پۆلیس: زانیاری نوێمان دەستکەوتوە لەسەر ئەو کچەی لە پردی وڵوبە خۆی هەڵدایەخوارەوە

2021/05/06    597 جار بینراوە

 

*نەوژین

 

پاش ئەوەی دوێنێ (5/5/2021 ) كچێك لەسەر پردی وڵوبەی شاری سلێمانی خۆی هەڵدایە خوارەوەو گیانی لەدەستدا، پۆلیس ناسنامەکەی دۆزیەوە دەڵێت"دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری خۆکوشتنەکەی کردوە" کەس و کارەکەشی دڵنیایی دەدەن هیچ کێشەیەکی نەبوە.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەنەوژینی راگەیاند: ”دوای ئەوەی دوێنێ کچێک لە پردی وڵوبەی شاری سلێمانی خۆی خستەخوارەو گیانی لەدەستدا ناسنامەکەی دیار نەبو ئێوارکەی ناسنامەکەیمان ئاشکراکرد دەركەوت كچەكە ناوی (م، أ، م) و لەدایكبوی ساڵی 2001 و پیشەی خوێندكارەو دانیشتوی گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانییە“.

 

بە پێی زانیاریەکان کەس وکارەکەی رەتی دەکەنەوە هیچ کێشەیەکیان هەبوبێت و و دەڵێن ”(م،ا،م)هیچ شتێکی نەوتوە دەربارەی کێشەیەک کە خۆی بۆ بکوژێت“.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی رونکردنەوەیەکی لەسەر روداوەکە بڵاوکردەوە رایگەیاند: ”بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس، كچەكە سەرلەبەیانی دوێنێ بەمەبەستی چونی بۆ خولێك لەگەڵ براكەیدا لەماڵ چۆتە دەرەوەو پاش جیابونەوەی لەبراكەی چۆتە سەر پردی وڵوبەو خۆی هەڵداوەتە خوارەوەو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە“.

 

هەروەک لە رونکردنەوەکەدا هاتوە  لەئێستادا لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری روداوەكە بەردەوامەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوه بۆ كراوەتەوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,359,113     ژمارەی میوان 1299

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە