هەوراز ئەحمەد: لەبەردەم کۆمیتەی یەکێتی بەشەقم لێمدرا، وتیان لانەچیت دەتکوژین

2020/12/10    875 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
”لە بەردەم کۆمیتەی یەکێتی بوم لە پیرەمەگرون لەپڕ کەسێک لە پشتەوە قورگی گرتم تاوەکو دو کەس فریام کەوتن لەو کاتەی ئەوان دوریان دەخستەوە، روم وەرگێڕا بە هەموهێزی دو شەقی لەسکم هەڵدا تەمەنام دەکرد ئەو شەوە فیشەکێکم بەرکەوتبایە، بەڵام ئەوەم بەسەرنەهاتبایە“. لەکاتی روماڵی خۆپیشاندانەکان ئەم روداوە روبەڕوی خانمە رۆژنامەنوس (هەوراز ئەحمەد) بوەتەوە، کە پێشتر هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و دۆسیەکەی لە دادگایە، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی یاسا رۆژنامەنوس دەبێت پارێزراوبێت.
 
هەوراز ئەحمەد، لە ساڵی (1987) لە دایک بوە، ماوەی دە ساڵە لە چەند دەزگایەکی بینراو بیسراو لەبواری راگەیاندن کاردەکات وەک پەیامنێر و هەواڵساز.
 
”ئەوەی بەسەرم هات لە روماڵەکەی پیرەمەگرون شۆکی کردم“
 
هه‌وارز چیرۆكى روداوه‌كه‌ى به‌مشێوه‌یه‌ گێڕایه‌وه‌: شەوی ٦ کانونی یەکەم بو هەواڵمان پێگەیشت لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە پارێزگای سلیمانی خۆپیشاندان دەستی پێکردوە، راستەوخۆ لەگەڵ دو هاوکارم خۆمان ئامادەکرد و لە سلێمانیەوە رۆشتینە ناحیەی پیرەمەگرون، کە گەشتینە ئەوێ بینای باره‌گا حزبیەکان سوتابو، سەره‌تا لە نزیک بینای بارەگای پارتی بوین، بەڵام تەقەدەکرا، لە بەر سەلامەتی کار ئەوێمان بە جێهێشت و رۆشتینە بەردەم کۆمیتەی یەکێتی، لەوێ روخسەتم لێوەرگرتن، ئەندامێکیان وتی: من دەمەوێت لە لایڤەکەتان رونکردنەوەبدەم، بەوشێوەیە دەستمان بە راستەوخۆکەمان کرد، بەردەوامبوین لە پڕ سێ کەس بە جلوبەرگی مەدەنیەوە هاتن و بە توڕەیەوە داوای راگرتنی پەخشەکەیان لێکردین.
 
 
وتیشی: هێشتا دوکەڵ لە بینای کۆمیتە بەرزدەبوەوە منیش وتم بێگومان ئەمانە لە دڵیان گرانە بیناکەیان وا دەسوتێت وتم بە چاوان دەیوەستێنین کە وەستاندمان راستەوخۆ یەکێکیان لە پشته‌وە قورگی گرتم و بە هەمو هێزی دەیوست بم خنکێنێت، دوکەس هاتن بۆ ئەوەی رزگارم بکەن کە دوریان خستەوە لە ملم ئاوڕم دایەوە دوشەقی لە سکم ئاڵاند، کەوتم بە زەویا، لەگەڵ ئەوەشدا چەند قسەی نەشیاویان پێوتم بەوەی من بێڕەوشتم. پرسیم ئێوە کێن؟ وتیان: ”ئێمە خۆبەخشی یەکێتین لێرە مەمێنەوە، چونکە دەتکوژین“.
 
بەوهۆی زەبری قورسی لێدانەکەوە هەوراز باری تەندروستی تیکدەچێت، ئەمە لە کاتێکدایە وەکخۆی دەڵێت ئەو شەوە تاوەکو رۆژ بوەتەوە لە ئازاری دەرونیدا خەو نەچۆتە چاوی و ئەو قسانە کە پێیان وتوە لە گوێیدا دەزرنگێتەوە و هەتاوەکو ئامادەکردنی راپۆرتەکەی نەوژین ئەو شۆکی ئەو روداوە بو. بەڵام دڵنیای ئەوەشیدا کە بەهێزی زیاتر بەردەوام دەبێت لە کارەکەی.
 
 
”لەسەر کارێکی رۆژنامەوانی هەڕەشەی کوشتم لێکرا“
 
بە تەنها لە ماوەی پێنج مانگی کارکردنی کۆتای ئەم ساڵدا، هەوراز شەش جار پێشێلکاری رۆژنامەوانی بەرامبەر کراوە کە دیارترینیان هەڕەشەی کوشتن بوە و دۆسیەکەی لە دادگایە.
 
”لەسەر بابەتێکی رۆژنامەوانی روبەڕوی هەڕەشەی کوشتن بومەوە، بەتەنها خۆم نا هاوسەر و برا و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەشم بە نامە و تەلەفۆن هه‌ڕه‌شه‌یان لێكرا، لە دادگای سلێمانی سکاڵام تۆمارکردوە، بەڵام ئەوە چەند مانگ تێپەڕیوە و دۆسیەکە وەک پێویست بەرەوپێش چونی تێدانیە“.
 
هەوراز، زیاتر دوا لە باره‌یەوە وتی: هەربۆیە بۆ روداوەکەی پیرەمەگرون سکاڵام تۆمار نەکرد لە دادگا.
 
 
”ژینگەی کاری پەیامنێری بۆ ژن قورسیەکی زۆر زۆری هەیە“
 
 
هەوراز دەیەوێت لە کاری پەیامنێریی به‌رده‌وام بێت، ئەگەرچی پێیوایە زۆرترین قوربانیدان لە راگەیاندن لە کاری پەیامنێریدایە.
 
وتی: ژینگەی کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان زۆر سەختە، لە بەرئەوەی سەلامەتیان دەستەبەر نیە، لە نێویاندا کاری پەیامنێری کە بەردەوام بەرکەوتەمان لە گەڵ هێزی سیاسی و دەزگای حکومی و خەڵک هەیە،  ئەمە بۆ ژنانی پەیامنێر لە کوردستان کارەکە زۆر زۆر قورس ترە.
 
وتیشی: بەڵام من کارەکەم زۆر خۆشدەوێت، لێرەوە دەتوانم خەمی خەڵک بگەیەنم.
 
 
”دەمەوێت پەیامی ژنێک بگەیەنمە جێگری سەرۆکی حکومەت“
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە ٢٥ نۆڤەمبەری ئەمساڵ رایگەیاند: هەمو دەسەڵاتەکانی لە ناو حکومەت و حزب بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی.
 
لەو سۆنگەیەوە هەوراز پەیامێکی هەیە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەم روداوەی بەسەریدا هاتوە: "پێی دەڵێم جێگری سەرۆکی حکومەت، دەسەڵاتی حکومی بەکارمەهێنە، بەڵکو دەسەڵاتی حزبی خۆت بەکاربهێنە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسەی لە ١٦ رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەرامبەر خانمێکی راگەیاندکار لەبەردەم کۆمیتەی حزبەکەت توندوتیژی بەرامبەر من کرد".
 
لەماوەی دو رۆژدا ٧ پێشلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان کراوە
 
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان، لە بارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە راگەیاندکاران لەکاتی روماڵی خۆپیشاندانەکان، لە بەرواری ٧ى کانونی یەکەم رایگەیاند: بەتەنها لە ماوەی رۆژانی ٦ و ٧ى کانونی یەکەم، حەوت پێشێلکاری بەرامبەر بە دەزگاکانی راگەیاندن و راگەیاندکاران لەلایان تۆمارکراوە، داواشیکردبو حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژیانی رۆژنامەنوسان بپارێزێت وئاستەنگ بۆ كاری رۆژنامەنوسی دروست نەكات.
 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,192     ژمارەی میوان 86

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە