* نەوژین، رێناس ساڵەح
”کە شوێنمان کەوتن ئێمە خۆمانکرد بە کۆڵانە و گەڕەکەکان، بەڵام کۆڵیان نەدا هەر بەشوێنمانەوە بون، ناچار خۆمان دەکرد بەماڵەکاندا، هەمومان پەرتەوازە بوین، کەس فریای کەس نەدەکەوت، هێزەکان خۆیان دەکردە ماڵەکان بە دار و سۆندە گەنجەکانیان دەبردە دەرهوە“. ئەمە دیمەنەکانی خۆپیشاندانەکانی شاری سلێمانیە لە چاوی ژنێکی خۆپیشاندەرەوە کە یاساکانی وڵاتەکەی رێگە بە خۆپیشاندان دەدات و دەبێت پۆلیس بیانپارێزێت.
شنە عهلی، مامۆستا، ٣٨ ساڵ، خانمێکی دیاری خۆپیشاندانەکانی سلێمانیە، ئەو لە نەوژینەوە روداوەکانی رۆژی(١١/١٢/٢٠٢٠)، دەگێڕێتەوە کە بڕیاربو خۆپیشاندانێکی هێمنانە لەبەردەم پارێزگای سلێمانی بەڕێوە بچێت، بەڵام هێزە ئەمنیەکان بە توندی بڵاوەیان پێکردن.
”پلانمان دانابو ئێمەی ژنان بچینە نێوان خۆپیشاندەران“
شنه وتى: ئەگەرچی ئێمە مامۆستا بوین لەگەڵ هاوڕێکانم، بەڵام بۆ داواکردنی موچە نەڕۆشتین بۆ خۆپیشاندان، بەڵکو رۆشتین بۆ رێگری لە رشتنی خوێنی بە ناحەقی گەنجان و مناڵان کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردو چەندین کوڕی ئەم وڵاتە شەهیدکراون، بیرم کردەوە بۆچی تەنها خوێنی مناڵ و گەنج بڕژێت رۆشتم من بکوژن لە بری ئەوان.
باسی لهوهش كرد ئهوان پلانیان وابو لەبەر ئەوەی ژنان لە بارودۆخی توندوتیژی جیاوازتر مامەڵە دەکهن و هێمنی رەچاو دەکهن، لە ریزی پێشەوەی بن و ببنە نێوەندگیر لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان، بەڵام وهكخۆی دهڵێت: "ئهوهى بینیمان شۆکهێنەر بو و دیمەنەکانی وێنا ناکرێت".
وتى: بەشێوەیەک دەستیان بە پەلاماردانمان کرد وەک ئەو رۆژە وابو کە دەوترێت دایک و باوک مناڵی خۆیان بەجێ دەهێڵن، سەرهتا بە گازی فرمێسک رێژ پەلاماریان داین، چاوم دەستی بە کزانەوە و رشتنی فرمێسک کرد و بینی تەڵخکردم و قوڕگ و سیەکانم ئەسوتانەوە.
ئەوەی فریای شنه كهوتبو، ئهزمونى پێشوى بو "بەهۆی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی پێشو بشداریم کردبو، دەمزانی ئەو گازە چەند پیسە، چونکە سێ رۆژ بارودۆخی تەندروستیم زۆر خراپ بو، بۆیە لیمۆم لەگەڵ خۆم هێنابو، بەڵام ئەوانەی یەکهم جاریان بو باردۆخیان زۆر خراپ بو، چونکە ئەو گازەی بەکاریان دەهێنا زۆر سەیر بو لە گازێکی ئاسایی نەدەچو!
ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیەوە (٣ کانونی یەکەم تاوەکو ١١هەمان مانگ)، 42 بریندار سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردوە.
هاوکات هیچ ئامارێکی فەرمی دیکە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە لە بارەی ژمارەی بریندارەکانی قەزاو ناحیەکان بڵاونەکراوەتەوە.
”قورسە کە بیربکەیتەوە هێزی ئەمنی بەشوێن ژنێکی بەتەمەن بکەوێت“
ئەوەی شنهى زۆر نیگەران کردوه و تائێستاش له بیری ناچێتهوه، دیمهنى ژنێكى بەتەمەنه كه لەگەڵ کچەکەی و بوکەکەی هاتبون بۆ خۆپیشاندانەکە، کە گازەکەیان رشت توشی تەنگەنەفەسی و بارودۆخێکی خراپ بون، بەڵام ئەمبۆڵانسی فریاکەوتن گەشتە ئەوێ و هاوکاریان کردن، کەچی هێزە ئەمنیەکان شوێنیان کەوتون، وتى: قورسە کە بیر بکەیتەوە هێزی ئەمنی بەشوێن ژنێکی بەتەمەن بکەوێت.
پاش راوهدونانیان، ژنانى خۆپیشاندهر خۆیانكردوه به کۆڵان و گەڕەکەکان، لهمبارهوه دهڵێت: تەمەنێکە ئەوهندە رێگام نەبڕیوە، ناچار خۆمان دەکرد بەماڵەکاندا، هەمومان پەرتەوازە بوین کەس فریای کەس نەدەکەوت، هێزەکان خۆیان دەکردە ماڵەکان بە دار و سۆندە گەنجەکانیان دەبردە دەرهوە، دیمەنەکە رێک لەو رۆژانە دەچو لە فیلمەکاندا باسی سەردەمی رژێمی بەعسی تێدا دەکرا، هەستێکی تۆقێنەرم بۆ دروست بو بو.
وتیشی: لەبەر ئەوهی ئێمە لە ماڵەکان خۆمان دەشاردەوە دەچون گازەکەیان دەخستە حەوشەی هەندێک لە ماڵەکان.
یاسای خۆپیشاندانەکان لە هەرێم و دەستوری عێراق
لە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی (2010) ی رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستاندا هاتوە: خۆپیشاندان مافێكی دەستورییە و بەپێی یاسا رێکدەخرێت، نابێت كەس ناچار بكرێت لە خۆپیشاندانەكان بەشداری بكات یان نەكات، دەشبێت دەزگاكانی پۆلیس خۆپیشاندەران بپارێزن، لە گەڵ ئەوەشدا بە پێی بەندی 38 ی دەستوری عێراق، هاوڵاتی بۆ داواکردنی مافەکانی ئازادە بۆ ئەنجامدانی گردبونەوە و خۆپیشاندان.
لە گەڵ ئەمانەشدا لیژنەی باڵای ئەمنی لەشاری سلێمانی لە شەوی(١١/١٢/٢٠٢٠)، لە راگەیاندراوێکیدا ههڕهشه لهخۆپیشاندهران دهكات و دهڵێت: "بەردەوامی خۆپیشاندان باجی قورسو سزای توندی هەیە بۆ هەمو ئەوانەی کە رۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندان هەڵمەتی دەستگیرکردن بەردەوامی دەبێت".
هێرشێكى چاوهڕوان نهكراو
شنە عهلی، لە بارەی گرفتەکانی ژنان لە خۆپیشاندانەکە ئەوەی گێڕایەوە، کێشەی کچان و ژنانی خۆپیشاندەر ئەوەبو هەندێکیان جلوبەرگەکانیان نەیدەهێشت بە ئاسانی رابکەن، هەندێکیان پێڵاوەکانیان رێگریان بو، چونکە هەرگیز بیریان بۆ ئەوە نەچو بو کە هێزێک بە شێوەی تۆقێنەر و سامناک روبەڕوی خەڵکێکی مەدەنی بێتەوە.
پاڵنەرەکانی پشت ناڕەزایەتیەکان
رۆژی ٣ کانونی یەکەم ناڕەزایەتیەکانی چین و توێژەکانی لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد، دژ بە پێنەدانی موچە کە ماوەی پێنج ساڵە فەرمانبەران و مامۆستایان موچەکانیان یان پاشەکەوت دەکرێت یان بە نیو موچە پێیان دەدرێت و ساڵانەش تەنها چەند موچەیەک بەو شێوەیەش دابەشدەکرێت.
سەرەڕای هەڵکشانی بێکاری گەنجان و خراپی دۆخی ئابوری و نەبونی دەرفەتی کار، لەگەڵ ئەمانەشدا بە گوێرەى راپۆرتەکانی تایبەت بە گەندەڵی حکومەتی هەرێم داهاتیکی زۆری بەڕێگەی نایاسایی بۆ چەند لایەن و کەسێک دەچێت.
دوابەدوای سلێمانی ناڕەزایەتیەکان تەشەنەی کرد بۆ قەزا و ناحیەکانی سنوری هەردو پارێزگای سلێمانی و هەڵهبجە، بە پێی ئامارە نافەرمیەکانیش لە حەوت رۆژی خۆپیشاندانەکان(٨) خۆپیشاندەر و کارمەندی هێزە ئەمنیەکان کوژراون لەگەڵ دەیان بریندار، لەگەڵ سوتاندنی زیاتر لە (١٥٠) بینا و بارەگا و فەرمانگەی حکومی.
شنە عهلی، لە کۆتایدا وتی: ئێمە زۆر پەرتەوازە بوین، نازانم هاوڕێ ژنەکانمان گیراون یان نا، زۆرێکمان یەکمان نەدەناسی، بەڵام یەک داواکاریمان هەبو.