مۆتەکەی ژنان بۆ بەشداری لە خۆپیشاندان(رێگری خێزان، کوشتنی خۆپیشاندەران، هەڕەشەی ئەلیکترۆنی)

2020/12/16    804 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی هەفتەی رابردو لە هەرێمی کوردستان، ژنان بە رێژەیەکی کەم بینران بە بەراورد بە رەگەزی بەرامبەریان ئەگەرچی لە هەریەکە لە شارەکانی سلیمانی و  هەڵەبجەو دەربەندیخان بەشداربون، بەڵام لە کۆی قەزاو ناحیەکانی دیکە نەبینران، چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت: هێشتا پیاوێک بڕیار دەدات ژنێک بچێتە خۆپیشاندان یاخود نا. 
 
ژنان دەبێت پرس بکەن بۆ بەشداری خۆپیشاندان
 
”کۆمەڵگەی کوردی کومەڵگەیەکی پیاو سالاری بوە،  ژنانی ئێمە لە رابردودا  چاویان لە دەمی باوک و براکانیان و نێرەکانی کۆمەڵگەبوە تاکو بریار لەسەر ژیان و خواستەکانیان بدەن، ئەم ئەقلیەتە کاڵبوتەوە بەڵام کاریگەری هەرماوە“ شەیدا موعتەسم،چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمە رایەیی هەیە.
 
هەروەک خەیاڵ حەسەن، دەڵێت: بۆ ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیاربو ژنان لە کەلار ئەنجامی بدەن بەشێکیان خێزانەکانیان رێگربون لەوەی بەشداری بکەن.
 
شەیدا موعتەسم، هۆکاری رێگری لە ژنان لەم جۆرە خۆپیشاندانانە لەلایەن خێزانەکانەوە بەستەوە بەوەی کە پێیان وایە لەو چالاکیانەی کە ئالۆزی لێدەکەویتەوە ترسی ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن،  دەستدریژی بۆ سەر ژنان هەیە بۆیە رێگری دەکەن.
 
سەرچاوەی ئەم بیروباوەڕەشی گەڕاندەوە بۆ ئەزمونی پیشوەختە کە  زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون ئەشکەنجە دراون یان روبەڕوی هەرەشە  بونەتەوە، وتیشی: حزبەکانی دەسەڵات کە وینای دیموکراسی دەکەن هەمیشە و بێ جیاوازی لە هەوڵی کپکردنی  دەنگە ئازادەکانن.
 
هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنیەکان 
 
بڕیاربو بەرواری ١٠ دیسەمبەر ژنان لە بەردەم قوتابخانەی لیلاقاسم لە ناوسەنتەری شاری کەلار بەجیا گردبونەوە سازبکەن، بەڵام ئەنجام نەدرا.
 
”کە گەشتمە شوێنی دیاریکراو بینیم هەردو دیوی رێگاکە بەهێزی دەمامکدارو تەنراوە ئەم دیمەنە چاوەڕوان نەکرابو بۆمن چونکە ئێمە خۆپیشاندانێکی هێمنانەمان راگەیاندبو وەک ژنانی کەلار، بوە پرسیارلام بۆچی ئەم هێزە کۆکراونەتەوە؟ پێم وابێت ژنەکانی دیکەش کە هاتبون هەر بەوهۆیە نەوەستاون کە ئەم دیمەنەیان بینیەوە“. ئەمە قسەکانی خەیاڵ حەسەنە، بۆ نەوژین کە یەکێکە لەو خانمانەی خودی خۆی لەو کاتەی دیاریکرابو بۆخۆپیشاندانەکە دەچێتە ئەو شوێنە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە هیچ هەڵوێستێکی رەسمیان لەبارەی ئەنجام نەدانی خۆپیشاندانەکە رانەگەیاند.
 
 
وێنە: خۆپیشاندەرێک لە ناو دوکەڵی گازی فرمێسک رێژی هێزە ئەمنیەکان لە شاری سلێمانی (١٢/١٢/٢٠٢٠)،  فۆتۆگرافەر/ رێباز مەجید
 
لە ماوەی هەفتەیەکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە هەرێمی کوردستان ٨ کەس شەهیدکراون لە نیوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان بە پێی ئامارە نافەرمیەکانیش نزیکەی ١٢٠ کەس برینداربون لەگەڵ سوتاندنی ١٥٠ بارەگاو بینای دەزگا حکومەیەکان. 
 
 
هەڕەشەو ترساندن لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە
 
دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ژنان و  کچانی قەزای کەلار پلانی خۆپیشاندان دادەنێن چەند کەسێکیان کەبانگەشەی خۆپیشاندانەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاودەکەنەوە روبەڕەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی دەبنەوە.
 
خەیاڵ حەسەن، بۆ نەوژین هێمای بەوەکرد، یەکێک لەو نامانەی کە بۆ هاوڕێکانی هاتوە تێیدا نوسراوە چاودێری نامەو پەیوەندیەکانیان دەکرێت ئەمەش ترسی لەلای هەمومان دروستکرد.
وتیشی: خودی خۆشم چەندین کۆمێنتی ناشرینم بۆ نوسرا لە رێگەی ئەو پۆستانەی کەکردوبم وەک بانگەواز بۆ بەشداری ژنان.
 
”ژنان دەبێت خاوەن بڕیاری خۆیانبن“ 
 
بۆئەوەی ژن  رۆڵی کارا ببین و هەوڵی کۆتای هێنان بەو قەواڵغە بدەن کە بۆیان داتاشراوە، شەیدا موعتەسم، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خاوەنی ناسناوی کاریگەرترین کەسایەتی بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەڵێت: ژن  دەبیت خاوەن بریاری خۆی بیت و لەسەر پرسەکان و ناوەندی بریاردا  قسە و سەنگایی هەبیت.
 
دەشڵێت: لە روی سیاسیەوە دەبێت، حیزب بە فعلی دیمکراسی پیادەبکات بۆ هەمو دەنگ و رەنگەکان و هێزەکانی نیشتیمانی بن لەبری تۆقاندنی هاوڵاتی بیان پارێزن، پاشان ژنان لەناوحزبەکان دەبێت ئازاد و دەستکراوەبن و بوکەڵەی دەستی حزبەکان نەبن بۆ ئەوەی دەنگی ژن کاریگەربکەن.

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,988     ژمارەی میوان 1174

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە