ئەندامێکی پەرلەمان: دەبێت بە زوی بەر بەلێشاوی کوشتنی ژنان بگیرێت

2021/04/17    710 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر لە هەرێم دو ژن کوژران. ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان داوای پلانی خێرا بۆ بەرگرتن لەو لێشاوەی ژن کوشتن دەکات کە ماوەیە لە هەرێمی کوردستان بەرۆکی ژنانی گرتوەو دەڵێت”ژمارەکانی کوشتنی ژنان پێمان دەڵێن رێگەچارەکان سەرکەوتونەبوە“.
 
شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ”دەبێت هەرچی زوە بیر لە رێگە چارەی خێرا و کارا بکەینەوە بۆ بەرگرتن بەو لێشاوەی کوشتنی ژنان کە لە هەمو ناوچەکانی هەرێم رودەدەن“.
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاژەبەوەدەکات : ئەو رێکارانەی بۆ روبەڕوبونەوەی دیاردەی کوشتنی ژنان گیراونەتەبەر دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئەم بابەتە بەتەواوی شوێنی بایەخی دەسەڵات و لایەنە سیاسیەکان نەبوە و نەتوانراوە بەر بەو شێوازە بیرکردنەوەیە بگیرێت.
 
شادی نەوزاد دەشڵێت: ”لایەنە سیاسیەکان پێش هەمو لایەک بەرپرسیارن، چونکە هەر ئەوان بون رێگەیان داوە کە چەکی بێ مۆڵەت مامەڵەی پێوە بکرێت، بە لێشاو مۆڵەتیش بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکەن کە لەلایەنەکانیانەوە نزیکن، دواتریش لەکاتی ئەنجامدانی کردەوەیەکی وادا بکوژەکان حەشار دەدەن و رادەستی دادگایان ناکەن“.
 
ئەمە لە کاتێکدایە بەیانی رۆژی (١٥/٤/٢٠٢١) ژنێک لە شاری کۆیە لەلایەن باوکیەوە کوژرا و پۆلیسیش چوار کەسی بە تێوەگلان لە تاوانەکە دەستگیرکردوە. هاوکات شەوی (١٦/٤/٢٠٢١) لە شاری هەولێر ژنێک لە ماڵی باوکی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەستڕێژی گولەی لێکراو گیانی لە دەستدا، تاوانبارەکەش هەڵهاتوەو تاوەکو ئێستا دەسگیرنەکراوە، پۆلیسی شارەکەش دەڵێت: ”فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە“.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,336     ژمارەی میوان 733

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە