تارا عبدوڵڵا: ”کچبونم بەربەرستی زۆری هێنایە رێگەم بەڵام هەرگیز نەیوەستاندوم“

2021/07/19    1104 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
”سەرۆکی زانکۆ پێی وتم تۆ کچی مافت نیە خانو وەرگریت بەناوی بڕوانامەکەتەوە تا ئەو کاتەی هاوسەرگیری دەکەیت“ ئەم قسەیە روبەڕوی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بوەتەوە کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و ناونیشانی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە، ئەو دەڵێت 'تۆکچی' بوەتە مۆتەکە بەشوێنمەوە، بەڵام ئەوە نەیوەستاند بە دەنگی بەرز دەڵێت ”من کچم بەڵام مافەکانم بە دەست دەهێنم“.
 
تارا عەبدوڵڵا، لە ساڵی (١٩٦٢) لە شاری سلێمانی لە دایکبوە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وانە دەڵێتەوە، لە تەمەنێکی کەمتر دەچێتە قوتابخانە بە ئاستێکی زۆر باش قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێت، دواتر لە بەشی ئیدارە لە زانکۆی بەغداد وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی هۆگر بونی بە خێزانەکەی  دێتەوە لە زانکۆی سلێمانی بەشی کوردی دەخوێنێت.
 
 
ئەو کاتەی دەگاتە قۆناغی دوەمی خوێندن زانکۆی سلێمانی دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر و ساڵی (١٩٨٤- ١٩٨٥) خوێندن لەوێ تەواودەکات، بە موعید لە زانکۆ وەردەگیرێتەوە.
 
ئەو دەڵێت: ”بەڵام بەهۆی ئەوەی کچ بوم نەم دەتوانی بەتەنها بۆ خوێندن بچمە دەرەوە دەبو کەسێکی مەحرەمم لەگەڵ بێت ئەوە بو براکەم رازی بو کەچی برا بۆ عەسکەری، دواتر رۆژێک وەزیر هاتە زانکۆ لەگەڵ هاوڕێکانم چوینەلای و پێمان وت ئێمە لەبەر ئەوەی کچین ناهێڵن بەتەنها بچینە دەرەوە ئێمەش دەمانەوێت بڕوانامەی بەرز بەدەستبهێنین ئەوە بو ماستەری کردوە لە زانکۆی سەڵاحەدین“.
 
دواتر مامۆستا تارا، دەستەواژە عەرەبیەکانی دەلیلی تەخەروج و دەلیلی قبوڵی خوێندکاری زانکۆ دەکاتە زمانی کوردی و لە بری جەید و جەید جدەن باش و زۆرباش و پەسەند دەخاتە ناو دەلیلەکانەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت ئەمەی وەک سەربازێکی ونکردوە.
 
ئەو باسلەوەدەکات بە سەختیەکی زۆر قۆناغەکانی خوێندنی تەواوکردوە ”ئەوکاتەی من ماستەر و دکتۆرام خوێند کارەبا و ئاو نەبو لە هەولێر، هەمو شەوێک لە بەر چرا دادەنیشتم ئاو بەچاوم دەهاتەخوارەوە لەبەر پیسی نەوتەکەی“. 
 
سەڕەڕای ئەوەش روبەڕوی قسەوقسەڵۆکی زۆربۆتەوە ”لەوکاتەدا هەرکەس خەڵکی سلێمانی بوایەو لە هەولێر بمایەتەوە پێیان دەوت جەلالی ئەوە بو زۆر بێتاقەتیانکردم ناچار هەولێرم بەجێهێشت هاتمە سلێمانی، کە هاتمە سلێمانی بینم ئێرە لە هەولێر خراپترە دەیانوت لە هەولێر ژیاوە دیارە پارستنی پارتیە شتی سەیریان دەوت هەمو ئەمانە لە ناو زانکۆ روبەڕوم بوەوە“.
 
لە دوای ئەوە بڕیار دەدات کوردستان بە جێبهێڵێت لە ساڵی ٢٠٠١ لە گەڵ دایکیدا دەچێتە وڵاتی بریتانیا، دوای ٧ ساڵ ئیقامەی ئەو وڵاتە وەردەگرێت ”ئەوکاتەی دوعا کوژرا، وەزارەتی ناوخۆی بریتانیا رایگەیاند (ئەو ژنانەی لە عێراقەوە هاتون مەیانێرنەوە چونکە پیاوەکانیان دڕندەن، لەوانەیە لەسەر قەزیەی شەرەف هەڵهاتبن) بەوهۆیەوە ئیقامەم وەرگرت دواتر رەگەزنامەی بریتانیم وەرگرت“.
 
لەوێ بۆ ماوەی دەساڵ کاری وەرگێڕانی کردوە هەروەک لە مەڵبەندی پەنابەرەکان خولی زمانی کوردی بە کارمەندە بریتانیەکان وتوەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا  لە شاری بێرنگهام زمانی عەرەبی بە موسوڵمانە بریتانیەکان وتوەتەوە، بۆ ماوەی شەش مانگیش کۆرسی سایکۆلۆجیی لەو وڵاتە خوێندوە.
 
 
دوای ١٠ ساڵ دەگەڕێتەوە کوردستان
 
دوای دەساڵ مانەوە لە وڵاتی بریتانیا بەهۆی دایکیەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان ئەو دەڵێت: ”لەگەڵ ئەوەشدا بیرم کردوە بێمەوە لە زانکۆ وانە بڵێمەوە زۆر سودی زیاتری دەبێت، چونکە زانیاری زۆرم کۆکردبوەوە، بەڵام هاتمەوە چیم بینی!“.
 
مامۆستا تارا، لەو کاتەوەی کە گەڕاوەتەوە تاوەکو تا ئێستا بڕانامەی دکتۆراکەی بۆ هەژمارنەکراوە و دەڵێت: ” شوێن نەماوە لە دەرگای نەدەم دەیان جار چومەتە وەزارەت کەچی تەنها بەڵێن و بەسەرچاوە، بۆیە موچەکەم نیوەی موچەی هاوڕێکانمە لەگەڵ ئەوەشدا کچ بونم کراوەتە بەهانە بۆ ئەوەی کە بێ بێبەش بکرێم لە خانوی زانکۆ“.
 
”ئەو کاتەی بە دەنگی بەرز داوای مافی خۆم کرد پێیان وتم دەکروزێتەوە“
 
 
ئەوەی مامۆستا تارای زۆر نیگەرانکردوە تێروانیی کۆمەڵگە بوە بۆ هەڵوێستەکەی کە بەوشێوە لێکدراوەتەوە کە ئەم مامۆستایەکی زانکۆیە بە موچەی زۆرباش بۆچی بۆ خانویەک بەو شێوەیە دێتە سەرشاشەکان.
 
باسی لەو سەرنجانەکرد کە روبەڕی بوەتەوە وتی: ”ئەوکاتەی چومە سەر شاشە و داوای مافی خۆم کرد زۆر کەس لە کۆمێنتەکان کە بۆم هاتبو توانجیان لێدام بەوەی  نوسیبویان "تۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەری مانگی پێنج ملیۆن وەردەگری بڕۆ خۆت خانو بکڕە، بۆچی ئەکروزێتەوە بۆ خانو"! شۆک بوم بەم تێڕانیە چونکە ئەوەندە جاهیلن وا تێگەشتون من کروزاومەتەوە بۆ خانو من مافی خۆمە کە گریاشم لەو بەرنامەیەدا بەهۆی بینی دایکمەوە بو بەو شێوەیە کە من لە هەولێر بوم ئەوم جێهێشتوبو، بیرم کەوەتەوە تا من بچمەوە ئەبێت حاڵی چۆنبێت“.
 
بێ بەشکردنی مامۆستا تارا لە شوێنی نیشتەجێبون لە کاتێکدایە زانکۆی سلێمانی ١٥٨ یەکەی نیشتەجێبونی هەیە  کە بەشێوەیەک لە پرۆژەی هەواری زانکۆ ١٤٠ یەکەی نیشتەجێبون و لە گەڕەکی ئیسکانیش ١٨ یەکەی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی رابردو ٧٠٠ پارچە زەویان بەسەردا دابەشکراوە ، کە دابەشکردنیان بەگوێرەی پلەی زانستی و ساڵی خزمەت و هەبونی هاوژین،  بو ئەمە لە کاتێکدایە مامۆستا تارا سەرجەم خاڵەکانی هەیە تەنها ئەوەنەبێت کە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە.
 
 
وەزیری خوێندنی باڵا پەیوەندی پێوەدەکات
 
دوای ئەوەی مامۆستا تارا، داوای مافی خۆی دەکات وەک کچێک خانوی پێبدرێت چونکە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پێی وتوە لەبەر ئەوەی تۆ کچی خانوت پێنادەین وەزیری خوێندنی باڵا پەیوەندی پێوەدەکات.
 
لە بارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکەی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا بۆ نەوژین وتی: وەزیر پێی وتم زەویەکت ئەدەینێ یان خانویەکت دەدەینێ لە هەواری زانکۆی فەرمانبەران وتم ٣٠ ساڵ خزمەتی مامۆستایم هەیە  چۆن لە هاوکارەکانم دام دەبڕن، وتم ناموێت وتی خانوت بۆ دەگرم و خۆم کرێت بۆ دەدەم وتم تۆ وەزیری سەرچاوم، بەڵام من خزمەتم زیاترە من دەبێت پارە بۆتۆ بەم من ئەوە مافمە کە داوی دەکەم نەوەک هیچی تر“.
 
دەشڵێت: دواتر وەزیر بەڵێنی دا کە بگەڕێتەوە کوردستان لە نزیکەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکەم بدات.
 
”ئەو رونکردنەوەی سەرۆکی زانکۆ بۆ خوڵکردنەچاوی خەڵکی بو“
 
رۆژی(٢٢/٦/٢٠٢١) زانکۆی سلێمانی رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند: سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی سەرەرایی تێبینی زۆری لەسەر قسەکانی بەرێزیان و بەشێک لەو گلەیی و گازەندانەی هەیبوە، لەئێستادا وەک بەرپرسیارێتیەکی ئەکادیمی و ئەخلاقی و بەرەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی شوێنی نیشتەجێ بونی بەرێزیان و بارودۆخی ناجێگیری دایکی بەرێزیان و هەبونی نەخۆش، رایدەگەیەنێت ئامادەیە لەهەواری زانکۆی فەرمانبەران چارەسەرێکی یەکجارەی بۆ شوێنی نیشتەجێبنی بەرێزیان دابین بکات، لەگەڵ گرتنە ئەستۆی گشت خەرجی تێچونەی نیشتەجێبون دەگرێتە ئەستۆی خۆیی.
 
 
لەبەرامبەر ئەو رونکردەوەیە تارا عەبدوڵڵا، جەختدەکاتەوە ئەوە بۆ لەبیربردنەوەی پرسەکەبوە لە بیری خەڵک چونکە پێیان وتوە خانویەکت بۆ دەگرین و کرێی ساڵێکت بۆ دەدەین وەک ئەوی من داوای خێرم کردبێت لێیان، ئەی دوای ساڵەکە چی بابەتەکە لە بیری خەڵک دەچێتەوە تەواو!
 
 
” بە پشتبەستن بە حزب چەندین مامۆستایی زانکۆکەکە خانویان وەرگرتوەو قوفڵیان لێداوە“
 
ئەو مامۆستایە لە رێگەی نەوژینەوە نامەیەکی کراوە ئارستەی ئەو حزبەدەکات و دەڵێت: ئەوەی زیاتر نیگەرانی کردوم ئەوەیە بە بەڵگە لامە کە چەندین مامۆستا بەناوی مامۆستای زانکۆوە خانویان وەرگرتوە کەچی قوفڵیان لە دەرگاکانیان داوە بەوەی پشتگیری حزبیان هەیە کەس لێیان ناپرسێتەوە، بۆیە داواکارم یەکێتی کە حزبی باڵادەستەو ئەو کەسانە بۆ مەرامی خۆیان ناوی بەکاردێنن سەرکردایەتیەکەی بێتە سەرخەت ئەمە وەک دەستکەوتێک بۆخۆیان تۆماربکەن بەسە زوڵم لەسەر ژنان لابەن ئەمە یەکێکە لە زوڵمە گەورەکان کە پشت بەستن بە ئێوە من دەمەوێت ئەو خانوە چۆڵانەی زانکۆ وەربگیرێنەوە چونکە ئەو کەسانە هەر پێویستیان نیە هەیانە خانوەکەی قوفڵەو خۆی لە ڤێلادا دەژیت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی یاسا هەرکەسێک خانوی پێدرا دەبێت تێیدا بژێت، مامۆستا تارا دەڵێت: پێشوتر ئەمەم بە سەرکۆی پێشوتری زانکۆی سلێمانی گەیاندوە پێ وتم  لیژنەمان دروستکردوە بۆ ئەوە کەچی من لە ساڵی ٢٠١١ ەوە بە دوای ئەم دۆسیەوەم هیچ لیژنەیەک دیارنەبو.
 
”ئەم زوڵمەی لە ژن دەکرێت با لە مامۆستا تاراوە بوەستێت“
 
دوای ئەوەی هەڵوێستەکەی مامۆستا تارا بڵاودەبێتەوە ئەو مامۆستایی وانەی پێوتوەتەوە پەیوەندی پێوەدەکات و پێی دەڵێت دەنگت بەرزکەوە دەبێت ئەم زوڵمە بەرامبەر بە ژنان لە تۆوە بوەستێت.
 
مامۆستا تارا، باسی لە پشتیوانیەکان کرد بۆ هەڵوێستەکەی و لەلایەن هاو پێشەو خوێندکارەکانی و نمونەی دکتۆرە کوردستانی موکریانی،هێنایەوە :یەکسەر پەیوەندی پێمەوەکرد وتی ”ئافەرین دەنگت بەرزکەرەوە ئەمە زوڵمە لە هەمو ژنێک دەکرێت با لەتۆوە بوەستن“ هەروەها دکتۆر 'وریا' کە سەرپەرشتیاری بڕوانامەی دکتۆراکەم بو وتی ”کارێکت کردوە کە دەبێت هەموان دەست خۆشیت لێبکەن زۆر چاکتکرد“. 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,957     ژمارەی میوان 515

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە