"دو خوشکە" کوژراوەکەی چەمچەماڵ دایکیان دەرکەوت و چوار مامیان دەستگیرکران

2021/01/29    1203 جار بینراوە
 
* نەوژین، رێناس ساڵەح
 
ئێوارەی رۆژی ٩ ئەیلول دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی ٦ رۆژ لە گۆڕێكدا تەرمی دو خوشک بەکوژراوی لەگوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان، لەنزیك قەزای ‏چەمچەماڵ، دۆزرایەوە دوای چەند مانگێک لە روداوەکە دایکی کچەکان دەرکەوت و بە گریانەوە دەڵێت: ”ئەگەرچی جگەرم سوتاوە بەڵام ناتوانم سکاڵا ‏لەسەر باوکیان تۆماربکەم“. ئەو رێکخراوەشی چاودێری کەیسەکەدەکات ئاماژەبەوەدەکات ”ئەم دو خوشکە چونەتە شەڵتەر مەترسی مەرگ لەسەریان بوە ‏کەچی دارونەتەوە دەست بکوژەکە“. پۆلیس چوار کەسی تێوەگلاوی لەتاوانەکە دەستگیرکردوە.‏
 
هەڵهاتن لە ماڵەوە 
 
رۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠٢٠ ئاوارە فەقێ حەسیب (١٩ساڵ) و  هێلینی خوشكی كە (١٧) ساڵە، دەچنە نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان ‏لە قەزای چەمچەماڵ، و دەڵێن" مەترسیمان لەسەرە". ‏
 
هێمن حاجی علی، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەیی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتانی قەزای چەمچەماڵ، باسی لە هاتنیان کرد بۆ نوسینگەکەیان و بۆ ‏نەوژین وتی: ئەو دوخوشکە هاتنە نوسینگە وتیان باوکمان توندوتیژی بەرامبەر کردوین مەترسیمان لەسەرە سکاڵایان دژ بە باوکیان تۆمارکرد، دوای ‏ماوەیەک داوکاریان ‏کرد بەوەی بگەڕێنەوە بۆ لای باوکیان بەڵام ئێمە لەبەر پاراستنی ژیانیان لەگەڵ بەڕێز دادوەی لێکۆڵینەوە رێگریمان کرد لە ‏گەڕانەوەیان، جارێکیتر دوبارە ‏داواکاریان پێشکەشکرد بگەڕێنەوە لەبەر ئەوەی هەرداواکاریەک کە پێشکەش دەکرێت بە پێی پەیڕەوی دادگا دەبێت بە هەند ‏وەربگیرێت بۆ ئەوەی ئیشی ‏لەسەر بکرێت ئەوکات لەسەر داواکاری خۆیان و بەڵێننامەی باوکیان و پورێکیان گەڕانەوە لای کەس وکارەکەیان دواتر ئەو ‏روداوە گەورەی لێکەوتەوە.‏
 
لە رۆژی ١١ ئاب بەڵێنامەکە بۆ پارساتنی ئاوارەو هێلین واژۆکراوە.‏
 
 
هێلین و ئاوارە بۆ کوژران؟
 
 
ئاوارەو هێلین دایک وباوکیان ساڵی رابردو جیابونەتەوە ئەوان لەگەڵ باوکیان و خوشێک و برایەکیان دەژیان دوای ٢٥ رۆژ لە هاتنەدەرەوەیان لەشەڵتەر ‏بەفیشەک کۆتایی بە ژیانیان دەهێندرێت وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ”باوکیان فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە وەک بکوژی دوکچەکەی لەگەڵ برایەکی دو ‏خوشکەکە“. ‏
 
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلیمانی بۆ نەوژین وتی: چوار کەس وەک تۆمەتبار لە دۆسیەی کوشتنی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکراون ‏کە مامی کچەکانن بەڵام بکەری سەرەکی تاوانەکە باوکی کچەکانە دەستگیرنەکراوە و شوێن بزرە بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە هاوسنورە لەگەڵ شارەکانی ‏خواروی عێراق تاوانباران بە ئاسانی هەڵدێن.‏
 
لە بەرامبەردا بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی شۆخان ئەحمەد، لە بارەی دەەستگیرنەکردنی بکوژەکانەوە دوای نزیکەی چوارمانگ بۆ نەوژین، وتی: ‏‏”باوک و براکەیان هەر لەشارەکانی نزیک چەمچەماڵ دەژین رەنگە هاتوچۆش بکەن ئێمە پەیوەندیمان کردوە بە زۆر لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدارەوە کە ‏ئەوانیش لەگەڵمان بن بۆ دۆزینەوە ئەو کەسانە بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە“.‏
 
‏”دوای دەستکەوتنی زانیاری دەرکەوت مامەکانیشیان بەشداربون لە شاردنەوەی تەرمی کچەکان پاش دەستگیرکردنیان دانیانبەوەداناوە دوای کوشتنی ‏کچەکانی فەقی حەسیب، پەیوەندی پێوەکردون وتویەتی وەرن بیشارینەوە“. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمە دەڵێت.‏
 
بە پێی راپۆرتی تیمەکانی بەڵگەی تاوان لە پارێزگای سلێمانی شوێنەواری فیشەک بە جەستەی ئاوارەو هێلینەوەبوە یەكێكیان فیشەك بەسەریەوەبوە و ‏ئەوی تریان بە جەستەیەوەیە.‏
 
 
گوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان، لەنزیك قەزای ‏چەمچەماڵ، ئەو گۆڕەی ئاوارەو هێلینی بە کوژراوی تێدا دۆزرایەوە وێنە: هێمن ئەحمەد
 
فەقێ حەسیبی باوكیان، دو ژنی هێناوە و لە هەردوكیان جیابۆتەوە، بە وتەی کەس وکاری کچەکان منداڵەکانی زۆر بێدەنگ بون هەرگیز کارێکی خراپیان ‏لێنەبینیون، بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارە ماوەتەوە فەقێ حەسیبی، باوكیان کەئاخۆ بۆچی کوشتونی؟ تاوەکو کاتی دەستگیرکردنی و دانان بە تاوانەکەیدا ‏ئەم پرسیارە بێ وەڵام دەمێنێتەوە.‏
 
ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو ئێستا بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاروبونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتان، ‏بەفەرمی بڵاوی نەکردوەتەوە ئەوەشی کەهەیە لە سەر ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکەیان بەشی زۆری مانگەکان خانەکانی بە بەتاڵی ماوەتەوە دەوترێت لە باری ‏پێداچونەوەیە تەنها مانگی دیسەمبەر ئامارەکانی بەگشتی تێدایەو لەو مانگەدا لە هەریم ٢٥ ژن کوژراون.‏
 
هاوکات بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە ماوەی ساڵی (٢٠١٠ بۆ ساڵی ٢٠١٩) کە ماوەی دەساڵ دەکات (٤٦٤) ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
 
 
هەڕەشەو فشار دایکیان بێدەنگ دەکات
 
 
دایکیان بەردەوام دەگیرێت لە باردۆخێکی سەختدایە ئەو ژیانێکی دیکەی پێکهێناوە لەو کۆمەڵگەیەشی کە تێدا دەژێت بارودۆخ بۆ ژنان زۆر سەختە.‏
 
‏”دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆرتوانیمان دایکی کچەکان بدۆزینەوە ئامادەی بکەین لە بنکەی پۆلیس لەوێ ئیفادەی خۆیدا ئێمە وەک پارێزەرانی رێکخراو بۆ ‏دایکەکەمان رونکردەوە کە کارئاسانی بۆ دەکەین، بەڵام بەداخەوە لەژێرفشارو هەڕەشەیەکی زۆردا لەبەر ئەوەی ئەم چۆتە ژیانێکی ترەوە ئامادە نەبو ‏سکاڵابکات لەسەر ئەو کەسەی کە کچەکانی کوشتوە بەردەوام دەگریا لە باردۆخێکی زۆر سەختدابو“. شۆخان ئەحمەد، بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری ‏یاسایی، بۆ نەوژین ئەمەی وت.‏
 
وتیشی: ”لەوکاتەی دایکەکە سکاڵا تۆمارناکات ئێمە ناتوانین ببین بە پارێزەری کەسی بۆ دۆسیەکەو بچینە دۆسیەکەوە، بەدایکیانمان وت هەركاتێک ‏پەشیمان بویەوە ویسی هەر زانیاریەیەک بدات ئێمە دەتوانین هاوکاری بکەین بەڵام لە رێگەی داوکاری گشتی چەمچەماڵەوە لەسەر خەتین کە زۆر هاوکارە ‏لەم دۆسیەیە بەبەردەوامی چاودێری ئەو دۆسیەیەدەکەین لەناو بنکەی پۆلیس، دواکاری گشتی ،دادگا“.‏
 
ئەگەر دایکەکە سکاڵابکات ئەو کات سکاڵاکارێک لەناو دۆسیەکەدا دەبێت واتە کەسێک ئەبێت بە سکاڵاکار لەناو دۆسیەکە ئەوکات پارێزەر بۆ دۆسیەکە ‏داندەنرێت دەتوانێت بەڵگەی زیاترو زانیاری زیاتر کۆبکاتەوە لەسەر تاوانبارەکان بەڵام سکاڵاکەر نەبێت تەنها داواکاری گشتی داوەکە دەجوڵێنیت.
 
شۆخان ئەحمەد، دەڵێت: بەمهۆیەوە دۆسیەکە کەمو کورتی دەبێت لە زانیاریەکان و خاویەکی پێوەدیارە پرۆسەکە ئەوکات تاوانبارەکان بە ئاسانی هەڵدێن ‏دۆسیەکە بە ئاسانی دوادەخرێت یان دادەخرێت بۆیە بونی سکاڵاکار زۆر گرنگە.‏
 
‏”کوشتنی ئاوارەو هێڵین پێمان دەڵێت دەبێت یاساو رینمایەکان بگۆڕدرێن“‏
 
 
لە ساڵی ٢٠٢٠ چوار روداوی کاریگەری کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران کە قوربانیەکان پێش کوژرانیان بۆ پاراستنی ‏گیانیان رویان کردبوە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان، یەکێک لە روداوەکان کوژرانی ئەم دو خوشکەی قەزای چەمچەماڵ بون.‏
 
‏”لە هەر ڕوداوێک کە رودەدات دەبێت حەزەربکەین و بەخۆماندا بچینەوەو ئەبدەیتی ئیش و کارەکانمان بکەین، بەڵام ئێمە بە پێی ‏یاسایەک کارەکەین، کە ‏یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیەی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ یە، ئەم یاسایە دەستمانی ‏بەستوە ‏رادەستکردنەوەی کەیسەکان میکانیزمێکی هەیەڵەیە هەڵەیە ناکرێت بەرامبەر بەڵێنامەیەک کە هیچ قوەیەکی قانونی نیە کەیسێکی ‏خەتەر بەنمونە ‏ئەوەی ئەو دوخوشکە دەدەیتەوە دەست باوکەکەی دەبێت بیر لەرێگە چارەسەی دیکە بکەینەوە“. ئەمە قسەکانی هێمن ‏حاجی علی، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لە قەزای چەمچەماڵە.‏
 
لەبارەی ریگای دیکەوە شۆخان ئەحمەد وتی: ”لە کۆبونەوەکەیەکی راوێژکاریدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠  بڕیاردرا رێنمایەکانی چونەدەروەی ژنان لە ‏شەڵەتەرەکان بگۆڕدرێت و توندبکریتەوە چونکە زۆرجار دادوەرەکە بە تەلەفۆن بڕیار دەدات بە چونە دەرەوەی ژنەکە بۆیە دەبێت لیژنەیەک لە سەنتەری ‏راوێژکاری خێزانی راپۆرتێکی تێروپڕ بنوسێت ئەوکاتە حاکم بڕیاربدات ئەم ژنە دەچێتەدەرەوە یاخود نا دواتریش پێویستە بەدواداچون هەبێت بۆ کەیسەکان ‏کە لە شەڵتەر دەچنە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە تاچەند ژیانیان پارێزراوە“.‏
 
ئەو ئافرەتانەی رودەکەنە شەڵتەرەکانی داڵدان ئەگەر تەمەنیان سەروی ١٨ ساڵ بێت بە پێی داواکاری خۆیان دادوەر رەزامەندی دەدات بە گەڕانەوە لەو ‏کاتەشدا کەسێک بەشێوەیەکی رەمزی دەبێتە کەفیل بۆ پارستنی ژیانی.‏
 
لە بەرامبەردا تاڤگە فەیزوڵلا، بەڕێوبەری ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکرا لە شاری هەولێر بەنەوژینی راگەیاند: کە هیچ نوسراوێکی لەو شێوەیە تاوەکو ‏ئێستا نەگەشتۆتە دەستی ئەوان بۆ ئەوەی رێکارەکان گۆڕانکاری تێیدا بکرێت.‏
 
مەراسیمی ماڵئاوی ‏
 
 
ئەگەرچی لە چاڵێکدا بە بێنازی و تەرمەکانیان دۆزرانەوە، بەڵام لەکاتی بەخاسپاردنی ئاوەرەو هێلین بەرپرسانی شارەکەیان بەشداردەبن و لە مەرسیمێکدا ‏بەڕیزەوە بەرو دوامەنزڵگەیان بردن و بەخاکیان سپاردن.
 
 
قەزای ‏چەمچەماڵ، مەراسیمی ناشتنی "ئاوارە و هێلین" وێنە: داستان مارف
 
لە مەراسیمی ناشتنیان رمك رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمجەماڵ رایگەیاند”ئێمە بوین بە برا، مام، خاڵ و خزم و کەسی هێلین و ئاوارەو ئەمڕۆ ‏لەگەڵیانین بۆ ماڵئاوایی“.
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,355,897     ژمارەی میوان 868

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە