کچانی شێوەکار: ”دەمانەوێت بە هونەر دونیا ‏رەنگاو رەنگ بکەین“

2021/06/06    1647 جار بینراوە
 
* نەوژین – محەمەد مەحمود
 
لە گەرمیان كچان لە بواری هونەری شێوەكاریدا، بە شێوەیەكی بەرچاو لەچاو لە ساڵانی پێشودا هەست بە هاتنەپێشەوەیان دەکرێت لە ناوەندە ئەکادیمیەکان و سەنتەرکانی راهێنانی هونەری ئەوان دەڵێن ”بە هونەرەکەمان دەمانەوێت دونیا ‏رەنگاو رەنگ بکەین“.
 
لە بەشی هونەری شێوەکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی قەزای کفری لە کۆی ٨٦ خوێندکار ٤١ خوێنکاریان لە رەگەزی مێن.
 
ماردین بەشارەت ، ساڵی( ١٩٩٩) لە قەزای كفری لە دایک بوە، دەرچوی بەشی شێوەکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی قەزاکەیەتی، ئەو باسلەوەدەکات ئەم هونەرە ئارەزوی منداڵی بوە بۆ 'نەوژین' وتی: ”سەڕەڕای حەزی خۆم بۆ هونەرەکە خێزانەکەشم زۆر پاڵپشم بون“.
 
 
ماردین بەشارەت، لە کاتی کارێکی هونەری لە قەزای کفری وێنە: نەوژین
 
”خەڵکی ناوچەکەمان گرنگی بە هونەر نادەن“
 
خۆشەویستی بۆ هونەرەکەی وایکردوە وەک پیشەیەک بەکاری بهێنێت، هەروەک هاوشێوەی ئەو خانمە شێوەکار 'جیلان مەجید' هونەرەکەی بوە بەسەرچاوەی کار بۆی، بەڵام نیگەرانە لەوەی خەڵکی ناوچەکەیان گرنگی بە هونەر نادەن تەنها بە رێژەیەکی کەم نەبێت.
 
جیلان مەجید، تەمەن (٢٤) ساڵ دەرچوی كارگێڕی پەیمانگای تەكنیكی كەلارە، ماوەی پێنج ساڵە لە هونەری شێوەكاری  کاردەكات، ئەو لەرێگەی سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلارەوە فێری هونەرەکە بوە،  بۆ 'نەوژین' باسیلەوەکرد هەوڵی زۆری داوە تاوەکو فێری نیگار کێشان بوە.
 
 
جیلان مەجید، لەگەڵ تابلۆکانی، وێنە: نەوژین
 
بەرەوپێشچونی کچان لە بواری شێوەکاری بەشێوەیەکە لە 'سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار' ژمارەی بەشداری کچان زیاترە رەگەزی بەرامبەریان، نەبەز حەمید، بەڕێوبەری سەنتەرەکە بۆ 'نەوژین' وتی: لە بەشی شێوەکاری سەنتەرەکەمان کە تاکە شوێنە لە کەلاردا گەنجان فێری هونەری شێوەکاری دەکرێت تێیدا ژمارەی کچان لە ژمارەی کوڕان زیاترە، بەشێوەیەک لەکۆی ٢١ فێرخواز ١٣فێرخوازی لە کچان و ژنان پێکاتوە“.
  
”هونەر لە پاڵ جوانیەکەیدا دڵخۆشیەکی تایبەت دەبەخشێت“
 
”كاتێكی كەمە دەستم بەشێوەکاریکردوە ئەوەی بەلامەوە زۆر خۆشەویستە دڵخۆشی و خواستی ئەو کەسانەیە کە وێنەم بۆ کێشاون، ئەمەش وام لێئەكا زیاتر و زیاتر خۆشم بوێت و بەردەوام بم“. خانمە شێوەکار ئاواز جەمال، بۆ نەوژین ئەمەی وت.
 
ئاواز جەمال، ساڵی (١٩٩٧) لە شاری كەلار لەدایکبوە،  ئەو دەرچوی بەشی زانستی كۆمپیتەرەو  نزیكەی دوساڵە شێوەكارە، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم هونەری بەستەوە بە حەزو خولیای منداڵی، بەڵام خوێندنەكەی بە رێگر دەزانێت بەوەی درەنگ دەستی بەکارکردوە تێیدا.
 
 
ئاواز جەمال، لەکاتی چالاکیەکی شێوەکاری وێنە: نەوژین
 
 ئەو باسیلەوەکرد: نەبونی شوێنی تایبەت بە هونەرەکەیان و كۆمەڵێك گرفتی تر كە لەبوارەكە دێنە پێشیان زەحمەتیە بۆ کارەکەیان.
 
کچان لە گەرمیان لە بواری شێوەکاری گروپی تایبەت بەخۆیان هەیە، هەروەک دەورێکی گرنگیان هەیە لە پێشەنگاکانی شێوەکاری و بەرەوپێشبردنی هونەرەکە.
 

تابلۆیەکی خانمە شێوەکار ئازاز جەلال، وێنە: نەوژین

تابلۆیەکی خانمە شێوەکارجیلان مەجید، وێنە: نەوژین

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,471     ژمارەی میوان 2626

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە