لە بەر نەزڕاندنی ناوی زانکۆ کەیسەکانی گێچەڵی سێکسی پەردەپۆش دەکرێن

2021/01/14    1416 جار بینراوە

 

* نەوژین، زریان محەمەد

بەهۆی گێچەڵپێکردنی سێکسیەوە کچە خوێندکارێک، توشی ناجێگیری باری دەرونی دەبێت و دەڵێت ”من رۆشتمە زانکۆ بۆئەوەی بگەم بەخەونەکەم بەڵام ئەوەی چاوەڕێم نەدەکرد بەرۆکی گرتم“. مامۆستایەکی زانکۆش جەخت لەبونی گێچەڵ و هەراسانی سێکسی لە ناوەندەکانی زانکۆ دەکاتەوە و باسلەوەدەکات چەندین کەیسی هاوشێوەمان لەلایە، پۆلیسش دەڵێت تاونبارانی سکاڵالێکراو سزایی یاسایان وەرگرتوە.

توندوتیژی سێکسی خۆی دەبینێتەوە لە دەستدرێژی و گێچەڵ و هەراسانی سێكسی شیرین، ناوی خوازراوی کچێکی قوربانی ئەم جۆرە توندوتیژیەیە دانیشتوی قەزای کەلارەو کاتێک فێرخوازی زانکۆبوە لە زانکۆی گەرمیان، پێش دوساڵ ئەم توندوتیژیەی روبەڕوبۆتەوە.

(شیرین)، بۆ نەوژین، وتی: کاتێک کە رۆشتمە زانکۆ خەونم ئەوەبو لە ریزبەندی یەکەمەکانی بەشەکەم بم،  درێژە بە خوێندنی ئاستی بەرزبدەم، بەڵام لەلایەن هەندێ لە مامۆستاکانمەوە گێچەڵی سێکسیم پێکرا، بەوەش هەمو شتێک بۆمن گۆڕا.

شیرین نایەوێت ئەو رۆژانەی بیربێتەوە دەڵێت: هەوڵدەدەم هیچ شتێکی ئەو رۆژانەم بیرنەمێنیت تەنانەت مامۆستاکانم لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە گێچەڵیان پێدەگرتم توشی شۆک بوبوم، دوای ئەو روداوانە باردۆخم زۆرخراپ بو دەستم بەوەرگرتنی چارەسەری دەرونی کرد، تەمەنا دەکەم باجی هەمو ئەو کردەوانە وەربگرنەوە".

”توندوتیژی سێکسی کاریگەری دەرونی لەسەر قوربانیەکە جێدەهێڵێت“

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە گێچەڵ پێکردن بە کچان لە ناوکایەکانی پەروەردە کاریگەری دەرونی قورسیان لەسەر بەجێدەهێڵێت.

هێرۆ حەسەن، توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ نەوژین وتی: "گێچەڵی سێکسی پرسێکە لە کۆمەڵگەی خۆماندا بەردەوامە و بوە بە دیاردە رێژەکەش روی لە هەڵکشان کردوە، تەنانەت بە جۆرێکە لە شوێنەکانی پەروەردە و فێرکردنیش رەنگی داوەتەوە و رۆژانە گوێبیستی چەندین چیرۆکی توندوتیژی سێکسی لە نێو پەیمانگا و زانکۆکان دەبین".

وتیشی: ئەم جۆرە توندوتیژیە کە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت کاریگەری دەرونی قورس لەسەر دەرونی قوربانیەکە جێدەهێڵێت، بە جۆرێک دەبێتە هۆی ترس و باوەڕبەخۆنەبون و شەرم و دڵەڕاوکێ و گرێی دەرونی، وە هەندێک جار قوربانیەکە وای لێدێت توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی دەبێت.

”بە پاساوی ئەوەی ناوی زانکۆ نەزڕێت رێگری لەکچێک دەکرێت راستیەکان بدرکێنێت“

مامۆستایەکی زانکۆ ئەوە پشت راست دەکاتەوە کە لە نێو زانکۆی گەرمیان گێچەڵ پێکردن بە فێرخوازان بونی هەیە، وەک خۆی دەڵێت"چەندین کەیسم لایە".

عەلی کەریم، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، بۆ نەوژین وتی: "گێچەڵ کردن بە کچان لە ناو زانکۆی گەرمیان لەلایەن مامۆستایانەوە بونی هەیە بە جۆرێک خودی خۆم چەندین نمونەم لایە کە پەنایان بۆ هێناوم".

وتیشی: "ئەم بابەتەم بەبەش و راگری زانکۆش گەیاندوە، تەنانەت یەکێک لەو کچانەی کە گێچەڵی پێکراوە دەیوت دێمە بەردەم راگر و دەی سەلمێنم کە گێچەڵم پێکراوە، بەڵام هیچ نەکراوە بە پاساوی ئەوەی کە ناوی زانکۆ دەزڕێت".

”سزاکانی توندوتیژی سێکسی لە ٢٤ کاتژمێرە دەست پێدەکات تاوەکو حوکمی لەسێدارەدان“

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بۆ ئەمساڵ ٢٩ سکاڵا تۆمار کراوە لەسەر توندوتیژی سێکسی و ٩ سکاڵایان گێچەڵ پێکردن بوە، بەبێ ئاماژەدان بەوەی کە لە نێو چ چینێک سکاڵاکان تۆمار کراوە.

عەلی جەمال، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، سەبارەت بە ئامارەکانی گێچەڵی سێکسی بۆ ئەمساڵ بۆ نەوژین وتی: ئێمە دوجۆر کەیسمان هەیە وەک دەست درێژی سێکسی کە ١٥ حاڵەتمان هەبوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابێت و گێچەڵی سێکسیش بۆ ئەمساڵ ٩ حاڵەتمان هەبوە لەگەڵ ئەوەش کەیسی وامان هەبوە ئەو کەسەی گێچەڵی پێکراوە و ئاگاداربوین بەڵام سکاڵای تۆمار نەکردوە نەمان توانیوە هیچ شتێک بکەین.

کەمی هۆشیاری لە بارەی یاساکانەوە و تۆمارنەکردنی سکاڵا بەردەوامیداوە بە توندوتیژیەکان 

لەیلا ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژەی بەوەکردو وتی: نەبونی هۆشیاری لە بارەی یاساکان و تۆمارنەکردنی سکاڵا بە بیانوی جۆراوجۆر وای کردوە تاوانباران سزا نەدرین و حاڵەتەکان رولە هەڵکشان بکەن.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە بارەی ئەوانەی سکاڵایان لە دژ تۆمارکراوە دەڵێت: ئەو ئەو کەسانەی سکاڵایان دژ تۆمارکراوە، سزاکانی ئەم تاوانە لە ٢٤ کاتژمێرە دەست پێدەکات تاوەکو حوکمی لەسێدارەدان.

سزاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەوباریەوە

”بۆ ناوەندەکانی زانکۆ، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەر مامۆستایەک گێچەڵی سێکسی بە فێرخوازەکەی بکات سزادەدرێت، بە جۆرێک لە سزای ئاگادارکردنەوە و سەرنج راکێشانەوە دەست پێدەکات تاوەکو سزای فەسڵ کردن. علی کەریم، وادەڵێت

باسیلەوەشکرد، سزای قورس نیە، ئەگەر هەبوایەوە بەو شێوەیە نەدەبو ئەوەی هەیە تەنها گواستنەوەی مامۆستایانە ئەویش بە تەنسیب.

لە بەرامبەردا فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان سەبارەت بە گێچەڵی سێکسی بە فێرخوازان لە نێو زانکۆی گەرمیان ئامادە نەبو لە بارەی ئەم پرسەوە لێدوان بدات وتی: بۆ ماوەی چەند مانگێکە دەست بەکار بوم لە ماوەکانی رابردو دوربوم لە زانکۆ و ئاگاداری ئەم بابەتە نیم

”کە زانیم مامۆستاکەم گێچەڵم پێدەگرێت هەڕەشەم لێکرد“

هەندێک لە کچان روبەڕوی ئەو کەسانە دەبنەوە کە گێچەڵیان پێدەکەن و بەر بەو توندوتیژیە دەگرن کە بەرامبەریان دەکرێت، یەکێک لەو نمونانە سروەیە.

سروە، ناوی خوازراوی کچێکە کە لە نێو زانکۆی گەرمیان خوێندنی تەواو کردوە، وەک خۆی باسی دەکات لە لایەن یەکێک لە مامۆستاکانیەوە گێچەڵی سێکسی پێکراوە، بۆ(نەوژین) وتی: لە لایەن مامۆستایەکمەوە گێچەڵی سێکسیم پێکرا بە جۆرێک بە ناوی راپۆرت و وانەکانمەوە بانگی دەکردم بۆ بەش، بێ ئاگا بوم بە مەبەست بانگم دەکات و دەیەوێ لێم نزیک بێتەوە.

وتیشی: بەتێپەڕبونی کات و رەفتارەکانی بەرامبەرم تێگەشتم لەوەی کە گێچەڵم پێدەکات، بەڵام من خۆمم دورخستەوە و بێدەنگ بوم، بەوەشەوە نەوەستا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە بێزاری دەکردم، منیش پێم وت کە چیتر پەیوەندی بە منەوە نەکات ئەگەر نا بە خێزانەکەم دەڵێم دوای ئەوە وازی هێنا.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,768     ژمارەی میوان 367

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە