ژنانی گەنج لە حزبەکان: ”پیاوان پێگە یەکەم و گرنگی حزبەکانیان قۆرغکردوە“

2021/08/15    1969 جار بینراوە
 
نەوژین – میهرەبان سەلام
 
 
ژنان لە هەڵەبجە هاوشێوەی ئیدارەدانی دەزگا حکومیەکان رۆڵیان لە سیاسەت هەیە، بەڵام پلەی یەکەمی دەسەڵاتی بەڕێوبردنیان وەرنەگرتوە، بەشێکیان هۆکارەکەی دەبەستنەوە بە قۆرغکاری ئەو پێگانە لەلایەن پیاوانەوە، لە بەرامبەریشدا رای دیکە هەیە کە خێزان و تێڕوانینی کۆمەڵگە بەهۆکار دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە ژنان بۆ خۆیان یەکگرتو نین بۆ دانانی پلانی ستراتیژی و بەهێزکردنی پێگەی سیاسیان.
 
”ژنان لەم قۆناغەدا هەنگاوی باشیان بڕیوە“
 
ژنان و کچان لەم پارێزگایە لە رابردودا بەشێوەی سەرەکی بەشداری سیاسیان نەبوە لە ئاستی باڵای حزبەکان، بەڵام لە ئشتادا خۆیان شاهێدی ئەوەدەدەن رۆڵیان بەرەوپێش چوە.
 
رۆشنا جمیل، کادری یەکێتی، وای دەبینێت کە بەشداری کچان و گەنجان لەسیاسەتی حیزبەکان تاڕادەیەکی زۆرباش بەرەو پێش چونی بەخۆیەوە بینیوە ئەو دەڵێت: هەرچەندە لێرەو لەوێ رێگری هەیە بەهۆی پێگە کۆمەڵایەتی و عەشایەرییەکانەوە، بەڵام کچان و گەنجان هەڵەبجە توانیویانە سنورەکان ببەزێنن و بێنە دەرەوە لەو چەمکە داخراوانەی ناو کۆمەڵگا.
 
هەروەک شاد رزگار، بەرپرسی ئەنجومەنی هەڵەبجەی یەکێتی ئافرەتان کە باڵی ژنانی پارتیە، باسلەوەدەکات ئەگەرچی ژنان لە پێشوتردا پێگەیان بەهێز نەبوە و دەرفەتی خۆ پێگەیاندنیان کەمتربو، بەڵام ھاوکاری و پالپشتیەکی بە ھێزی پیاو بون بۆ ئەوەی پرسی نەتەوەکەی سەربخات.
 
ئەو بۆ نەوژین زیاتر دواو وتی: لە ئێستادا حیزبەکان بە گشتی و جەماوەریش باوەڕی بە رۆڵی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی ھەیە چەندین ئافرەتمان هەیە خەریکی بونیادنانی ئایندەی خۆیەتی بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش چەند ئافرەتمان هەیە لە پلەو پۆستە باڵاکانی حیزبەکان دەسەڵاتیان وەرگرتوە.
 
 
شاد رزگار، بەرپرسی ئەنجومەنی هەڵەبجەی یەکێتی ئافرەتان لە پارێزگای هەڵەبجە. وێنە: نەوژین
 
حزبەکان گرنگی بە پێگەی ژن دەدەن؟ 
 
ژنانی گەنجی کادیر و بەرپرسی حزبیەکان باسلەوەدەکەن حزبەکانیان گرنگی بە پێگە و رۆڵی ژن دەدەن، ئەمە لە کاتێکدایە سەرجەم حزبەکان لەم پارێزگایە ژنان تێدا بڕیاردەری یەکەم نین.
 
کادرەکەی یەکێتی حزبەکەی بە پاڵپشتیکەرێکی زۆرباشی ژنان دەزانێت. رۆشنا جەمیل، بۆ نەوژین وتی: وەک حیزبەکەی خۆم پاڵپشتیەکی زۆری بۆ ژنان هەبوە، هەر لە هاتنە پێشەوەی ژنان لە لەکاری حیزبی بێت یان حکومی“.
 
ئەو نمونەی ئەوەشی هێنایەوە کە چۆن لە هەڵەبجە لە زۆر کایەی سیاسی و حکومی رێژەیەکی بەرچاو  ئافرەتان و کچان بەرپرسیاریەتیان هەیە و دەڵێت:  ئەمەش دەلالەتە بۆ رۆشن فکری کچانی هەڵەبجە سەرەڕای هەندی بەربەستیش  ژنانیش پێویستیان بە پاڵپشتی رەگەزی بەرامبەرو حزبەکەیانە بۆ ئەوەی خواستەکانی خۆیان بەرجەستە بکەن.
 
 
رۆشنا جمیل، کادری یەکێتی لە پارێزگای هەڵەبجە. وێنە: نەوژین
 
بەهەمان شێوە بەرپرسی ئەنجومەنی هەڵەبجەی یەکێتی ئافرەتان، خەجت دەکاتەوە پارتی هەر لە سەرتاوە بە گرنگیەوە لە رۆڵی ئافرەتی روانییوە، شاد رزگار دەڵێت: سەرۆک بارزانی هەر لە دامەزراندنی رێکخراوی یەکێتی ئافرتانی کوردستانەوە ئەوەی سەلماندوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتانیش خۆیان رۆڵی زۆرباش و کاریگەریان بینیوە لە بوارە جیا جیاکانی کایەیی سیاسی ئەم حزبە.
 
”پیاوان پێگە یەکەمینەکانیان قۆرغکردوە“
 
بەرپرسەکەی ئەنجومەنی یەکێتی ئافرەتان، لەمپەرەکانی بەردەم ژنانی گرێدایەوە بە ئەو داب و نەریتانەی لە کۆمەڵگا باون و دژی کاری سیاسی ئافرەتن.
 
شاد رزگار، دڵنیایی ئەوەشی دا کە ”قۆرغ كردنى پلەو پۆستە باڵاکان لەلایەن پیاوانەوە“ یەکێکە لە هۆکارە سەرکیەکان ئەمەشی گرێدایەوە بە نەبونی ھۆشیاری پێویست لەلای ئافرەتان خۆیان بۆ بەدەست ھێنانێ مافە سیاسیەکانیان بونی منافەسەی ناپێویست لە نێوان ئافرتان کە زۆر جار دەرفەت بە پیاوێک دەدەن پێشیان بکەوێت .
 
” بۆ بەهێزبونی پێگەی ژنان لە سیاسەت دەبێت پشتیوانی یەک بین و پلانمان هەبێت“
 
ژنانی گەنج ئەو پێگەیەی ئێستا لەناو حزبە سیاسیەکان هەیانە بە ئاستی خۆیانی نازانن، لەگەڵ ئەوەشدا نەبونی هەماهەنگی لە نێوان خۆیان بۆ بەهێزکردنی رۆڵیان بەهۆکاری ئەمە دەزانن.
 
شنیا هۆشیار حسێن، کارگێڕی لقی هەڵەبجەی یەکێتی قوتابیانی، ئەگەرچی پێی وایە هەڵەبجە شاری شاعیرو رۆشنبیرانە و ئافرەتان بەگشتی و کچانیش بەتایبەتی رۆڵێکی بەرچاو گرنگیان هەیە ، بەڵام یەکنەگرتنی ژن بۆ پرسەکانیان بە خاڵای لاواز دەبینێت.
 
ئەو ئەوەی بۆ نەوژین وت کە: وەک ئافرەتان و کچانی شاری هەڵەبجە پێویستمان بە یەکتربینین و ئاڵوگۆڕی بیروڕاو  دانانی پلانی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و کلتوریەکان و رەخساندنی کەشێکی ئازادتر و دەرفەتێکی زیاتر بۆ پەرە پێدان و خستنەڕوی تواناکانمان لە سنورەکەدا، بۆ ئەوەی لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر کۆمەڵگە پێشبخەین.
 
 
شنیا هۆشیار، کارگێڕی لقی هەڵەبجەی یەکێتی قوتابیان. وێنە: نەوژین
 
لە کۆی ئەم پێشکەوتن و ئاستەنگانەی بەردەم کچان و ژنان لە سیاسەتی حزبەکان تا ئێستا حزبەکان لەم پارێزگایە رێگە خۆشکەرنەبون بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی یەکەمی حزبەکانیان لە لایەن ژنانەوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,784     ژمارەی میوان 141

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە