خەمی ژنان بۆ سلێمانی لەنێوان دو بیرکردنەوە گەشت و گوزاری ئاینی یان رەتکردنەوەی

2021/01/01    1267 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
سلیمانی دەبێتە خەمی ژنان و بەسەر دوبەردا دابەش دەبن، یەکیان خەمی گەشتو گوازر و لایەنی ئابوری شارەکە لە کۆڵ دەنێت و ئەوانی دیکەش خەمی کلتوری رۆشنبیریانە نایانەوێت ئەو ئەقیدەیە پەرەی پێبدرێت دەڵێن "ئەم بیرکردنەوەیە سەد هەنگاو سلێمانی دەباتە دواوە".
 
ئەم مشتومڕەش دوای سەردانی ژمارەیەک لە ژنان بۆ تەکیەی کەسنەزانی و بینی نەهرۆ شێخ محەمەد، کە تێیدا ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم دەردەکەوێت، لە گرتە ڤیدۆیەکدا قسەدەکات کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێوەیەک لە بەیانامەیەکدا(١١٦)، ژنە چالاکوان و نوسەر و هونەرمەند و مامۆستای زانکۆ وراگەیاندکار لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەڵێن: ”نابۆ بە نەجەف و کەربەلاکردنی سلێمانی“. ئەمەل جەلالیش دەڵێت”ئەو ڤیدیۆیە بڵاکراوەتەوە تەواوی قسەکانی من نیە، لەگەڵ ئەوەشدا بیروباوەڕم جیاوازە لە کارکردنم“.
 
 
سلێمانی، تەکیەی تەریقەتی کەسنەزانی، ئەمەل جەلال، و ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و ئەکادیمی لەگەڵ شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، ٢٠٢٠ وێنە: سۆشیاڵ میدیا 
 
لە بەیانامەکەدا کە وێنەیەکی بۆ نەوژین نێردراوە ئەو (١١٦)، ژنە رایانگەیاندوە:  لە ٢٣ی مانگی دیسێمبەری ٢٠٢٠، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار و کۆمەڵێک ژنی هاوحیزبی، سەردانی نەهرۆ کەسنەزانیان کرد و داوایان لێکرد کە گڵکۆی باوکی ببێتە شوێنی گەشتیاران و ساڵانە دە بۆ  بیست  ڕۆژ تەرخان بکرێت بۆ ڕەدوکەوتوانی تەریقەت بێنە سلێمانی، و ئەم شارە هاوشێوەی نەجەف و کەربەلای لێ بکرێت.
 
 
”قسەکانم لێیبڕابو من نەموتوە با سلێمانی ببێتە نەجەف و کەربەلا“
 
لە بەرامبەر ئەمانەدا ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار لە هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین دەڵێت: ”ئەو قسانەی من لە چوار چێوەی میوانداریەکی ئاسایی بو لەلایەن بەرێز (شێخ نەهرۆ)و تەکیەی کەسنەزانی، نەوەک من بەڵکو چەندین کەسایەتی سیاسی و کەسانی ئەکادیمی لە کوردستان وعێراق میوانداری کرابون، لە چوار چێوەی قسەکانم باسی گەشتو گوزارمکرد کە چۆن وابکەین گەشت و گوزاری ئاینی پێشبخەین (هیندستان سعودیە باشوری عێراق و تورکیاو ئوردن) بە نمونە هینایەوە کە چۆن سودیان بینیوە“
 
دەشڵێت: قسەکردنم بەنمونە بو من نەم وتوە با سلێمانی ببێتە کەربەلا و نەجەف،  وتومە چۆن شیعە سودی لە ئەربەعیە بینیەوە ئێمەش با  سود لە گەشتوگوزاری ئاینی ببینین بە مەرسیمی ساڵانە، بەڵام بەشێکی قسەکانم بڵاوکرابوەیەوە، ئەوەشم وت تەنها گرنگی بە تەریقەتی کەسنەزانی نەدات بەڵکو باسی لالشم کرد کە تاکە مەعبەدی ئێزیدیەکانە لەسەرتاسەری دونیا، بەڵام ئەوە تەنها کوردە نەیتوانیە ئەو شوێنانەی ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان مەراسیمی تێیدا بکرێت و مۆزەخانەو ئوتێل و چێشتانەی هەبێت، کوردستان سومبلی پێکەوە ژیانی ئاینەکانە.
 
”چۆن دەکرێت ژنێک لەسەر دۆزی ژن هەژمارکراو پێشنیارێکی لەو شێوەیە بکات“
 
هەر لە بەیانەکدا ئاماژەبەوەکراوە: ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە، چۆن ژنێک کە پێشتر لەسەر دۆزی ژن  هەژمارکراو بو، بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک، ئەم پێشنیارە دەکات، دەکرێت پێمان بڵێت؛ نەجەف و کەربەلا لە ڕوی ئازادی تاک و ژنان و کرانەوەی کۆمەڵایەتی و کولتوریەوە لە چ ئاستێکدان، تاوەکو ئەو  پێشنیاری لەجۆرە  بۆ شاری سلێمانی بکات؟ ئایا حیزبەکەی سیاسەتی گۆڕیوە لە ڕۆشنبیرییەوە بۆ تەریقەتخوازی و زەرگ لەخۆدان؟ کامە جیهانبینی جێندەری و کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی، لە پشت ئەم پێشنیارەوە وەستاوە؟! 
 
هەر لە ناوەڕۆکی بەیانامەکەدا ئەوەشیان وتوە: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئەم جۆرە ژنانە دەبنە بار بەسەر دۆزی ژنەوە، خەونی پلە و پایە و سامان کۆکردنەوە زاڵە بەسەر هەمو خەونێکی تریاندا. ئەمانە بێجگە لە موچەی گەورە و خانەنشینی و شوقە و سەیارە و ئیمتیازاتێکی زۆر لەسەر سامانی گشتی وڵات، لەولاشەوە بەردەوامن لە قایمکردنی پایەکانی نێرسالاری و کۆنەپارێزی و کولتوری خێڵەکی لە کوردستاندا.  
 
” وەک و ژنێک بیروباوەڕی کەسیم جیاوازە لە بەرپرسیاریەتیەکەم “
 
ئەمەل جەلال، لە بارەی ئەو رەخنانەی لەم روەوەلێیگیراوە دەڵێت: من ژنێکی ئازادم وە ژنێکی بوێریشم وەک و ژنێک بیروباوەڕی کەسیم جیاوازە لە بەرپرسیاریەتیەکەم، من سەرۆکی دەزگایەکم کە گەشت و گوزارە پێویست دەکات بەم شێوە رەفتاربکەم من دەستی هەمو کەسێک ماچ دەکەم کە کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە و ژیانی و قوتی هاوڵاتیەکانی ئەم نیشتیمانە دابیندەکات دەستی هەمو کەسێک ماچدەکەم کە رێز لە بەهاو کلتور و ئاین و ئاینزانەکانی کوردستان دەگرێت و سەردانیدەکات دەمەوێت من گرنگی بە ژێرخانی ئابوری کوردستان بدەم.
 
رەخنەی هەیە لەوانەی کورت بین بیردەکەنەوە و گرنگی بە پلانی دورمەودانادەن و دەڵێت: هەمو تەمەنم لەناوکۆمەڵگەی مەدەنی بوە سەدان دەورەم لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوە بینەوە لەسەر چۆنیەتی گەشەکردن چۆنیەتی پێکەوە ژیان و چۆنیەتی کارکردن بۆ ستراتیژیەکی دور مەودا بەڵام بەداخەوە ئەوەنە کورت بینن ئەوانەی بەناوەی ئازادیەوە قسەدەکەن تەنها بەرپێی خۆیان دەبینن دەیانەوێت لە رێگای لێدان لە ستراتیژیەتی ئێمە لێدان لە کەسایەتیەکان خۆیان بکەنە پاڵەوانی شاشەکان بەڵام ئەوە زۆر کورتە رۆژگار دەیسەلمێنێت کێ تەنها قسەی کردەو کێ خزمەت.
 
 
دریژەی  وەڵامەکانی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم، لە بارەی ئەم پرسەوە لەم لینکە بخوێنەوە.
 
دەقی بەیانامەکەی  چالاکوانانی ژنان لەم لینکە بەردەستە
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,355,903     ژمارەی میوان 874

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە