* نەوژین، پەرژین کامەران
"پێی وتم ئەگەر رازی نەبیت سێکسم لەگەڵ بکەیەت ئابڕوت دەبەم وێنەکانت بڵاودەکەمەوە، منیش بڕیاریمدا خۆم بکوژم، شه‌وێك پێش جێبەجێکردنی بڕیاری خۆکوشتنم پەیوەندیم بەخزمێکی پارێزەرمەوە کرد، داوام لێ‌كرد به یاسا دوای مردنم تۆڵەم بکاتەوە". ئەمە چیرۆکی یەکێک لە قوربانیانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە، بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنانیش دەڵێت: چه‌ندین کەیسی هاوشێوەمان هەبوە کە هەوڵی خۆکوژیان داوە، دواتر كه ئێمه لێکۆڵینەوەمان تێدا كردوه كێشەكە چارەسەر کراوە.
سۆما، ناوی خوازراوی کچێکی تەمەنی ٢٣ ساڵی گه‌نم ره‌نگی گەرمیانە، خوێندکاری زانکۆیە، یه‌كێكه له قوربانیانی خراپ به‌كارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان. ساڵی رابردو ئەو رۆژانەی تێدا بەسەربردوە کە بڕیاری کۆتایی هینانی ژینای خۆیدا بەڵام لە پڕ هەموشتێک بۆ ئەو دەگۆڕێت.
”سەرەتای پەیوەندیکەمان لە تۆری کۆمەڵایەتی بە خۆشەویستی دەستی پێ‌کرد“
سۆما، بۆ نەوژین دەستی بە گێرانەوەی چیرۆکەکەی کرد‌و وتی: لەگەڵ كوڕێكی هاوتەمەنی خۆم له‌شارێكی دیكەی کوردستان بەهۆی تۆڕێکی کۆمەڵایەتیەوە بوین بە هاوڕێ، پاش ناسین وگۆڕینەوەی بیروڕا، ئێمە بەردەوام بوین لەگفتوگۆ تا كارگەیشتە پەیوەندی سۆزداری و ناردنی وێنەی تایبەت.
"سەرەتا بەدڵخۆشی پەیوەندیەکە دەستی پێ‌کرد، بەڵام لە پڕ توشی شۆک بوم کاتێک پێی وتم من هاوسەرگیریت لەگەڵ ناکەم و ئەگەر رازیش نەبیت بە پەیوەندی سێکسی لەگەڵم ئەوا وێنەکانت بڵاودەکەمەوە".
سۆما لە کاتی گێرانەوەیدا فرمێسک لە چاوەکانی قەتیس مابون بە قوڕگی پڕ گریانەوە وتی: هیچ ئومێدێکم نەما دوای ئەو قسەیەو بڕیاریم دا کۆتایی بە ژیانی خۆم بهێنم.
”کاتێک بڕیاری خۆکوشتم دا پەیوەندیم بە پارێزەرێکەوە کرد“
دوای ئەوە سۆما کاتێک دیاری دەکات بۆ کۆتای هینان بە ژیانی و شەوێک پێش ئەو وادەیە پەیوەندی بە خزمێکیانەوە دەکات کە پیشەی پارێزەرو ناوی (شوانە) "داوام لێ‌كرد به یاسا دوای مردنم تۆڵەم بکاتەوە، به‌ڵام ئەو داوای مۆڵەتی لێکردم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەم، ئەوە بو پەیوەندی بەو کوڕەوە کردکە هەڕەشەی لێکردبوم، پێی وتبو بە یاسا راپێچی زیندات دەکەم چونکە بەهۆی تۆوە کچێک هەوڵی خۆکوشتن دەدات، ئەویش بەڵێنی پێدابو کە هەرگیز کاری وا دوبارە نەکاتەوە".
” قوربانیەکان ئەگەر سکاڵابکەن کەیسەکانیان لە بەرژەوەندی ئەوان دەبێت“
هەروەک گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان ئاماژەی پێدەکات بەهۆی هەڕەشەوە کچان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە بەڵام لە کۆتایدا قوربانیەکان توانیوایانە لە بەرژەوەندی خۆیان کەیسەکە کۆتای پێبهێنن.
فریاد هیدایەت، بۆ نەوژین وتی: تا ئێستا چه‌ند حاڵەتێكی هەوڵی خۆکوژی هەبوە، به‌شێك له‌وانه پێمان زانیون ده‌ستبه‌جێ لێکۆڵینەوەمان تێدا كردوه کە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە روبەڕوی هەڕەشەبونەتەوە.
ده‌شڵێت :قوربانیەکان زۆر جار وایان زانیوە هیچ دەرفەتێکی چارەسەر نییە تەنیا خۆکوشتن نەبێت، دواتر كه ئێمه لێکۆڵینەوەمان تێدا كردوه كێشەكە چارەسەر کراوە و له به‌رژه‌وه‌ندیی قوربانییه‌كه شكاوه‌ته‌وه.
ئەمە لەکاتێکدایە هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە قوربانیانی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان نیە.
هۆکاری کەمی سکاڵا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
"لە ترسی لەئاشکرابونیان لەلای خێزانه‌كانیان، وای کردوە ژنان لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە سکاڵا نەکەن و په‌نا نه‌به‌نه به‌ر ئێمه، و ڕێگەی یاسای نەگرنەبەر". فریاد هیدایت وادەڵیت.
پارێزەرێكیش دەڵێت قوربانیەکان دەتوانن وابکەن بە سزای یاسایی کۆتایی بەم حاڵەتانە بهێنن.
پارێزەر نەشاد عومەر، وتی: لەم کێشانەدا ئافرەتان بەڕادەیەکی کەم پەنا بۆ دادگا دەبەن، ئەو حاڵەتانەشی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە کەسەکان حوکم دراون، بەڵام ئەو ڕێژەیەی ئەبنە قوربانی و پەنا بۆدادگا دەبەن دڵخۆشکەر نییە.
وتیشی: قوربانیەکان دەتوانن وابکەن كه‌سانی هه‌ڕه‌شه‌كار به ئازادی نه‌سوڕێنه‌وه، چونكه ئه‌و كه‌سانه كاریان هه‌ڕه‌شه‌كردنه له ژنان و كچان دوای ئه‌وه‌ی متمانه‌یان به‌ده‌ست ده‌هێنن.
”یاسای خراپ بە کارهێنای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان“
یاسای ژماره 6ی ساڵی 2008ی تایبه‌ت به قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییكردن له‌هه‌رێمی كوردستان، چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شاره‌زایانی یاسا باسلەوەدەکەن ئەم یاسایە پێویستی به‌گۆڕانكاریی زیاتره له‌پێناو رێگریكردن له خراپ به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییكردن.
پارێزەر نەشاد عومەر علی، لە لێدوانەکەیدا بۆ نەوژین وتی: ئەو تاوانانەی ڕودەدەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سزای لەسەرە، به‌پێی مادەی(دوەم و سێیەم) یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییكردن، سزاکەشی زیندان کردنە لە (٣مانگ تا٥ساڵ)، یان غەرامە کردنی لە (٧٥٠هەزارەوە تا ٥ملیۆن) دینار، لەگەڵ ڕەچاو کردنی دەسەڵاتی دادوەر کە بۆخۆی دەسەڵاتی هەیە لەو سزادانە".
سۆما ئێستا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنێت؟
پاش چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی، (سۆما) هێشتا به‌كارهێنه‌ری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە به‌ڵام به‌ئاگایی زیاتره‌وه به‌كاریده‌هێنێت.
سۆما دەڵێت: "پێویسته هه‌مو كه‌سێك كه ده‌بێته قوربانی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و راستییه بزانێت كه له‌گه‌ڵ هه‌مو نه‌هامه‌تییه‌كاندا ده‌رگای زۆر بۆ ئومێد و گه‌شبینی ده‌مێنێته‌وه و پێویسته كه‌سانی نزیكی خۆیان له بابه‌ته‌كه ئاگەداربکەنەوە، نابێت ترس له‌وه هه‌بێت كه كێشه‌كه باس بكرێت".