* نەوژین، لەیلا ئەحمەد
تانیا، هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک ده‌كات كه لە دەرەوەی وڵات دەژێت، كه‌چى دواى 2 ساڵ چاوه‌ڕوانى، بۆی ده‌ركه‌وتوه كوڕه‌كه فێڵی لێكردوه و فریوی داوه و نه‌یویستوه بیباته ده‌ره‌وه. پارێزەرێکیش ئاماژە بەوهدەکات ژنان لەم جۆرە هاوسەرگیریە قوربانی زۆریان داوە، بەڕێوبەرایەتیەکی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیش جەختدەکاتەوە ئەم کەیسانە ساڵانە دوبارە دەبێتەوە.
(تانیا)ی تەمەن 38 ساڵ، دانیشتوی قەزای کەلارە لە گەرمیان، یەکێکە لەو ژنانەی کە دەڵێت بومەتە قوربانی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک کە لە دەروەی وڵات دەژێت. بۆ نەوژین قسەی کرد و وتی: خزمێكى نزیكى خۆمان كه‌له ئه‌وروپا دەژیا هاته خوازبێنیم و بڕیارى هاوسه‌رگیریم دا، دواى سێ رۆژ لهگواستنهوهم ئاڵتونهكانمى به‌زۆر فرۆشت، ئه‌وه‌نده په‌له‌ى لێكردم له‌ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته ماره‌بڕین و گواستنه‌وه‌مان ئه‌نجام دا‌و له‌ماڵى باوكى داینام و دواتر گه‌ڕایه‌وه ئه‌وروپا، چونكه وتى ئیقامه‌ت بۆ ده‌رئه‌كه‌م له‌ئه‌وروپا پێكه‌وه ده‌ژین.
تانیا، بەردەوام بو لە قسەکردن و وتی: ئه‌و دو ساڵه هاوسه‌رگیریمان كردوه ئەو لە ئەوروپایە منیش لێرە تەنانەت خەرجیشم نادات، بیستومانە لەوێ ژن و مناڵی ئەوروپی هەیە، هه‌ر په‌یوه‌ندی ده‌كرد و ده‌یوت كارم نیه و ناتوانم بتبه‌م بۆ ئه‌وروپا، وتم قه‌ینا بێره‌وه له‌كوردستان ده‌ژین، کەچی ره‌تیكرده‌وه.
”ژنان بەهۆی ناشارەزاییان لە یاسا مافەکانیان بەدەستناهێنن“
پارێزه‌ر، به‌ناز ئه‌حمه‌د، لە بارەی ئەم کەیسانەوە بۆ (نه‌وژین) وتى: ئەگەر بێت‌و پیاوێك ژنه‌كه‌ى جێبهێڵێت و خه‌رجى و نهفهقەى نه‌دات، ژنەکە لە دادگا دەتوانێت داوای جیابونەوە بکات.
هێمای بەوەشکرد: زۆربه‌ى ئه‌و ئافره‌تانه‌ى بۆ جیابونه‌وه دێنه دادگا، هیچ زانیارێكى یاساییان نیه و هه‌ر ماف و سزایه‌كیان به‌ر بكه‌وێت پێی رازیین، زۆرجار مافیان پێشێل ده‌كرێت.
تانیا دەڵێت: هاوسەرەکەم دواى شه‌ش مانگ وتى: خه‌ریكى مامه‌ڵه‌ى ناسنامه‌م و هه‌مو شتێكت بۆم وه‌رگێڕه سه‌رزمانى ئینگلیزى و خولى فێربونى زمانى ئینگلیزی بكه‌وه، بڕیارهكانیم جێبه‌جێكرد، كه‌چی بیانوی زۆربو و سه‌رقاڵى ئه‌كردم، پار مانگى 10 گه‌ڕایه‌وه كوردستان وتى ئه‌چین بۆ سه‌فه‌ر له‌توركیا لەوێ شه‌ڕێكى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ كردم، زۆر دەترسام له‌حه‌وت ته‌به‌قه‌ى شوقه‌كه فڕێم باته خواره‌وه.
بە قسەی تانیا هاوسەرەکەی لە تورکیا بە تەنها جێی دەهێڵێت "زمانم نەدەزانی و شارەزای ئەو وڵاتە نەبوم، به‌ته‌نها كوردێك یارمه‌تیدام له‌فڕۆكه‌خانه كاره‌كانى تهواوكردم و گه‌ڕامه‌وه، ئیتر تێگه‌یشتم نایه‌وێت له‌گه‌ڵم بژێت، دواتر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌خۆم و خێزانه‌كه‌م کرد، ماوەی ساڵێکە شكاتم لێیکردوە".
محه‌مه‌د، هاوسه‌رى تانیایه و لە وڵاتی بریتانیا دەژێت، بۆ (نه‌وژین) باس له‌وه‌ده‌كات هه‌وڵیداوە به كۆمه‌ڵایه‌تى كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵام ئەو دەڵێت: تانیا و ماڵه‌باوانى ره‌تیان كرده‌وه و داواى جیابونه‌وه‌یان كرد و سكاڵایان لێكردوم، بۆیه منیش بڕیارى جیابونه‌وه‌م دا.
دەشڵێت: پێشتر لە گەڵ ژنێکی ئەوروپی هاوسەرگیرم کردوە و مناڵمان هەیە، بەڵام جیابومەتەوە و ناتوانم مناڵەکانم جێبهێڵم و بگەڕێمەوە کوردستان.
”ساڵانە ئەم جۆرە کەیسانە دوبارە دەبنەوە“
ئەم گرفتە ساڵانە لە نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاسایەکی تایبەت بەم پرسە نیە و لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگابونەوەی توندوتیژی خێزانی جێگەی نەکراوەتەوە، بە پێی یاسای باری کەسێتی مامەڵەی لە گەڵ دا دەکرێت.
فریاد هیدایەت، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌ت و خێزان له‌گه‌رمیان، بۆ نەوژین وتی: یاسایه‌كى تایبه‌تمان نیه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و گرفته‌كانی ئەم هاوسەرگیریانە کە لە ژن و مێردەکە لە دو وڵاتی جیاوازن، بۆیه له‌كوردستان له‌دادگاى به‌رایی به‌پێی یاسای بارى كه‌سیه‌تى كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ئه‌كرێت.
وتیشی: كه‌یسمان هه‌بوه كه‌له‌م بواره دابوه پیاوه‌كه له‌ئه‌وروپا ژیاوه و كچه‌كه‌ش لێره بوه، شكاتى كردوه كه نهیدهگواستهوهو كێشه‌یان بوه، به‌ڵام ناردومانەتە دادگای باری کەسێتی لە بەر ئەوەی ئەو کەیسانە تایبەتن بەو دادگایە، لەوێشەوە داوا له‌وه‌زاره‌تى داد ده‌كه‌ن له رێگەی كونسوڵیهتهوه ده‌توانن په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌و پیاوه‌وه كه‌ژنه‌كه‌ى جێهێشتوه بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
”ناشه‌رعیه بێ ناسین و دیراسه‌كردنی ژیانی کەسی بەرامبەر کچان هاوسەرگیری بکەن“
”ئه‌م كرده‌وه‌یه وەکو دیارده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى لێهاتوه بەشێکی ئەو کچانەی هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌ى ئه‌وروپا ده‌كه‌ن كۆتاییه‌كه‌ى كێشه‌و جیابونه‌وه‌یه، پێویسته دایك و باوكان به‌ئاسانى كچه‌كانیان ڕاده‌ستى پیاوێك نه‌كه‌ن له‌وڵاتێكى دوره ده‌ست بەبێ ئه‌وه‌ى بزانن كار‌و ڕه‌فتارى چۆنە“. سه‌باح محه‌مه‌د، مامۆستاى ئاینی واى وت.
ئه‌و كه به‌ڕێوبه‌رى گشتى ئه‌وقافی گه‌رمیانیشه، بۆ نه‌وژین ئاماژەی بەوەشکرد: پێویسته لەوجۆرە هاوسەرگیریانە ماوه‌یه‌ك بهمارهبڕاوى بمێننه‌وه گه‌ر پێكه‌وه نه‌گونجان جیاببنه‌وه.
وتیشی: ناشه‌رعیه بێ ناسین و دیراسه‌كردنى ژیان، ئەوانەی لە ئەوروپا دەژین خێزانەکان کچی خۆیانیان پێبدەن، چونكه زۆریان ژنى تریان هه‌یه.