بەهار شوكرییە وەڵامی ژنە ئەندامەکەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەداتەوە

2021/08/31    834 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای ئەوەی پرۆژەی ناوی من ناوی دایکمە گەشتە پەرلەمانی عێراق و لەلایەن هونەرمەندان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە وەک پشتیوانیەک پاشناوی دایکی خۆیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان زیادکردوە، دژ بەو هەنگاوە ژنە ئەندامێکی بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان دەڵێت: ”ئەم کەمپینە هه‌وڵێكه‌ بۆ خستنه‌وه‌ی مناڵی زۆڵ“. لە وەڵامی ئەوەدا بەرپرسی کەمپینەکە دەڵێت: ”جێگەی شانازیە بۆ من کە خاوەنی ئەم بیرۆکەیەبوم، قسەکانتان نامان وەستێنن“.
 
کەمپینی 'ناوی من ناوی دایکمە' ماوەی چەند ساڵێکە کۆمەڵێک چالاکوانی مافی ژنان و رێکخراوی تایبەت بەو پرسە لە هەوڵدان بۆ بەجێ گەیاندنی و لە ئێستاشدا پرۆژە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کراوە بیرۆکەکەش لە ژنانی قوربانی دەستی داعشەوە سەریهەڵداوە کە چۆن کچانی ئێزیدی بە بێ ویستی خۆیان دەستدرێژی کراوەتە سەریان  بون بە دایک، بەڵام ئێستا ئەو منداڵانە ناوی وەهمی لەسەر ناسنامەکانیان دانراوە.
 
”ئەم کەمپینە هەوڵێکە بۆ خستنەوەی مناڵی زۆڵ و بندیوار“
 
ژنە ئەندامێکی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم کەمپینە بە توندی وەستاوەتەو لە نوسینێکیدا دەڵێت: ”كه‌مپه‌ینی (ناوی من ناوی دایكمه‌) هه‌وڵێكه‌ بۆ خستنه‌وه‌ی مناڵی زۆڵ و بندیوار“.
 
مونیره‌ عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئاماژەیبەوەکردوە : لە ئەوروپا ژن خاوەنی ناوی خۆیشی نیە دەچێتە سەرناوی فامیلی مێردەکەی ، سوپاس بۆ خوا لێرە لەسەر پێناسەکان ناوی دایک و باوک نوسراوە، ئەگەر حاڵەتێکی دەگەمەنیش هەبێت دەکرێت چارەسەری بۆ بکرێت نەک گشتاندن.
 
 
مونیره‌ عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی
 
لە بارەی کەمپینی ناوی من ناوی دایکە پێشکەش کردنی پرۆژەکە بە پەرلەمانی عێراق وتویەتی: پێیان دەڵێم خۆتان بەشتی مەحاڵ وپڕو پوچەوە خەریک مەکەن و کەمپینەکەتان بێ ماناترین وفاشلترین کەمپینە هیچ خزمەتێک بەژن ناکات و بەشێکیشە لە پڕۆژەی تێکدانی شیرازەی خێزان وئاشتی کۆمەڵایەتی کە لەسەر ئاستی جیهان نەیاران کاری لەسەر دەکەن.
 
”ئەو رەوتە دەیانەوێت ژنی کورد وەک ژنانی ئەفغانستان بژین“
 
لە وەڵامی ئەو قسانەدا رێكخەری'كەمپەینیی ناوی من ناوی دایكمە'  ئاماژە بەوەدەکات چالاكییەك نابینینەوە كە چوبێتە خزمەتی مەدەنییەتیی كۆمەڵگە و ئیسلامییەكان(كۆنزێرڤاتیڤ)، هەوڵی شێواندن و بەلاڕێدابردنیان نەدابێت.
 
بەهار شوكرییە مونزیر، خاوەنی بیرۆکە لە وەڵامەکەیدا نوسیویەتی:  ئەوەی ئەوان دەیكەن شەڕی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندییەكانیانە هەمو قسەکانیان لەم بازنەیەدا دەخولێتەوە تێدەگەین و ئەزمونمان هەیە لەگەڵیان، دەیانەوێت ژنانیی كوردستانیش هەروەكو ژنانی كابول لەو كولەمەرگییەدا بن، پیرۆزبایی و شاگەشكەبونیان لەمەڕ روداوەكانی دوهەفتەی پێشوی ئەفغانستان گەواهیدەری قسەكانمانن.
 
 
بەهار شوكرییە، چالاکوان و خاوەنی بیرۆکەی کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە
 
ئەو چالاکوانە دەشڵێت: هیچ كاتێك قسە و كاردانەوەی ئەو كەسانە نە دەمانوەستێنن نە پاشەكشێمان پێ دەكات، بەڵكو ئێمە بەهێزتر  دەكات لەسەر كارە مەدەنییەكانیی خۆمان.
 
هەوروەک ژنانی دیکەی چالاکوان رەتی قسەکانی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی ئەو حزبە ئیسلامیەیان داوەتەوە بەوەی عیسا پێخەمبەر بەناوی دایکەیەوە لە قورئانی موسوڵمانان ناوی هاتوە چۆن دەکرێت بەو شێوەیە سوکایەتی بەناوی دایک بکرێت و باسی رەوەشتی بدرێتە پاڵ لە کاتێکدا ئەم نوێنەرایەتی ئەو دینە دەکات.
 
کەمپینی ناوی من ناوی دایکمە(٢٥/١٢/٢٠١٨) راگەیەندرا لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەى مەدەنى، پەرەلەمانتارو چالاکوانانی مەدەنیەوە، كەمپینەكە کاردەکات لەسەر یاساى کارتى نیشتیمانى عیراقى ژمارەی ٣ ساڵی ٢٠١٦ کە تایبەتە بە دیاری کردنی رەچەڵەکی خاوەنداریەتی منداڵ.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,342     ژمارەی میوان 4640

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە