دوای ٤٦ ساڵ ژنان لەناو یەکێتی چونەتە پێشەوە یان پاشەکشێ دەکەن؟

2021/06/02    1252 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بەشێک لە ژنان لەم حیزبەدا گەیشتونەتە ئاستی ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی، بەپێی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، دەبێت لە هەمو ئۆرگانەکاندا رێژەی ژنان (٢٥٪) بێت، تاکە حزبە کە لێپرسراوی مەڵبەندی هەبێت ژنبێت، بەڵام ژنان نیگەرانن لە باڵانسی جێندەر لە حزبەکەدا.
 
ژنان لە سەرکردایەتی یەکێتی (٢٠٪) تێپەڕناکەن
 
بە وتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە گرفت و ئاستەنگی زۆر گەورە لەبەردەم پێشکەوتنی ژنان و کچانی ئەم هەرێمەدا هەیە، لە ناوخۆی یەکێتیشدا هەست بە بونی ئەو گرفتە دەکرێت.
 
فەهمیە سابر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: ”لە روی کادیری ژنانەوە یەکێتی تاچەند رێژەکەی زیاتر بێت کاریگەرترە بۆ ناوخۆی حزبەکە، چونکە  لە جیهانی ئەمڕۆدا هەر هێزێکی سیاسی توانیبێتی ژنان بەلای خۆیدا راکێشێت، ئەوە توانیویەتی، پێگەی سیاسی و تەنانەت سەربازیی خۆشی بەهێز بکات“.
 
 
فەهمیە سابر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
 
ئەمە تێڕوانی ئەندامانی دیکەی ژنە لەم حزبەدا هەروەک نێرگز قادر، دەڵێت: ”پێوستە پێگەی ژن بەھێزتر بکرێت، لەھەمو ئۆرگان و ناوەندو دەزگاکانی یەکێتی، ژنانی رۆشنبیر  بەشداری زیاتریان پێبکرێت، ژنانیش گرنگی زیاتر بە خۆیان و پێگەو کارەکانیان بدەن و ھۆشیارکردنەوە و خۆڕۆنشبیرکردن و کاری سەرەکیان بێت و وازلەشکاندنی یەکبھێن“.
 
 
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە ١٢٤ ئەندام پێکدێت، لەو ژمارەیەش ٢٦ ئەندامی ژنە، واتە رێژەی ژنان لە سەرکردایەتی (٢٠،٩٦٧٪)،  هەروەک لە مەکتەبی سیاسی یەک ژن ئەندامە لە کۆی شەش ئەندام واتە ژنان بە رێژەی (١٦،٦٦٦٪)لە مەکتەبی سیاسی بەشدارن.
 
”ئەو ژنانەی پۆستی باڵای حزبی و حکومیان وەرگرتوە سەلمێنەری توانایی ژنانن“
 
لە کایەی سیاسی یەکێتی ژمارەیەک ژن چونەتە سەرکردایەتی و لێپرسراوێتی ئۆرگانە باڵاکانی حزب، ژنانی ئەندام لە یەکێتی کاری ئەو ژنانە بە دەرخەری توانای سیاسی ژنان دەزانن بۆ متمانەبون بە سەرکەوتنیان.
 
 
بــــانـــە فــــاتـــیـــح، ئەندامی مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری یەکێتی وتی: ژنان لە قۆناغی خەباتی چەکداری و سەردەمی شاخ رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە و لە رێکخستنە نهێنییەکانی ناو شاریش درێخیان نەکردوە لە دوای راپەڕین و دروست بونی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ی ن ک)یەکێک بوە لەو حزبانەی باوەڕی تەواوی هەبوە بە بەشداری پێکرنی ژنان لە کایەکانی سیاسی و حکومڕانیدا.
 
زیاتر وتی: ”لەوڕوەوە ژنانی یەکێتی هاتنە مەیدان و پۆستی باڵا و گرنگیان وەرگرت وەک سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرو ئەندامی پەڕلەمان و سەرۆکی زانکۆ چەندین پۆستی دیکە کە سەلمانیان ژنان دەتوانن سەرکەوتوبن لە سیاسەتکردن“. 
 
 
بــــانـــە فــــاتـــیـــح، ئەندامی مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری یەکێتی
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە پەرلەمانی کوردستان یەکێتی لە  کۆی ٢١ پەرلەمانتار بە سەرۆکی پەرلەمانەوە شەش پەرلەمانتاری ژن هەیە، واتا بەڕێژەی (٢٨،٥٧١٪) ئەندامەکانی لە رەگەزی مێن.
 
فەهمیە سابر، جەختدەکاتەوە یەکێتی گرنگی بە پرسی جێندەر داوە، بەڵام پێویستی بە پێداچونەوەیە ئەو دەڵێت: هەڤاڵ مام جەلال بایەخی زۆر تایبەتی بە پرسی ژنان دەداو راستەوخۆ لە پشت زۆرێک لەو هەنگاوە رادیکاڵانە بو کە لە بەرژەوەندیی پرسی ژنان بون، لەوانە(هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و دروستکردنی هێزی پێشمەرگەی ژنان) چەندینی تر بۆیە دەبێت یەکێتی لەم رێچکەیە بەردەوام بێت“. 
 
”دەبێت یەکێتی لیژنەی تایبەت بە ئیستخلالکردنی ژنان دروستبکات“
 
بەهۆی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی لە کوردستان هەیە ژنان روبەڕوی سەختی دەبنەوە بۆ بەشداری سیاسی، بۆ ئەمەش نێرگز قادر، پێشنیاردەکات لێژنەیەکی متمانەپێکراو کە پێکبهێندرێت  لەژنانی تێگەشتو کە ھەر ژنێک لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتی روبەروی توندوتیژی بوە پەیوەندی بەلیژنەوە بکات.
 
ئەو دەڵێت: ”بەمجۆرە  لەناو خودی یەکیتی  ھیچ ژنێک ناتوانرێ توندو تیژی بەرامبەر بکرێت پاشان ئەمە رەنگ دەداتەوەلەکۆمەڵگاش“.
 
 
نێرگز قادر 
 
وتیشی: ژنی بەھێز خۆی خۆی دروست دەکات بە واستەو پشتگیری ھیچ پیاوێک تاسەر سەرکەوتو نابێت، بە ژنان دەڵێم لەکوێ پیاوێک لە ناو یەکێتی زوڵمت لێدەکات یان ئیستغلالت ده كات قبولی مەكەن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لە مێژوی یەکێتی لە هەفتەیادی حزبەکەدا وەک رۆژی ژنان دیاری کراوە، لەو سۆنگەیەوە ژنانی بەشدار لە سیاسەتی حزبەکە ئەگەرچی پشتگیری پەرسی ژن لەناو یەکێتی بە باش دەزانن، بەڵام نیگەرانن لە نەبونی باڵانسی جێندەرو ئەو (٢٥٪) لە پەیڕەوی ناوخۆ وەک کۆتا بۆیان دیاری کراوە.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,109     ژمارەی میوان 5246

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە