کچە کوردێک دەبێتە باڵیۆزی ئاشتی گەنجانى نەتەوەیەکگرتوەکان

2020/12/04    832 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
هاڤین عوسمان گوڵباخ، کچێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەک باڵوێزی ئاشتی گەنجان لە عێراق هەڵبژێردرا.
 
هاڤین عوسمان، لە ساڵی ١٩٩٠ لە شاری سلێمانی لە دایکبوە و هەڵگری بڕوانامەی یاسا و ئاسایشی سیاسیە، ئێستا بەڕێوەبەری گروپی کۆمپانیاکانی میرکایە.
 
لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین، هاڤین باسی لە چۆنیەتی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد و وتی: "لە ساڵی (٢٠١٦)ـەوە وەک ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان کارم کردوە، پێشوتریش لە رێکخراوکە نوێنەری گەنجانی کوردستان بوم".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوێکی نێونەتەوەییە نزیکەی ھەمو وڵاتە سەربەخۆکانی جیھانی لەخۆ گرتوە، بۆ پاراستنی ئاشتی لەسەر ئاستی جیھانیی و پێشخستنی پەیوەندیەکی برادەرانە لە نێوان نەتەوەکان لە رێکەوتی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ لە شاری سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا دامەزرا.
 
 
هاڤین، تەنها گەنجی عێراق نەبوە کە بۆ ئەمساڵ لە کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتوەکان بەشداربوە و پرۆژەی هەبوە، وەکخۆی دەڵێت: پرۆژەکەی ئەم جیاواز و تایبەت بوە و جێگەی سەرنجی رێکخراوەکە بوە بەوهۆیەوە وەک نوێنەری عێراق هەڵبژێردراوە.
 
پرۆژەکەی هاڤین تایبەتە بە ئاشتەوای و پێکەوەبونی نەتەوەکان و پەیڕەوانی ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان لە عێراق. 
 
لە بارەی کاریگەری پەتایی کۆرۆنا لەسەر کارەکانی و پرۆژەکەی، باڵوێزی ئاشتی گەنجان لە عێراق وتی: کاریگەریەکەی ئەوەیە کە کارەکانم بە خاوتر بەڕێوە دەچن، بەڵام ئێمە ناوەستین و بەردەوامین بە رێگەی دیکە هەوڵدەدەین پرۆژەکە بە ئامانج بگەیەنین.
 
 
هاوکات لە پڕۆگرامی دروستکردنی هیوا کە لەلایەن نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە رێکخرابو دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیه‌تی بەرەنگاربونەوە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە و شێوازی ژیانی دوای ڤایرۆسەکە لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە و تێیدا نوێنەری ٢٨ وڵاتی جیهان بەشداربون، لەوانە: ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، روسیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، چین، ئیندۆنیسیا و ... هتد، هاڤین به‌شدارییكردوه‌ و وتاری تایبەتی پێشکەشکردوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,764     ژمارەی میوان 614

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە