"زیندوکردنەوەی خێڵ و عەشیرەتگەری کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان پەرەپێداوە"

2021/06/28    869 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت زیندوکردنەوەی خێڵ و عەشیرەتگەری وایکردوە سوڵحی عەشایەری بەشێوەیەکی بەرچاو زایادبکات ئەمەش هۆکار بوە بۆ کوشتن و زیادبونی توندوتیژیەکان دژ بە ژنان.
 
هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لە سلێمانی، بۆ نەوژین وتی: ”تاوانەکانی کوشتن لە نێویاندا کوشتنی ژنان بەگوێرەی داتاکان لە حاڵەتەوە هەنگاو دەنێن بۆ بون بە دیاردە“ 
 
حکومەت بەرپرسی یەکەم دەزانێت بۆ هەڵکشانی ئەم تاوانە و دەڵێت: ”ئەرکی حکومەتە راستەوخۆ هەنگاوی بەپەلەبنێت بۆ هۆکارەکانی پشت ئەم تاوانانە و چارەسەریان بکات ناکرێت بڵێت رێگری دەکەین و قەیرانەکان هەر وەک خۆیانبن راستە پەرلەمان کۆبویەوە و جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە جێبەجێبکرێن بەڵام ئەمانە دڵخۆشکەرنین ئەگەر کار لە هۆکارەکانی پشت روداوەکان نەکرێت“.
 
هەروەک  تاوانەکانی کوشتن دەبەستێتەوە بە زیندوکردنەوەی عەشیرەت و خێڵ ئەو دەڵێت: ”ئەمە بوتەهۆی زیادبونی سوڵح، متمانە بە یاسا لاوازبوە هۆکاریش ئەوەیە یاساکانمان هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت“. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژەکەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە سلێمانی قەیرانی دارایی و نمایشکردنی کلتوری تورکی لە رێگەی راگەیاندنەکان بۆ ناوکۆمەڵگە بەهۆکارێکی دیکە دەزانێت و دەڵێت: ”سیستەمی پەروەردە بەتەواوی شکستی هێناوە کە بە کەوتنی کۆمەڵگا روبەڕوی دۆخی شڵەژان دەبێتەوە“.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,650     ژمارەی میوان 249

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە