بابەتێکی کۆتا ساڵی خوێندنی زانکۆیان دو کچە خوێندکار دەکاتە خاوەن کارگە

2021/07/19    1712 جار بینراوە
 
* نەوژین - پەرژین کامەران
 
 دو کچە دەرچوی بەشی کارگێڕی کاری کشتوکاڵ کارگەیەکی تایبەت بە شیرینی لە هەورامان دادەنێن، ئەوەش پاش ئەوەی بابەتێکی کۆتا ساڵی خوێندنیان ئەم بیرۆکەیان لا دروست دەکات، ئەوان دەڵێن کچان سەلیقی تایبەت و نایابیان هەیە بۆ کارکردن ئەگەر هەوڵبدەن.
 
هودا عومەر و سۆما کەریم، دو دەرچوی بەشی کارگێڕی کاری  کشتوکاڵی زنکۆی سلێمانین، دانیشتوی ناحیەی بیارەن لە کۆتا ساڵی خوێندنیان دەست دەکەن بە دانانی کارگەیەکی شیرینی.
 
هودا عومەر، لەبارەی دەستپێکی کارەکەیانەوە بۆ نەوژین، وتی: ˮبابەتێکی کۆتا ساڵی خوێندنی ئەمساڵمان بوە هۆی ئەوەی بتوانین پرۆژەیەک بەڕێوە ببەین لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستاکەمان هاوکاری زۆرباشمان بو بەوەی پرۆژەکەمان پێشکەشی رێکخرای (UNDP)نێودەوڵەتی بکەین و ببێتە پاڵپشتمان“.
 
پرۆژەکەیان لەناو ٢٠٠٠ پرۆژە هەڵدەبژێردرێت
 
لە ناو نزیکی (٢٠٠٠) کەسدا کە پرۆژەیان پێشکەش بە  رێکخراوی ناوبراوکردوە تەنها (١٠) پرۆژە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکرێت پرۆژەکەی سۆما و هوداش لەو ١٠ پرۆژەدایە.
 
 
بەشداری سۆما و هودا بە بەرهەمەکانیان لە فستیڤاڵی سلێمانی بۆ بەرهەمە ناوخۆیەکان وێنە: نەوژین
 
ئەوەی کارەکەیان جیادەکاتەوە ئەوەیە تەواوی بەرهەمەکانی کارگەکەیان سروشتیەو لە ناوخۆی هەورامان بەرهەم دێن، هیچ شەکر و مادەیەکی پارێزەری بۆ بەکارناهێنن.
 
بۆ ئەمەش هودا دەڵێت: ˮدەست کەوتنی بەرهەمەکان ئاسان نەبو، چونکە دەمانویست بەرهەمە بەکارهێنراوەکان لە ناو هەوراماندا دەستمان بکەوێت“.
 
کاری ئەم دوکچە هەورامییە لە ئێستادا لە قۆناغی بەرهەم هێناندایە، سۆما بە پەرۆشەوە لەبارەی ئامادەکارییەکانیانەوە باسی لەوەکرد: ئامادەکاری تەواومان کردوە لە (١٣)ئەم مانگەوە لە فیستیڤاڵی سلێمانی بۆ بەر هەمە خۆماڵییەکان بەرهەمەکانمان خستوەتە بازاڕەوە.
 
کچان بە سەلیقەترن لە کاردا
 
وتیشی:  پێویستە ژنان و کچان بێنە بازاڕی کارەوە، لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەو ئیشانەی پیاو دەیکات ژن ئەتوانێ بە سەلیقەی زیاترەوە بیکات، دڵنیام کچی زۆر بەتوانامان هەیە کە بیرۆکەی زور باشیان هەیە گەر دەرفەتی جێبەجێکردنیان بۆ بڕەخسێ.
 
کارکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان قۆناغێکی نوێی بڕیوە کچان و ژنان بەتەنها وەک کارمەند نەوەستاونەتەوە هاوشێوەی هوداو سۆما دەستیان بۆ خاوەنداریەتی کاربردوە.
 
بە پێی ئامارەکانیش نزیکەی ٢٠٠٠ هەزار ژنی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان ناویان لە سەندیکاری کرێکاران و پیشەوەرانی کوردستان تۆمارکراوە.
 
 
بەشداری سۆما و هودا بە بەرهەمەکانیان لە فستیڤاڵی سلێمانی بۆ بەرهەمە ناوخۆیەکان وێنە: نەوژین
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,801     ژمارەی میوان 651

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە