ژنان لە رانیە : دەتوانین سەرکردایەتی بکەین بەڵام سیاسەتی حزب و پیاوانی سیاسی رێگرن

2021/08/13    1440 جار بینراوە
 
* نەوژین - هاوژین محەمەد
 
ژنان لە رانیە جەختدەکەنەوە ئەوان دەتوانن لە ناوەندی بڕیاردان رۆڵبگێڕن، ببنە سەرۆک و  سەرکردەی سیاسی  و ئیدارەیەکی سەرکەوتوی بدەن، بەڵام پیاوانی حزبە سیاسیەکان بەرێگر دەزانن لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی رێکخراوەکان لەو روەوە بەلاواز دەزانن.
 
”من لە خۆم رادەبینم ببمە سەرکردوە و سەرۆک“
 
نیگار حەمەد، چالاکوان و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەیاسا، دانیشتوی شاری رانیەیە بۆ 'نەوژین' جەختی لەوەکردوە: ”بۆ پۆستەکانی سەرۆکی وڵات، ناوەندی  بڕیار، پۆستی  باڵای سیاسی  ئافرەتی زۆر زیرەک و بەتوانا و ژیرمان هەیە لە کوردستان ، بەڵام   حزب  و  سیاسەتی  ئەم  وڵاتە و  پیاوە سیاسیەکان  رێگرن بۆ ئەمە“.
 
ئەو نایشارێتەوە کە خودی خۆی ئەوە لە خۆی رادەبینێت ببێتە سەرکردی سیاسی یان سەرۆک و دەڵێت: ”من لە خۆم رادەبینم ببمە سەرکردوە و سەرۆک  ئەگەر  بوار بدرێت ژن  سەرۆک و  پلەی باڵا  وەربگرێت،  دەتوانین  باشتر حوکومرانی بکەین، ئەو رۆژەش هەردێت  ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین، ماندو نابین  ئەوە مافی  خۆمانە“.
 
 
نیگار حەمەد، چالاکوان و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەیاسا، لە شاری رانیە
 
”رێکخراوەکان رۆڵیان لاوازە“
 
لە پرسەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و بەرەو پێشبردنی تواناکانیان، چالاکوانانی ژنان رۆڵی رێکخراوەکان بە لاواز دەبینن.
 
شوعلە عەبدولرەحمان، کچە چالاکوان لە شاری رانیە، بۆ 'نەوژین' هێمای بوەکرد: لەم شارە هەمیشە ژنەکان لەهەوڵی بە دەست هێنانی مافە رەواکانی خۆیانن، بەڵام لایەنێک نیە پشتگیری تەواویان بکات،  کۆمەڵێک رێخراوی مافی ژنان چالاکی ئەنجام دەدەن، بەڵام سودیان نەبوە بۆ مافەکانی ژنان لە دەڤەرەکە .
 
شوعلە، نیگەرانە لە مانەوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی کە مافی ژنان پێشێل دەکەن، ئەو دەشڵێت: لەگەڵ ئەمانەشدا  کەم تا زۆر رێگری هەیە لەبەردەم ئافرەتانی چالاکوان، بەڵام  کۆمەڵگای کوردی هەر لە دێر زەمانەوە پیاو سالار بوە چەند ساڵێکە ئەوە کاڵ بۆتەوە و ژنانیش شان بەشانی پیاوان خزمەت دەکەن .
 
 
شوعلە عەبدولرەحمان، ژنە چاڵاکوان لە شاری رانیە
 
قسەی ژنانی چالاکوان لە بارەی ئەم پرسەوە لە شارەکەیان لە کاتێکدایە ژنان لە رانیە کەمترین پۆستی ئیداری و حزبیان هەیە کە دەتوانرێت بە نەبو ناو بهێندرێت چونکە تەنها پۆستێکیان لە ئاستی ئیدارەی راپەڕین بەدەستەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن کە ئەوان ئالنگاریەکانی بەردەمیان قورسەو لە هەوڵی تێکشاندنین لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانیان نیە. 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,161     ژمارەی میوان 348

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە