ئاسیا: دەمەوێت رمەکەم مێژوی ٣٣ ساڵەی عێراق بشکێنێت

2021/07/11    1178 جار بینراوە
 
* نەوژین – هۆزان فەریق
 
لە قوتابخانەیەکی ناحیەیی بازیانەوە بۆ پاڵەوانی وڵاتانی عەرەبی، ئاسیا عەزیز، ئەو کچەی شکێنەری ریکۆردەکانی هەڵدانی 'رمە' لە عێراق، بۆ ئەمساڵیش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی سێیەمی بە دەستهێنا.
 
خانمە وەرزشکار ئاسیا عەزیز، لە(١/٧/٢٠٠١) لەشارۆچکەی بازیان له دایک بوە لەقوناغی سەرەتایی خوێندنەوە دەستی بەیاری کردوە، دواتر لەفستیڤاڵی خوێندنگاکان بەشداری پاڵەوانێتیەکانی وەرزشی کردوە،لە ئێستادا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و خاوەنی ژمارەی پێوانەیی عێراقە لەهەڵدانی 'رم' بوئاستی لاوان بەپێوانەی( ٣٦٫٥٩) م، خاوەنی ژمارەی پێوانەیی کوردستان لەهەڵدانی 'رم' بۆئاستی پێشکەوتوان بەپێوانەی( ٣١٫٣٣)م، هاوکات پلەی سێیەمی  پاڵەوانێتی عەرەبی لەوڵاتی میسر بەدەست هێناوە .
 
ئاسیا پاڵەوانی سێیەمی وڵاتانی عرەبیە
 
لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەمساڵ کە لە وڵاتی تونس بەڕێوەچو توانی پلەی سێیەمی پاڵەوانیەتیەکە بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی ٢٢ وڵات، کاتێک توانی رمەکەی بە بەرزی ( ٣٥٫٣٦)مەتر هەڵبدات.
 
راهێنەرو مامۆستاکەی 'ئاسیا' بەدڵخۆشیوە باسی ئەم سەرکەوتنەی ئاسیا دەکات، مامۆستا 'شەمام شوانی' سەرپەرشتی  بەهێزکردن و راهێنانەکانی دەکات بۆ پاڵەوانێتیەکان بۆ نەوژین، وتی:  ˮخۆشبەختانە دوای چەندین ئاستەنگی وەکو پێکان و سەرقاڵی دەرس و خوێندن ئاسیا توانی ببێتە شانازی بۆ من و خێزان و وڵاتەکەشی“.
 
 
ئاسیا عەزیز، لە کاتی وەرگرتنی مەدالیایی پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی لە وڵاتی تونس، کە توانی پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت لەسەر ئاستی ٢٢ وڵات
 
لەگەڵ ئەمانەشدا ئاسیا خەونی گەورەتری هەیە و دەیەوێت لە پاڵەوانیەتیە گەروەکانی جیهان بەشداربێت ئەو وتی: ˮخەونم ئەوەیە بەشداری پاڵەوانیەتەیە گەروەکانی جیهان بکەم و ببمە یەکێک لەباشترین یاریزانەکانی گۆرەپان ومەیدانی عێراق ، بەتایبەت بتوانم ریکۆردی پێشکەوتوانی عێراق بشکێنم کە( ٣٣)ساڵە نەشکاوە“. 
 
راهێنەرەکەشی جەختی لەمەکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد پلانێکی تۆکمە وگونجاویان پێکەوە داناوە، چونکە چاویان لەسەر مەدالیایی پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەیە نەک بە تەنها ناوخۆی.
 
”لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارم نین دایک و باوکم نەبونایە دەستبەرداری خەونەکەم دەبوم“
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئاسیا نیگەرانە لەوەی کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاری نین و وتی: خۆشحاڵەم کە وەرزش سەربەرزی پێبەخشیوم، بەڵام دڵتەنگم بەوەی کەئاوڕم لێنەدراوەتەوە، چونکە شوێنی گونجاوم نیە بۆ مەشق راهێنانەکانم.
 
هەروەک پێی وایە لەئێستادا باردۆخی وەرزش بەگشتی لەکوردستاندا بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت بەتایبەت  نەبونی خول و  پاڵەوانێتی بەپێی پێویست ،گرنکی نەدان بەیارییە تاکەکەسیەکان وەک یاری گوڕەپان مەیدان. 
 
پشتیوانی خێزانەکەی وایکردوە ئەم ئاستەنگیانە نەبێتە بەهانە بۆی تاوەکو دەستبەرداری خەونەکەی بێت وەک خۆی دەڵێت: ˮوەرزش سەربەرزی بەخشی بە من و خێزانەکەم، دایکم و باوکم زۆر هاوکاریم دەکەن، پاڵپشتێکی زورباشی منن، ئەوان نەبونایە من دەمێکە وازم لەوەرزش هێنابو“.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,333,515     ژمارەی میوان 5891

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە