تەرمی کچە خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی گەیندرایە نەخۆشخانە

2021/04/13    608 جار بینراوە
 
 
* نەوژین
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی کچە خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیەو پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند: شوێنەواری برینی پەت بە ملیەوەیەتی، پەڕاویلێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە.
 
شۆڕش ئیمساعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بۆ 'نەوژین' وتی: ”کاتژمێر (٣:٢٠) خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی کچێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بەناوی (س،خ،ر) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە کە پیشەی خوێندکار و دانیشتوی رانیە گەڕەکی نەورۆزە، شوێنەواری برینی پەت بە ملیەوە هەبوە.
 
(س،خ،ر) خوێندکاری قۆناغی چوارمی پزیشکی گشتی زانکۆی سلێمانیە، دوای ئەوەی لەلایەن پزیشکەوە مردنەکەی پشتڕاستکرایەوە، تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی.
 
وتەبێژەکەی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕو: بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێدەچێت روداوەکە خۆ هەڵواسین بێت. 
 
لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکە دەستی پێکردوە، بۆ هۆکاری روداوەکە لەگەڵ دۆزینەوەی بکەرانی پشت تاوانەکە یاخود ئەو کەسانەی کە بونەتەهۆی ئەم تاوانە، داواکاری گشتی سەرپەرشتی دۆسیەکە دەکات و هیچ کەسێکیش سکاڵای تۆمارنەکراوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,333,682     ژمارەی میوان 70

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە