ئەمەل جەلال وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە

2020/12/25    836 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
 
سەردانی ژمارەیەک لە ژنان بۆ تەکیەی کەسنەزانی و بینی نەهرۆ شێخ محەمەد، کە تێیدا ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم دەردەکەوێت، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا بەشێوەیەک چالاکوانێکی ژن دەڵێت”قسەکانی خاتو ئەمەل گەڕانەوەیە بۆ سەدەیەک پێش ئێستا، ئەمە داکۆکیکردنەکەی بو لە مافی ژن و ئازادی؟“. ئەمەل جەلالیش دەڵێت”ئەو ڤیدیۆیە بڵاکراوەتەوە تەواوی قسەکانی من نیە، لەگەڵ ئەوەشدا بیروباوەڕم جیاوازە لە کارکردنم، دەشپرسێت ئەوانەی باسی ئازادی دەکەن ئەوە ئازادی بو ئەو ناوزڕاندن وسوکایەتیەی بە من و هاوڕێکانم کردیان؟!“.
 
 
 
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە بڵاوکراوەتەوە خاتو ئەمەل جەلال، دەردەکەوێت و دەڵێت: وەكو چۆن كەربەلاو نەجەف وەكو مەرجەعێك بۆ شیعەكانە خەڵكی سەردانیان دەكات،  گرنگیەکی ئاینی و ئابوری هەیە کە مەرقەدی شێخی كەسنەزانی مەراسیمی ساڵانە 15 بۆ 20 رۆژەی هەبێت وەكو ئەربەعینیە“.
 
 
 
سەرنجی چالاکوانانی ژنان
 
 
 
 بەشێکی هەڵاو توانجەکان لەسەر ئەو گرتە ڤیدۆیەو ئەو قسانەی تێیدا دەکرێت چالاکوانانی ژنان بون دیارترینیان.
 
نوسەرو چالاکوان هۆزان مەحمود، نوسیویەتی: ”خێروبەرەکەتی شیعە و نەجەف و کەربەلا چیە بۆ خەڵک تا تەکیەی کەسنەزانی هەیبێت؟ خاتو ئەمەل و هاوکارانت لە حیزبی سۆشیال دیموکرات_خێڵەکی، ئەمە چ داهێنانێکە دەیکەن؟ “ 
 
پەیمان عزەدین، چالاکوانی مەدەنی و مافەکانی ژنان دەڵێت: ”مامە شێخ ئەستێرەی بەختی لە بەرزیە، بە موبارەکەی ژنانی یەکسانیخواز“.
 
هەروەک دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوانی مافەکانی ژنان نوسیویەتی: ”ئاساییە سەردانیکردن بۆ لای هەر لایەنێک، بەڵام ئەوەی شۆکی کردم قسەکانی خاتو (ئەمەل جەلال) بو! چونکە داوای گەڕانەوەی دەکرد بۆ سەدەیەک پێش ئێستا،  لەکاتێکدا ئێمە کار لەسەر کەمکردنەوەی شێوازی توندوتیژی ئاینی دەکەین و دەمانەوێت ڕێگربین و نەهێڵێن ئەو توندوتیژییە سەرهەڵداتەوە“. دەشپرسێت: ئایا مەبەستی بازرگانی کردنە؟ ئەگەر بازرگانی کردن، سودەکەی بۆ کێ؟! ئەی لێکەوتەکانی زیندوکردنەوەی ئەم  معتقداتە چی ئەبێ؟!“
 
 
 
”بە تەواوی قسەکانم پیشانەدرا من باسی تەواوی شوێنە ئاینیەکانی کوردستانم کردوە“
 
 
 
لە بەرامبەر ئەمانەدا ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار لە هەرێم بەنەوژینی راگەیاند ”ئەو قسانەی من لە چوار چێوەی میوانداریەکی ئاسایی بو لەلایەن بەرێز (شێخ نەهرۆ)و تەکیەی کەسنەزانی، نەوەک من بەڵکو چەندین کەسایەتی سیاسی و کەسانی ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆ لە کوردستان وعێراق میوانداری کرابون، بۆ دوشت یەکترناسین و گۆڕینەوەی زانیاری، من بە دورو درێژی قسەم لەسەر ئەم باردۆخە ئابوریەی بەسەر کوردستاندا هاتوە کرد، لە چوار چێوەی قسەکانم باسی گەشتو گوزارمکرد کە چۆن وابکەین گەشت و گوزاری ئاینی پێشبخەین (هیندستان سعودیە باشوری عێراق و تورکیاو ئوردن) بە نمونە هینایەوە کە چۆن سودیان بینیوە“
 
 
 
دەشڵێت: قسەکردنم بەنمونە بو من نەم وتوە با سلێمانی ببێتە کەربەلا و نەجەف،  وتومە چۆن شیعە سودی لە ئەربەعیە بینیەوە ئێمەش با  سود لە گەشتوگوزاری ئاینی ببینین بە مەرسیمی ساڵانە، ئەوەشم وت تەنها گرنگی بە تەریقەتی کەسنەزانی نەدات بەڵکو باسی لالشم کرد کە تاکە مەعبەدی ئێزیدیەکانە لەسەرتاسەری دونیا، بەڵام ئەوە تەنها کوردە نەیتوانیە ئەو شوێنانەی ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان مەراسیمی تێیدا بکرێت و مۆزەخانەو ئوتێل و چێشتانەی هەبێت مەبەستم لە هەمو ئاینەکان بوە کاکەی، مەسیحی، جو. کوردستان سومبلی پێکەوە ژیانی ئاینەکانە، بەڵام بەشێکی قسەکانم بڵاوکرابوەیەوە.
 
 
 
” وەک و ژنێک بیروباوەڕی کەسیم جیاوازە لە بەرپرسیاریەتیەکەم “
 
 
 
یەکێک لەو رەخنانەی بەزەقی لە سەرنجەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر ڤیدۆکە نوسراوە باسکردنە لەبیری ئازادو یەکسانی خوازی ژنان کە بۆچی کەسێک کە بانگەشەی ئەوەی کردوە ئێستا بانگەشەی شتێکی دیکە دەکات؟
 
ئەمەل جەلال، وتی: من ژنێکی ئازادم وە ژنێکی بوێریشم وەک و ژنێک بیروباوەڕی کەسیم جیاوازە لە بەرپرسیاریەتیەکەم، من سەرۆکی دەزگایەکم کە گەشت و گوزارە پێویست دەکات بەم شێوە رەفتاربکەم من دەستی هەمو کەسێک ماچ دەکەم کە کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە و ژیانی و قوتی هاوڵاتیەکانی ئەم نیشتیمانە دابیندەکات دەستی هەمو کەسێک ماچدەکەم کە رێز لە بەهاو کلتور و ئاین و ئاینزانەکانی کوردستان دەگرێت و سەردانیدەکات دەمەوێت من گرنگی بە ژێرخانی ئابوری کوردستان بدەم.
 
 
 
سلێمانی، تەکیەی تەریقەتی کەسنەزانی، ئەمەل جەلال، و ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و ئەکادیمی لەگەڵ شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، ٢٠٢٠ وێنە: سۆشیاڵ میدیا 
 
ئەمەل جەلال، رەخنەی هەیە لەوانەی کورت بین بیردەکەنەوە و گرنگی بە پلانی دورمەودانادەن و دەڵێت: هەمو تەمەنم لەناوکۆمەڵگەی مەدەنی بوە سەدان دەورەم لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوە بینەوە لەسەر چۆنیەتی گەشەکردن چۆنیەتی پێکەوە ژیان و چۆنیەتی کارکردن بۆ ستراتیژیەکی دور مەودا بەڵام بەداخەوە ئەوەنە کورت بینن ئەوانەی بەناوەی ئازادیەوە قسەدەکەن تەنها بەرپێی خۆیان دەبینن دەیانەوێت لە رێگای لێدان لە ستراتیژیەتی ئێمە لێدان لە کەسایەتیەکان خۆیان بکەنە پاڵەوانی شاشەکان بەڵام ئەوە زۆر کورتە رۆژگار دەیسەلمێنێت کێ تەنها قسەی کردەو کێ خزمەت.
 
 
”ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیا ناوزڕاندن و سوکایەتیان کرد ئەوە ئازادی بو؟!“
 
 
لە بارەی کاردانەوەکان لە سۆشیاڵ میدیا لەسەر قسەکانی سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم دەڵێت:ئەوانەی قسەیان کردوە لە سۆشیاڵ میدیا ئەوە ئازادی بو ئەو ناوزڕاندن و بێڕێزی کردنە بەرامبەر من و هاوڕیکانم کردیان؟ ئەوە مەودای ئازادیەکەیان بو؟! ئازدی ئەوەیە من ئازادبم چۆن بیردەکەمەوە چۆن مومارەسەی ئازادیەکانم دەکەم لەبەرامبەریشدا ئازادی بەبەرامبەرەکەم بدەم تەریقەتی قادری و کەسنەزای سەدان شوێنکەوتوی هەیە لە وڵاتانی هیندستان تورکیا ئێران لە عێراق ئوردن لە وڵاتانی ئەروپاش باشە بۆ دەبێت من رێگربم لە مومارەسەکردنی دینی خۆیان.
 
لە بارەی ئەو رەخنەشی کە ئەو لە ناو حزبێکی سۆشیاڵ دیموکراتەو نابێت بیرکردنەوەی لەو شێوەیەی هەبێت وتی:  من یەکێکم لەو کەسانەی لە ناو حزبێکی سۆشیال دیموکرات پەروەردەبوم جەنابی مام جەلال هەمیشە رێنوێنی ئەوەی کردوین کە دەبێت مەساحەی ئاینەکان و بیروڕای جیاوازیەکان ئازدی ئاینەکان ئازادی بیرکردنەوە جیاوازەکانبەیەکەوە وەک یەک دەستەبەربکەین.
 
 
 
 
”پلانێکی ستراتیژیمان هەیە بۆ پێشخستنی گەشت و گوزاری ئاینی“
 
 
دەستەی گەشت و گوزار لە رێگەی پلانێکی ستراتیژیەوە کار بۆ گەشت و گوزاری ئاینی و شوێنەوار و سروشتی کوردستان دەکات
 
ئەمەل جەلال لەبارەی ئەمەوە وتی: سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان کردوە دوامان لێکردوە هاوکارمان بێت لە پێشخستنی گەشت وگوزاری ئاینی، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و نوێنەری هەمو ئاینەکان قسەمان کردوە کە رێبەری گەشتیاری ئامادەبکەین بەوەش گرنگی بە دامەزراندن و دەرفەتیی کار بۆ کچان و کوڕانی دەرچوانی گەشت و گوزار برەخسێندرێت لەگەڵ خوێندنی باڵا کۆبونەوەمان کردوە پلانمان داناوە کە چۆن کەرتی فێرکاری لە بواری گەشت وگوزار پێشبخەین.
 
 
یەکێک لەو سەرنجانەی لە سۆشیاڵ میدیا نوسراوە لەسەر قسەکانی ئەمەل جەلال، ئەوەیە ”کوردستان ئەو سروشتەی هەیەتی شایەنی ئەوەنیە بکرێتە شوێنی گەشتیاری مەزارگەی ئاینی نەبێت؟“
 
 
 
لە وەڵامدا ئەمەل جەلال، ئاماژەی بەوەکرد، لە ستراتیژی کارەکانیان هەمو شوێنەواری گەشتو گوزار سەیرانگا مەزارگەی دینی و ئاسەوارە مێژویەکان دەکە شوێنی گەشتیاری وتیشی: بەنمونە شاخەکانی (هەڵگورد، قەندیل، پیرەمەگرون، سەفین)، ئەمانە لە پلانماندایە چۆن وابکەین گرنگیان پێبدرێت سەراتا پلانمان هەیە رێگەی هاتوچۆی گونجاویان بۆ دابینکەین  لە شوێنێک پێویستمان بە قادرمەیە لە شێنێک بە تولە رێگایە لە شوێنێک پێویستمان بە رێگاو بانی قیرە وەک دەیبین لە وڵاتانی کۆریا و یابان ئەوە کراوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکان بۆ ئەوە قسەمان کردوە.
 
 
”دەبێت کورد تێبگات شتی خۆی بەکەم نەبینێت و ستراتیژیانە مامەڵەی لەگەڵ بکات“
 
 
 
ئەمەل جەلال، باسلەوەدەکات دەبێت کورد گرنگی بە مێژوی خۆی بدات و رێزی بگرێت بۆ ئەوەی بۆ لایەنی دیکەش سودیی لێببینیت و دەڵێت: دەبو کورد لەمە تێبگات کە شێخ عبدولقادری گەیلانی کە سەدان خەڵک لە بەغدا دەچێت بۆ مەزارەکەی و سەردانی دەکات کوردە، هەردو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی دو مێژون کە خاوەنەکەی کوردە دەبو ئێمە باشتر خوێندنەوەمان بۆ ئەمە بکردایە، لە تورکیا کاتی خۆی سەرۆکێکی علمانی تەکیەی کردوەوە بۆ شێخ عوسمانی بیارە، ئوردن تەکیەی کردۆتەوە بۆ شێخ محمەدی کەسنەزانی، لە هندستان زیاتر لە ١٥ هەزار ئاین و نەوتەوەی جیاواز دەژین پێکەوە وڵاتی سعودیە لەسەر فەریزەی حەج داهاتی دوساڵی خۆی دابین دەکات.
 
 
 وتیشی: من تێناگەم بۆچی کورد تەنها بە زیانی خۆی کارەکانی ئەنجام دەدات بۆ ئێمە کارنەکەین بە زانستی گەشتیار رابکێشین بە بەرنامە بە پرۆژە بە ستراتیژ وابکەین کوردستان زیاتر دەرگاکەی ئاوەڵابێت و زیاتر بیناسێنین.
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,109     ژمارەی میوان 715

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە