* نەوژین
بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە پارێزگای هەولێر سەردانی ئەو کچەیان کردوە کە ماوەی مانگێکە لە نەخۆشخانەی پار راگیراوە و رێگە لە چونەدەروەی دەگیرێت، بەهۆی ئەوەی کە پارەی چارەسەرکەی نەداوە.
جێگر رەشید، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیەکەی هەولێر دەڵێت: دوای ئەوەی لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن وا بڵاوکرایەوە کە ئافرەتێک لە بەرامبەر نەدانی خەرجی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی لە نەخۆشخانەی پار بەندکراوە، ئەمڕۆ تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیمان بە مەبەستی بەدواداچون و لێکۆلینەوە لەم کێشەیە سەردانی نەخۆشخانەی ( پار)یان کرد و لە نزیکەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کارگێری نەخۆشخانە و نەخۆش بەناوی ( ا،م،ج) ئەنجامدا.
لەبارەی ئەوەی ئەوان وەک بەڕێوبەرایەتی چ کارێک لە کەیسەکەدا دەکەن وتی: ”لە ئێستادا بەدواچون لەم کێشەیە بەردەوامە و دوای تەواوبونی قۆناغەکانی لێکۆلینەوە، دەرەنجام و هۆکارەکانی بۆ رای گشتی دەخەینەڕو“.
بە گوێرەی زانیاریەکان (ا،م،ج)، نەشتەرگەری بۆکراوە لە نەخۆشخانەی ناوبراو، بەڵام خێزانەکەی ئامادەی پێدانی پارەکەنەبون بە نەخۆشخانە، ئەوانیش لە بەرامبەردا کچەکەیان راگرتوە.