریەم فەرهاد، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە ئەو دەڵێت: کۆمەڵگای ئێمە هۆکارە بۆ دەر نەکەوتنی ئافرەت دواتر هۆکارێکی تر ئەوەیە بەگشتی ئەو گەنجانەی ئەچنە پەیمانگەکان حەزیان لێ نیە، پاشان لایەنی ئابوری ژیانی پێپەیدا ناکرێت  بۆیە پەنا دەباتە بەر ئیشێکیکە".
 
مەریەم نایشارێتەوە کە خێزانەکەشی پاڵپشتی تەواوی ناکەن بە هۆی لێکەوتەی قسەی خەڵکی شارەکەی وتی: "زۆربەی خەڵک ئیهانەت ئەکەن بۆ هەڵبژاردنی بوارەکەو هانت دەدەن بۆ وازهێنان خێزانی خۆم بەشەخسی بۆ شانۆ بەپێی پێویست پشگیرمنین چونکە کاتێک کەسێک قسەیەک دەکات دەربارەی شانۆ داوام لێدەکەن کە وازبێنم، ئەوانەی شانۆکارن بەگشتی تەنها خۆیان پشتگیری خۆیانن".
 
 
مریەم فەرهاد، لەکاتی نواندنی شانۆیەکدا
 
"پاڵپشتی دارایی نیە بۆ کچان کەواتە چۆن شانۆ پێشکەشبکەن"
 
بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان ئاماژە بەوەدەکات بەهۆی نەبونی پشتیوانی دارایی رۆڵی کچان لە شانۆ ون بوە.
 
داود مەحەمەد بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی قەزای کفری، بۆ نەوژین وتی: "لە سەرەتای دامەزراندی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری لە ساڵی ٢٠٠٠ تاوەکو ٢٠٢٠  (٦٥) خوێندکاری کچ بڕوانامەیان بەدەست هێناوە.
 
ئەو هۆکاری نەبونی بەرهەم و کاری هونەری لەلایەن ئەو دەرچوانەوە گەڕاندەوە بۆ  نەبونی پاڵپشتی دارایی وتی: "کچانی شانۆکار و ئەکتەر لە گەرمیان پشتیوانی مادی و مەعنەوی ناکرێن بۆیە ناتوانن لە کاری شانۆ بەردەوام بن".
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,570     ژمارەی میوان 1025

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە