شیرین ئەمین: دوای حەوت ساڵ ئیرادەی کاوە زیندوە

2020/12/05    788 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
"ئەوان کاوەیان تیرۆرکرد ویستیان شیرین وەک ژنێک ماتەم بگێڕێت لە نێوان چوار دیوار، بەڵام من لە بینای بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم پێیان دەڵێم ئیراده‌ی کاوە زیندوە نامرێت". ئەمە وتەی شیرین ئه‌مین، هاوسەری شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانەیە کە لە رێکەوتی(٥/١٢/٢٠١٣)، لە ماڵەکەی خۆیدا لە قەزای کەلار، لە پێش چاوی دایکی درایە بەردەستڕێژی گولە و تیرۆر کرا.
 
”ئیرادەی کاوە زیندوە“
 
لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەو روداوەی بەسەر مندا هات زۆرجیاواز بو لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەم لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی تیرۆر کرابو  لەلایەن حزبی دەسەڵاتدار و چەکداری ئەم ناوچەوە کە ناسراوە بە زۆنی سەوز واتە یەکێتی، ئەوان دەیانویست من وەک ژنێک لە نێوان چوار دیوار بمێنمەوەو شیوەن بگێڕم، بەڵام خەونەکەیانم لە گۆڕنا، چونکە ئێمەی خێزانی کاوە گەرمیانی بە تیرۆرکردنی بێدەنگ نەبوین.
 
”کاوە دەیوست من وئامەد ببینە رۆژنامەنوس“
 
"کاوە زۆر زۆر حەزی دەکرد من لەبواری رۆژنامەوانی کاربکەم، تەنانەت بۆ ئامادەیش ئەو خەونەی هەبو دەیوت ئامەد دەکەمە بچوکترین پەیامنێر لە گەرمیان". شیرین ئەمین، ئەمەی وت.
 
باسی لە هۆکارەکەشی کرد: بۆ من لەو سۆنگەیەوە زۆر حەزی دەکرد، چونکە ئەوکاتە لە ناوچەکەی ئێمە کاركردنی ژن لە راگەیاندن زۆر کەم بو، دەیوت دەبێت لە بوارەکە دەنگ و رەنگت هەبێت.
 
شیرین ئەمین، خەونەکەی کاوە بە قورس دەزانێت و دەڵێت: زۆر حەزم دەکرد بتوانم ئەو خەونەی بهێنمە دی، بەڵام رەنگە نەتوانم Kچونکە زۆر زەحمەتە هەڵگرتنەوەی قەڵەمەکەی ئەو.
 
 
شیرین لە کاری سیاسی بەردەوام دەبێت؟
دوای خۆکاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨، شیرین ئەمین توانى ببێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
 
لە بارەی مانەوەشی لە مەیدانی کاری سیاسەتدا، شیرین دەڵێت: "زەروریەتی رێگای ئامانجەکەم وایکرد بچمە پەرلەمانی کوردستان، لەم قۆناغەدا پێویستە بەردەوامبم، دواتر زەمەن دەزانێت چ رێگایەکی دیکە هەڵدەبژێرم".
 
شیرین ئەمین، لە بارەی ئامانجەکەشی لە پەرلەمان، وتی: پەرلەمان ئەم خولەی وەک هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و ئێمەش کە کاری تێدادەکەین زۆر بەلاواز دەبینرێت، بەهۆی ئەوەی حزبەکان بڕوایان بە ئازادی ڕادەربڕین نیە، بۆیە نەیانهێشتوە پەرلەمانتارەکان بە ئازادی خۆیان کارەکان بکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە سوچێکی ئەو پەرلەمانەوە دەنگێکی بوێر هەیە و من لەسەر رێباز و ئامانجەکەی خۆم تێیدا کاردەکەم.
 
”پرۆژەی تیرۆری رۆژنامەنوسان و شەهیدانی ١٧ شوبات دەباتە پەرلەمان“
 
شیرین دەیەوێت پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە تیرۆری دەنگە ئازادەکان لە پەرلەمانی کوردستان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
لە بارەیەوە بۆ نەوژین وتی: تاکە خەونم ئەوەیە بتوانم پرۆژەیەک بۆ زیندکردنەوەی پرسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس و دەنگە ئازادەکان و شەهیدانی حەڤدەی شوبات ببه‌مە پەرلەمان و لەوێ بەدەنگی زۆرینەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئاخۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان پرۆژەکە وەردەگرێت؟ یان پەرلەمانتاران بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەکە پەسەند دەکەن؟ ئەوە ئەوکات وەڵامەکەی وەردەگرین.
 
[لە ١٧ی شوباتی ساڵی ٢٠١١ لە شاری سلێمانی هاوڵاتیان دژی گەندەڵی‌ حوكمڕانی لە هه‌رێمی‌ كوردستان‌، بۆ ماوەی 62 گردبونەوە‌و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، تێیدا(10) كەس شەهیدبون‌ و زیاتر لە (٥٠٠) کەس برینداربون].
 
 
”لە کوێ دەنگی ناڕەزایەتی هەبێت دژ بە گەندەڵی من لەوێ دەبم“
 
شیرین دەڵێت: لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی سلێمانی من لەکەلار بوم، بەڵام لەبەر ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیەکان لەوێ گردبوەوە بڕیارمدا بچمە ئەوێ.
 
نەوەک تەنها وەک پەرلەمانتار لە ریزی ناڕەزایەتی و گردبونەوەکانەوە، وەکخۆی دەڵێت: پێش هاوسەرگیریشی لەگەڵ کاوە گەرمیانی و دوای تیرۆرکردنیشی، لەکوێ دەنگی ناڕەزایەتی هەبوبێت شانبەشانی دەنگە ناڕازیەکان دژ بە گەندەڵی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی وەستاوەتەوە.
 
لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگەدا و بەرکەوتنی بە گازی فرمێسک کە هێزە ئەمنیەکان ئاڕاستەیان کردبو، وێنەکانی شیرین کاردانەوەیەکی زۆریان بەدوای خۆیان هێنابو.
 
لە بارەیەوە وتی: ئەوەی جێگەی سەرنج بو بەمەبەست هێزە ئەمنیەکان گازەکەیان هەڵئەدا بە ئاڕاستەی ئێمەی پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆپیشاندەران نەکەین لە کاتێکدا ئێمە پارێزبەندی پەرلەمانتاریمان هەیە.
 
ئەو نیگەرانیش بو لەوەی کە هاوسەرۆکانی یەکێتی کە دێنە سەرشاشەکان و دەڵێت ئێمە لەگەڵ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندان نین، وتیشی: بەشێوەیەک باسی خۆیان دەکەن وەک ئەوەی چەندساڵە ئەوان لەگەڵ پارتی لە حکومەت نەبون لەژێر دەستی ئەو حزبە ڕۆژنامەنوس تیرۆرنەکرابێت! ئەگەر بەوشێوەیەن بۆ رێگەیان بۆ خۆپیشاندەران واڵانەکرد؟
 
”دوای حەوت ساڵ لەتیرۆرکردنی کاوە ئیرادەکەی هەر بەزیندوی ماوەتەوە“
 
لە حەوتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، شیرین ئەمینی هاوسەری دەڵێت:   ئەگەرچی ژمارەکان زیادەکەن و ساڵەکان دوردەکەونەوە بەڵام یادی کاوە هەر زیندوە، پەیامەکەی ساڵ بەساڵ نوێدەکەینەوە، ئەم کەیسانە نامرن، بەهەمان گڕوتینی ئەو کاتەی خوێنی کاوە گەرمیانیان رشت بەردەوامین، هەتاوەکو بکەرانی راستەقینەی تاوانەکە بەسزای خۆیان دەگەیەنرێت، چونکە جەلادەکان کاوەیان تیرۆرکرد تا لە دەسەڵات و زوڵم و ستەم بەردەوام بن.
 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,196     ژمارەی میوان 2960

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە