دۆسیەی ئەو ژنەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دا کوژرا بەچی گەشت؟

2020/12/26    831 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
کاتژمێر (09:50) خولەکی رێکەوتی (١١/٩/٢٠٢٠) لە شەقامی مەلیک مەحمود، ژنێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دەکوژرێت. دوای نزیکەی دومانگ لە کوشتنی هیچ کەسێک وەک ئەنجامدەری ئەو تاوانە دەستگیرنەکراوە. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ”هەمو بەڵگەکانی کوشتنی (شۆخان عارف) مان رەوانەی دادگاکردوە“. لەهەمان رۆژدا کە شۆخان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژرێت گەنجێکیش لە ئاوی دەریاچە دوکان کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت ئەم دۆسیەش لەناو بەڵگەکانی پۆلیسدایە لە بارەی کوشتنەکەیەوە.
 
 
سلێمانی،شەقامی مەلیک مەحمود، شوێنی روداوەکە  ئۆتۆمبێلەکەی شۆخان عارف، تێیدا دەردەکەوێت لە دوای کوشتنەکەی(١١/٩/٢٠٢٠).
 
شۆخان عارف، تەمەن ٣٦ ساڵ فەرمانبەری دادنوسی یەکی سلێمانی بوە، خاوەنی دو منداڵە، لە شەوی روداوەکە (شیلان عارف)ی خوشکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئەوان سکاڵایان لە هیچ کەسێک نیە و دەیانەوێت یاسا کاری خۆی بکات لە دۆسیەکە.
 
”هیچ کەسێک وەک تۆمەتبار دەستگیر نەکراوە“
 
ئەم روداوە تەم و مژ ماوەتەوە ئاخۆ پەیوەندی هەبوە بە روداوی خۆکوشتنی گەنجێک لە هەمان رۆژ لە دەریاچە دوکان یاخود نا؟ پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت”هیچ کەسێک وەک تۆمەت بار دەستگیر نەکراوە“.
  
لەهەمان رۆژی کوشتنی شۆخان تەرمی كوڕێك له‌ ئاوی دەریاچەی دوکان دۆزرایەوە کە لەنێو دەریاچەکە گولەیەکی نابو بەسەری خۆیەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدابو.
 
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە نەوژینی رایگەیاند: تەواوی بەڵگەکانی کوشتنی شۆخان عارف لەگەڵ بەڵگەکانی دیکەی پەیوەندی دار بە خۆکوشتنی ئەو گەنجەمان خستوەتە بەردەم دادوەر چاوەڕێی وەڵامی ئەوین بۆ ئەوەی دەست بە رێکارەکانی دیکە بکەین،  لەبەر ئەوەی دادوەر بڕیاری لەسەر دەدات کە  ئەو بڵێت پەیوەندیداربون بەیەکەوە  ئەوکات دەبێت بە یەک دۆسیە.
 
لە بارەی دەسگیرکردنی تۆمەتبار یان کەسانێک کە دەستیان لە تاوەنەکدا هەبوبێت وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی: هیچ کەسێک وەک تۆمەتبار دەسگیرنەکراوە.
  
ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە سلیمانی ئاشکرا ناکرێت
 
بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان مانگانە ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتن وخۆکوشتنی ژنان لە کوردستان بڵاودەکاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا بەجیا ئاماری پارێزگاکان و ئیدارەکان رادەگەیەنێت بۆ ئەمساڵ لە ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە خشتی ئامارەکەدا خانەکانی پارێزگای سلێمانی بەبەتاڵی ماونەتەوە.
بۆ وەرگتنی ئامارەکان نەوژین پەیوەندی بە بەشی ئاماری پۆلیسی سلێمانیەوە کرد بەڵام بەهۆی ئەوەی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو مارانە پێوستیان بە رەزامەندیە نەتوانرا ئامارەکە ئاشکرابکرێت.
 
”بە کوشتنی شۆخان دو منداڵ بێ دایک بون“
 
هەر ئەوکات شیلان عارف، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا لە بارەی ئەوەی پێشوتر هیچ کێشەیەکیان هەبوە یاخود هەڕەشەیان لێکراوە وتی: ئەوکاتەی برایەکی بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی بوە چەند جارێک هەرەشەی لێکراوە و تەقەیان لێکردوە ئەوەش ئەکات پەیوەندی بە کارەکەیەوە هەبوەو ئێستا لەو پۆستە نەماوە.
وتیشی: شۆخان لە دوای خۆی دو منداڵی تەمەن ١١ ساڵ و ١٢ی بە جێهێشتوە ساڵی ٢٠١٣ لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە.
 

شۆخان عارف، لەگەڵ دایکی و شیلان عارفی خوشکی وێنە: هەژماری شۆخان عارف، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,365     ژمارەی میوان 226

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە