کچان و ژنان دەبنە بەشێک لە کەمپینی داواکردنی تەواوکردنی نەخۆشخانە سەد قەڕەوێڵەکە

2021/09/13    789 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە گەرمیان کەمپینێک بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی سەد قەڕەوێڵەی دەستی پێکردوە، بە وتەی بەشدارانی کەمپینەکە لە قەزاکانی گەرمیان چەند نەخۆشخانەیەک هەن کە زۆر کۆن و بچوکن و  حکومەت ماوەی ٨ ساڵە ئەو نەخۆشخانەی تەواونەکردوە، کچان و ژنانیش بەشداری کەمپینەکە دەکەن و دەیانەوێت دۆخی خزمەت گوزاری تەندروستی بگۆڕن.
 
کەمپینەکە بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەڕەوێڵەیە کە رۆژی (١٨/٨/٢٠١٣) بەردی بناغەی دانراوەو بڕیاربو لە ماوەی ٨٠٠ رۆژ تەواوبکرێت، بەڵام لە لە رۆژی(١/٣/٢٠١٥) کارکردن تێیدا راگیراوە، لە کەمپینەکەدا بەشداربوان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە هاژتاگی بەڵێ بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانە سەد قەڕەوێڵەکە لەگەڵ وێنەی خۆیان بە نوسراوەکەوە بڵاودەکەنەوە. چەند  چالاکی جۆراوجۆری دیکەش لە کەمپینەکە بەڕێوەدەچێت.
 
چاوان محەمەد، یەکێک لە بەشدارانی کەمپینەکە ئەو خوێندکاری زانکۆیە بۆ نەوژین وتی: ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە کارەکانی تەواوبکرێت، پاڵپشتیەکی گەورەدەبێت بۆھاوڵاتیان، چونکە لەگەرمیان نەخۆشخانەیەک نیە بە شێوەیەکی ستاندارد و مۆدێرن دروست کرابێت و خزمەت گوزاری تەواو و دکتۆری پسپۆڕی ھەمو بەشەکانی تێدا بێت، ناکرێت ئێستاش وەک ٣٠ ساڵی رابردو سەیری ئەم شارەبکەن لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی زۆر زیادی کردوە.
 
 
چاوان محەمەد، بەشداری کەمپین وێنە: نەوژین
 
کوردە ئەحمەد، هەمان بۆچونی هەیە لەسەر کاریگەریەکانی تەواوکردنی نەخۆشخانەکە بۆ خەڵکی ناوچەکەیان ئەو بۆنەوژین دەڵێت: ”مەڵبەندە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانمان خزمەتگوازریەکانیان بە گوێرەی پێویست نیە ، بۆ دەبێت پێکەوە داوای باشکردنی خزمەتگوازریەکان بکەین“.
 
”ناکرێت نەخۆشخانەیەکی گونجاو لە گەرمیان نەبێت و ئەوەشی هەیە هەوڵی تەواوکردنی نەدرێت“
 
ئەو نەخۆشخانە گشتیەکەی قەزای کەلار، دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٨٠ کان و لەوکاتەوە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە، سەرەتا وەک بنکەیەکی تەندروستی دروستکراوە کە ئەوکات ژمارەی دانیشتوان شارەکە نەگەشتوەتە ٥٠ هەزار کەس لە ئێستادا تەنها ناوەندی ئیدارەی گەرمیان سەروی ٢٦٠ هەزار کەس تێدا دەژێت، ئەو نەخۆشخانەیە لە شارەکانی دیکەی دەوروبەری گەرمیانیش خەڵک روی تێدەکات ئەمەش هێندەی دیکە کاریگەری هەبوە لەسەر خزمەتگوازریەکانی بەشێوەیەک لە هۆڵێکی بچوکی نەخۆشخانەکە رۆژانە ٦٠٠ نەخۆش پزیشک دەیبینێت.
 
پەرواز ئەحمەد، دانیشتوی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە، لە سنوری گەرمیان یەکێکە لەو خانمانەی بەشداری کەمپینەکەی کردوە بۆ 'نەوژین' وتی: ”خزمەت گوزاریە تەندروستیەکان لە گەرمیان زۆر خراپە، ئەو نەخۆشخانە گشتیەی لە کەلار هەیە لەڕوی خزمەت گوزاریەوە خراپە، ئێمە لە ناحیەکانیش بۆهەرکێشەیەکی تەندروستی ئەبێت سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەبکەین کە تێیدا دەبێت زۆر چاوەڕێبکەین بە شێوەیەکی زۆر ناتەندروست تاوەکو نۆرەماندێت و پزیشک دەمانبینێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشخانەی فریاکەوتنەکەشی هەمان کێشەی هەیە“.
 
 
پەرواز ئەحمەد، بەشداری کەمپین وێنە: نەوژین
 
ئەمە لە کاتێکدایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەهۆی کەمی پزیشک و ستافی تەندروستی تاوەکو ئێستا بەشی ئیمرجنسی تێدانیە هەروەک سروە حەمەئەمین، خانمێکی دیکەی بەشداربوی کەمپینەکە باسی لێوەدەکات و دەڵێت: ”لێرە خەڵک مەگەر حاڵەتی کت وپڕ و گەرمبێت بچێتە نەخۆشخانەی حکومی کەئەویش راست دەینێرێتە سلێمانی، ئەگینا ئێمە هەر دەچینە نەخۆشخانە تایبەتەکان چونکە حکومیەکان ئیتر جێگەی متمانەی هەمو کەس نیە بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری پێویست بۆیە تەواوکردنی نەخۆشخانە ١٠٠ قەڕەوێڵەیەکە کاریگەری باشی دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتی بە کەرتی حکومی“
 
خانمە بەشداربویەکی دیکەی کەمپینەکە رای وایە نەخۆشخانەکانی ئێرە نەیان توانیوە ئەو سیقە دروست بکەن بۆ ھاوڵاتیان. شۆخان حمەساڵەح، وتیشی: ھێندە گلیەو پەیامان ناردوە ئیتر ھێزی ئەم بێباکیەی حوکمەت بێ ئومێدی کردون لە کاتێکدا بەتەواو کردنی ئەونەخۆشخانەیە بەشێک لەگرفتەکانی بواری تەندروستی چارەسەر ئەبێت بەتایبەت بۆ مناڵان“.
 
 
کوردە ئەحمەد، بەشداری کەمپین وێنە: نەوژین
 
پرۆژەکە ٢٧ ملیۆن دۆلار لە بوجەی پەرەپێدانی پاریزگەکان بۆ دابینکراوە، نزیکەی (٤)ملیۆن دۆلار تێدا خەرجکراوەو ٣٠٪ تەواو بوە، لە بنەڕەتدا بەردی بناغەی نەخۆشخانە سەد قەڕەوێڵەکەی کەلار بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە مناڵان دانراوە، بەڵام پەستانی زۆری هاوڵاتیان لەسەر نەخۆشخانە گشتیەکەی شارەکە وایکردوە داوابکرێت ئەو نەخۆشخانەیە تەواوبکرێت و بکرێتە نەخۆشخانەکی گشتی.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,016     ژمارەی میوان 702

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە