ژنان گەڕانەوە ناو خۆپیشاندانەکان

2020/12/11    960 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان لە چەند ناوچەیەکی هەرێم ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی وهەڵه‌بجە ژنان تێیدا گەڕانەوە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیەکان، چالاکوانێک لە شاری هەڵه‌بجە دەڵێت: ”ژنانی هەڵەبجە بوێرن لە داواکردنی ماف و داواکاریەکانیان و لە زۆربەی پرسەکاندا لە ریزی پیشەوەن“، ژنە خۆپیشاندەرێکی سلێمانیش جەختدەکاتەوە هەرگیز نارەزایەتیەکی شەقامەکانی سلێمانی دەنگی ژنی لێنەبڕاوە.
 
”ژنانی هەڵەبجە بۆ داواکردنی ماف هەمیشە لە ریزی پێشەوەی ناڕەزایەتیەکانن“
 
ئەمڕۆ لە نارەزایەتیەکان شاری هەڵەبجە ژنان بەشداریەکی کارایان هەبو شەهیدا موعتەسم، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەڵەبجە بە نەوژینی راگەیاند: لە ئێستادا کچان و ژنانی هەڵەبجە شان بە شانی پیاوان لە ریزی پیشەوەی خۆپیشاندانەکانن و  داوای مافەکانیان دەکەن بە شێوازێکی مەدەنی و هێمنانە، بە ئومێدی ئەوەی دەسەڵات هەنگاوێک بۆ چارەسەری دۆخی ئاڵۆزی هەرێم هەڵبگرێت و خەڵکی بەشمەینەت و خێر لە خۆ نەدیوی کوردستان کەمێک بحەسێنەوە.
 
دەشڵێت: مایەی خۆشحاڵیە پارێزگای هەڵەبجە کەمترین توندوتیژی تێدایە، هۆکارەکەی بەشێکی بۆ پەروەردە و  رۆشنبیری خیزانی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە، بەشێکی بۆ  خۆ رۆشنبیرکردن و هەڵویستی ژنان و ئازایەتی و بوێری ژنان دەگەرێتەوە کە توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخەکان هەبوە و روبەڕوی  بونەتەوە بەتایبەت بوێربون لە داواکردنی ماف و داواکاریەکانیان و لە زۆربەی پرسەکاندا لە ریزی پیشەوەبون بەتایبەت لە شەپۆلی نارەزایەتیەکان و داواکاری قوتی خەلکدا.
 
 
”شەقامی سلێمانی دەنگی ژنی لێنەبڕاوە“
 
لە سلێمانی ئەمڕۆ ژنان بەشێکی بەرچاوی بەشدارانی ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندانەکان بون، بە شێوەیەک ژنە چالاکوان پەیمان عیزەدین وەک یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەستگیرکرا.
 
نەسرین ئەحمەد، یەکێک لە ژنانی خۆپیشاندەری ئەمڕۆی سلێمانی، بۆ نەوژین وتی: ئێمە لێرە هەرگیز نەمانهێشتوە دەنگی شەقامی ناڕەزایەتی و داواکردنی ماف بەبێ دەنگی ئێمە بانگی ئازادی بدات، هەمیشە ژنان پشکی شێریان هەبوە لە بەشداری خۆپیشاندن و گردبونەوەکان.
 
ئاماژەی بەوەشکرد ئەوان نایانەوێت ژن داببڕێت لە هیچ دۆخێکی کۆمەڵگە بە خۆشی و ناخۆشیەوە، چونکە پێکەوە تەواوکەری روداوەکانن.
 
 
”ژنان هەستی بەرپرسیاریەتیان بۆ قۆناغە جیاوازەکان هەیە“
 
”ژنان و کچانی ئێمە هەر لە مێژە جێگە دەستیان دیار بوە و حکومڕان بون، هەر لە عادیلە خانم هەتا مەستورەی ئەردەڵانی و بە سەدان ژنی ئازا و لێهاتو و بوێرمان هەبوە کە نەک تەنها کاریان لەچوارچیوەی خێزان بوبێت، بەڵکو قەڵەمڕەوی ناوچەیەک و تەنانەت روبەڕوی دوژمنان بونەتەوە“. شەیدا موعتەسم، وا دەڵێت.
 
جەختی لەوەکردەوە، بە ئێستاشەوە ژنی کورد  هەمیشە خواستیان لەسەر پێشەنگبون و خزمەتکردنی کۆمەڵگە بوە، وتى: لە هەر شوێنێک خواستی گۆڕانکاری و پێشکەوتن هەبوبێت، ژنان لەپێشەوەی دەستپێکی گۆڕانکاریەکان بون و شانیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتی.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,730     ژمارەی میوان 1021

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە