هەرێمی کوردستان: دوای (١٠) ساڵ کەمترین ئامارەی کوشتنی ژنان تۆماردەکرێت

2021/01/29    2134 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای دەساڵ بە (٢٥) حاڵەت کەمترین ژمارەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەشێوەیەک زۆرترین ‏حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، تۆمارکراوە کە (١٥) ژن لەو پارێزگایە کوژراون هاوکات ئیدارەی گەرمیانیش کەمترینە بە یەک حاڵەت.‏
 
 
 
 
بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، ئامارەکانی ساڵی رابردوی بڵاوکردوەو تێیدا هاتوە لە ساڵی ‏‏٢٠٢٠ لە هەرێمی کوردستان ٢٥ ژن کوژراون و ٣٨ ژن خۆیان کوشتوە لەگەڵ ٦٧ حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان.‏
 
لە ماوەی (١٠) ساڵدا زیاتر لە (٤٠٠) ژن کوژراون
 
 
لەماوەی ١٠ ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان (٢٠٥٧) ژن بە کوشتن و خۆکوشتن و سوتان کۆتایی بە ژیانیان هاتوە.‏
 
بەپێی ئامارە فەرمیەکانی بەڕێوبەرایەتیەکانی توندوتیژی لە هەرێم کە دەست نەوژین، کەوتوە کۆی گشتی ئامارەکانی ١٠ ساڵی رابردو بۆ حاڵەتەکانی کوشتن(٤٣٧) ‏حاڵەت ، خۆکوشتن(٥٥٩) حاڵەت ، خۆسوتاندن(١٠٦١) حاڵەتە.‏
 
 
 
 
بە گوێرەی ئەم ئامارانە ساڵی ٢٠٢٠ کەمترین حاڵەتی کوشتنی ژنانی تێدا تۆمارکراوە بە (٢٥) حاڵەت و زۆترین حاڵەتیش لە ساڵی ‏‏٢٠١٥ تۆمارکراوە بە (٥٥) حاڵەت لەگەڵ ئەوەشدا ئامارەکانی کوشتن بە پێی داتاکە لە دوای ساڵی ٢٠١٨ کەمبونەوەی بەخۆیەوە ‏بینیوە.‏
 
حاڵەتەکانی خۆسوتاندن و خۆکوشتنی ژنان بەهەمان شێوە کەمی کردوە بەشێوەیەک بەبەراورد بە ١٠ ساڵی رابردودا خۆسوتاندنی ژنان ‏بە شێوەیەکی بەرچاو لە ساڵی ٢٠٢٠ دا کەمی کردوە کە ٦٧ حاڵەت تۆمارکراوە، بەهەمان شێوەی کوشتنی ژنان ساڵی ٢٠١٥ زۆترین ‏حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان لە هەرێم تۆمارکراوە بە (١٢٥) حاڵەت.‏
‏ ‏
ئامارەکانی خۆکوشتن لە ساڵی ٢٠١٣ کەمترین حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە بە (٣٦) حاڵەت و هاوکات ساڵی ٢٠١٧ زۆترینە بە(٧٥) حاڵەت ‏ساڵی ٢٠٢٠ ئامارەکە بە بەراورد بە دەساڵی رابردو لە ئاستێکی ناوەند دایە بە (٣٨) حاڵەت‏
 
ئامارەکانی سکاڵا و توندوتیژی سێكسی
 
لە ساڵی رابردو ١٢٥ حاڵەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بۆسەر ژنان تۆمارکراوە بەشێوەیەک  ‏هەولێر(٥٢)، دهۆک(٢٦)، سلێمانی(٧)، گەرمیان(١٢) راپەڕین(٢٠) سۆران(٨) حاڵەت تۆمارکراوە. 
 
 
‏ ‏ 
 
هاوکات  ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێم (١٠٣٧٠) دەهەزارو سێسەدو حەفتا سکاڵا لە بەڕێوبەرایەتی و نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان تۆمارکراوە، بەمەش ئامارەکانی سکاڵاکردن بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ کەمیکردوە بەوپێیەی لە ساڵی ٢٠١٩ (١١٩٠٢) یانزە هەزارو نۆسەدو دو سکاڵا لەلایەن کچان و ژنانەوە تۆمارکرابون.
 
 
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,505     ژمارەی میوان 367

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە