* نەوژین
ئەو ژنەی لە گوندێکی عەربەت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دایک و باوکی سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەی تۆماردەکەن، پۆلیسیش دەستگیرکردوە.
ئێوارەی دوێنێ(١٨/٤/٢٠٢١) لە گوندی ژاڵەی سەرو سەربەناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، ژنێک بە خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە نەوژینی راگەیاند: ”ماوەی ٨ مانگە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاندوە“.
وتیشی: ”بەوتەی کەسوکاری ژنەکە، لە داخی هاوژینەکەی خۆی خنکاندوە، سکاڵای یاساییان دژی تۆمارکردوە و پۆلیسش هاوسەرەکەی دەستگیرکردوە“.
ئەو ژنەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە ناوی (کیژان قادر)ـە و تەمەنی 19 ساڵە، لێۆڵینەوەش لە روداوەکە بەردەوامە.