‎11‎ژنی رزگاركراوی ئێزیدی بەنهێنی منداڵەكانیان وەردەگرنەوە

2021/03/25    795 جار بینراوە
عەمار عەزیز، دهۆک
 
‏١١ ژنی رزگاركراوی ئێزیدی كەمپەكانی ئاوارەیی لە دهۆك بەجێدەهێڵن و بە منداڵەكانیان شادكراونەتەوە، كە لە ئەنجامی ده‌ستدرێژی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ‏له‌ دایكبون، ئەوەش توڕەیی كەسوكاری ئافرەتەکان و جڤاتی روحانی ئێزیدی لێکەوتۆتەوە‎.‎
 
ئەو ١١ ژنە، لە ٢ ی ئاداری ئەمساڵ، چەند كەمپێكی تایبەت بە ئاوارە ئێزیدییەكانیان بەجێهێشتوە و كەسوكاریان بەناوی "گفتوگۆكردن لەگەڵ ‏رێكخراوێك" رێگەی پێداون بچنە زاخۆ و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە‎.‎
 
ئەو روداوە دوای تەنیا یەك رۆژ دێت، لە پەسەندكردنی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی لە په‌رله‌مانی عیراق، كە تیایدا بڕگەی تایبەت به ‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ‏دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی به‌هۆی ده‌ستدرێژیی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ دایكبون لابرا‎.‎
 
ئەفراج چۆن كەمپەكەی بەجێهێشت؟
 
 
دەخیل بەشار خەلەف، لە كەمپی قادیا دەژیت لە زاخۆ، كچەكەی (ئەفراج) یەكێكە لەو ژنانەی كەمپەكەی بەجێهێشتوە و نەگەڕاوەتەوە”كچەكەم وتی ‏لەگەڵ هاوڕێیەكانم دەچمە زاخۆ، رێكخراوێك تەلەفۆنیان كردوە و كاریان پێمانە و ناوی رێكخراوەكەش نازانم... منیش وتم مادام لەگەڵ هاوڕێكانت دەچیت ‏كێشە نییە‎“‎‏.‏
 
كاتژمێر 5ی ئێوارە دەخیل تەلەفۆن بۆ كچەكەی دەكاتەوە، ”كچەكەم وتی: لە ئوتێلێكین لە زاخۆ، ئەمشەو نایەینەوە و كارەكەمان تەواونەبوە... ناوی ‏رێكخراوەكەشی پێنەوتم“. زیاتر وتی ”دوای نیوەڕۆی سێی ئادار جارێكی تر تەلەفۆنم بۆ كردەوە، وتی ئەمڕۆش تەواونابین، ئیتر رۆژی دواتر تەلەفونەكەی ‏داخرا‎“‎‏.‏
 
ئەفراج لە 3ی ئابی 2014، كەوتە دەست چەكدارانی داعش و دوای زیاتر لە پێنج ساڵ و لە 25ی ئابی 2019 رزگاركرا و گەڕێنرایەوە بۆ دهۆك، ‏بەڵام كچەكەی لە سوریا بەجێیهێشتوە، وەك باوكی دەڵێت‎.‎
 
 
كەمپێكی ئاوارە ئێزیدییەكان لە پارێزگای دهۆك. فۆتۆ: كەركوك ناو
 
لەوكاتەوە ئەفراج لەگەڵ باوك و برایەكیدا دەژیت لە كەمپی قادیا لە قەزای زاخۆ لە دهۆك، باوكی ئەفراج، (دەخیل)، دو ژنی هەیە و هەردوكیان لە ‏ئەڵمانیا دەژین، خۆیشی پێشمەرگەیە لە هێزەكانی شنگال‎.‎
 
ئێوارەی رۆژی 4ی ئادار، كوڕێكی دەخیل قسە لەگەڵ یەكێك لەو كچانە دەكات كە لە كەمپی قادیا لەگەڵ ئەفراج چونەتە زاخۆ، دەخیل وتی ”ئەو كچە ‏وتی مۆبایلی ئەفراج شەحنی نەماوە...“، زیاتر وتی ”ئەو كچەش شوێنی مانەوەی خۆیانی ئاشكرانەكردوە و وتویەتی نازانین لە كوێین‎“‎‏.‏
 
هەمان رۆژ دەخیل لەگەڵ كەسوكاری كچەكانی تردا قسە دەكەن، ئەوانیش هەمان چیرۆكیان لادەبێت و نازانن چی بوە و ژنەکان لەكوێن‎.‎
 
‎"‎چەند جارێكی تر بۆ خولی رێكخراوەكان چونەتە دەرەوەی كەمپ و ماونەتەوە، بەڵام ئەمجارە پەیوەندیمان پچڕاو نەیاندەوت لەكوێین"، بۆیە دەخیل دەزگا ‏ئەمنییەكان ئاگاداردەكاتەوە‎.‎
 
‎”‎رۆژی ٥ ی ئادار، نامەیەكی دەنگی كچەكەمم لەڕێی مۆبایلەكەمەوە پێگەیشت و تیایدا دەڵێت باوکە خەم مەخۆ، من بە کچەکەی خۆم گەیشتم و ئیتر ‏ناگەڕێمەوە بۆ كەمپ... تەلەفۆن بۆ ئاسایش و پۆلیس مەکە لێمانگەڕێن ئێستا زۆر مورتاحم“، ئەفراج لەو نامە دەنگییەدا ناوی شارێكی هەرێمی كوردستان ‏دەهێنێت كە لێی دەژین، بەڵام لەبەر دروستنەبونی مەترسی لەسەر ژیانی، ناوی شارەكە پارێزراوە.‏
‎”‎رۆژانە بۆی دەگریم، بێ ئەو ناتوانم بژیم، داوادەكەم دەزگا ئەمنییەكان كچەكەم رزگاربكەن“،  دەخیل زیاتر وتی”هەر کەس و لایەنێك ئەوەی کردبێت، ‏ئێمە ئەمە بە رفاندن دادەنێین‎“‎‏.‏
 
چی لەسەر چیرۆكی ١١ ژنەکە دەوترێت؟
 
ئەو ١١ ژنە بەپێی وتەی خەیری عەلی، بەڕێوەبەری لقی شنگالی رێکخراوی ئێزیدی بۆ دوکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکان بە "ئاگاداری" دەزگا ئەمنییەكانی ‏حكومەتی هەرێم، لە كەمپەكان چونەتەدەرەوە بۆ شادكردنەوەیان بەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی چەكدارانی داعش لە دایكبون، ئەوەش دوای ‏هێنانی منداڵەكان لە سوریاوە بۆ عیراق، لەنێویاندا بۆ پارێزگای دهۆك‎.‎
 
خەیری عەلی، دەڵێت: ”چەند مانگێكە زانیاریمان هەیە، كە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوا لە سوریا و حکومەتی هەرێمی ‏کوردستان دەیانەوێت کۆمەڵێک منداڵی داعش بۆ کچانی ئێزیدی بگەڕێننەوە، ئەم كارە بە بەرنامە كراوە‎“‎.
 
‎"‎ئەم رێكخراوە سەرەتا لەڕوی دەرونییەوە كاری لەگەڵ ئەو ژنانە كردوە تا بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگە و چارەسەری دەرونییان وەرگرتوە"، خەیری وای ‏وت‎.‎
 
رێكخراوەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە رێگەپێدراوە بۆ كاركردن لە كەمپەكان و تۆماكراوە.‏
 
 
دهۆک/ ٣ ئۆگەست ٢٠١٥/ ژنانی ئێزیدی لە گردبونەوەیەکی تایبەت وێنە: AP
 
خەیری ئاماژە بەوەشدەکات: ”ئەو ١١ ژنە لە كەمپەكانەوە تا نزیك سنوری سوریا بردراون، لەوێ ١٧ منداڵیان پێداون، كە لە ئەنجامی دەستدرێژی ‏چەكدارانی داعش لە دایكبون،  بەشێك لە ژنەكان دو تا سێ منداڵیشیان لەو ماوەیەی لای داعش بون بوە، هەمو ئەمانەش بە ئاگاداریی و هاوكاری دەزگا ‏ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم بوە‎“‎.
 
لە بارەی چارەنوسیانەوە دوای لە خۆگرتنی منداڵەكانیان، خەیری وتی ”لە شوێنێكی تایبەتدا لە شارێكی هەرێمی كوردستان جێگەیان بۆ كراوەتەوە و ‏پێكەوە لەگەڵ منداڵەكانیان دەژین‎“‎‏.‏
 
جەختیشیكردەوە كە "سەرپشككراون" لە هەڵبژاردنی یەكێك لە وڵاتانی وەک ئەمریكا، كەنەدا یان چەند وڵاتێكی ئەوروپا، ”بەر لە چونەدەرەوەی ژنەكان لە ‏كەمپ، رەزامەندی ئەو وڵاتانە وەرگیراوە و رێككەوتنی پێشوەختەش هەبوە تا خۆیان و منداڵەكانیان وەربگرن". لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی "رێكخراوەكە ‏بەنیازبوە لە قۆناغی داهاتودا ژنانی تر ببات، بەڵام لەبەر لێكەوتەكانی كارەكانی راگرتوە‎“‎‏.‏
 
چه‌كدارانی داعش؛ له‌ ئابی ٢٠١٤ دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگال لە خۆرئاوای نەینەوادا، شه‌ش هه‌زار و ٤١٧ هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر ‏له‌ سێ هه‌زار و ٥٠٠ ئافره‌ت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، چاره‌نوسی زیاتر له‌ دو هه‌زار و ٧٠٠ كه‌سیشیان نادیاره‌، به‌پێی دوایین ئاماری حكومه‌تی هه‌رێمی ‏كوردستان‎.‎
 
‏”كچەكان بە پاساوی چاوپێكەوتن لەگەڵ پاپا فرانسیس و دواتر بەڵێنی بردنەدەرەوەیان و بینینی منداڵەكانیان لە كەمپ براونەتەدەرەوە‎“‎‏. جەوهەر عەلی، ‏جێگری میری ئێزیدییان ئەمە دەڵێت.‏
وتیشی: ”بە هیچ شێوەیەک پرس بە ئێمە نەکراوە، ئێمە زۆر دڵتەنگ و توڕەین لەو کەسانە، بە توندی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین، داواش لە حکومەت، ‏پەرلەمان و نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەین، بەزوترین کات ئەو کچانە بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو کەسوکاریان و منداڵە داعشەکان رەوانەی رۆژئاوا (سوریا) ‏بکرێنەوە‎“‎‏.‏
 
 
 
سنجار، ژنێکی ئێزیدی شیوەن بۆ برا کوژاروەکەی دەستی داعش دەکات لە کاتی گەشتنی تەرمەکەی، وێنە: واشتن پۆست
 
هیچ ئامارێكی رەسمی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی چەكدارانی داعشەوە بۆ سەر ژن و كچانی ئێزیدی ‏لەدایكبون‎.‎
 
رۆژێك بەرلەوەی ئەو ١١ ژنە كەمپەكان بەجێبهێڵن، په‌رله‌مانی عیراق، یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی پەسەند كرد، كە تیایدا قه‌ره‌بوی دارایی و ‏مه‌عنه‌وی ئه‌و خانمانه دەكاتەوە، ئەوەش به‌ ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ و دوباره‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌‏‎.‎
 
بەڵام له‌سه‌ر داواكاری جڤاتی روحانی ئێزیدیی و بەپێی وتەی حسێن حه‌سه‌ن نه‌رمۆ، په‌رله‌مانتاری ئێزیدی له‌ عیراق ”ئەو بڕگه‌یه‌ لە‎ ‎یاساكەدا‎ ‎لابرا، كە ‏تایبه‌ت بو به ‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی به‌هۆی ده‌ستدرێژییەوە له‌ دایكبون‎“‎.
 
بە لابردنی ئەو بڕگەیە، پرسی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی كە لەداعش بون، بۆ لای دایكیان، لەلایەن ئێزیدییەكانەوە داخرا‎.‎
 
جەوهەر عەلی بەگ، وتی ”دەیانجار وتومانە منداڵێك وەرناگرین كە لە داعش بوبێت... ئەمە لەگەڵ دەق و تێکستەکانی ئایینی ئێزیدیی و کۆمەڵگەکەماندا ‏ناگونجێت، ئەم بابەتە لای ئێمە خەتی سورە و یەکلاییبۆتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەکۆی دەنگ بڕگەی منداڵانی داعشی لە یاساكەدا لابرد، ئەوە بابەتە ‏كۆتایی هاتوە“‎.
 
لەبارەی ئەو ١١ ژنەشەوە، وتی ”چاوەڕێی حكومەتی هەرێم دەكەین، تا ئه‌م کێشه‌یه‌ چارەسەربكات“‎.
 
حسێن قایدی، بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی – کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە و بارەگاكەی لە دهۆكە وتی”بۆ ئەو ‏بابەتە نە پرس به ئێمه کراوە و نە لێی بەرپرسیارین“، بێئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت. لەكاتێكدا ئەوان لایەنی فەرمی حكومەتی هەرێمن بۆ ‏پرسەكانی پەیوەست بە رزگاربوانی دەستی داعش‎.‎
 
 
دو ژنی ئێزیدی لە پشت تەلبەندەکانی کەمپی ئاوارەکان
 
خالیدا خەلیل، پەرلەمانتاری ئێزدی لە بەغدا، هەمان بۆچونی جێگری میری ئێزیدییانی هەیە و دەڵێت: ”دەبێت رێز لە یاسا و بڕیاری جڤاتی روحانی ‏ئێزیدی بگیرێت، ئەویش ئەوەیە منداڵی داعش وەرناگیرێتەوە‎“‎‏.‏
 
وتیشی ”من سەردانی رزگاربوانی ژنانی دەستی داعشم کردوە، لەسەدا 90یان دەڵێن ئێمە ئامادەنین ئەو منداڵانە وەربگرینەوە، ئەگەر 10 كەس بۆچونی ‏جیاوازبێت ئەوە هیچ نییە‎“‎‏.‏
ئەوەش لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردو جنێن بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق، لە كۆبونەوەیەكیدا داوای لە ‏پەرلەمانتارانی ئێزدی كردوە چارەسەرێك بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە‎.‎
 
خالیدا وتی ”نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێن هەندێک سکاڵامان بۆ هاتوە لەسەر پرسی ئەو ژنانە، ئێمەش وتمان یاسایەکی تایبەتمان لە ئەنجومەنی نوێنەران ‏پەسەندکردوە و لەوە زیاتر هیچمان پێناكرێت... ئەگەر حاڵەتەکان زیادبون ئەوکات با لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەری ئەم بابەتە بکەن‎“‎‏.‏
 
بەڵام بە بڕوای خەیری عەلی، بەڕێوەبەری لقی شنگالی رێکخراوی ئێزیدی بۆ دوکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکان، ئەو پرسە بەو شێوەیەی كە ئێستا رودەدات ‏چارەسەرناكرێت، ”بردنی ئەو کچ و ژنانە بەو شێوەیە کاریگەرییەکانی زۆر خراپ دەبێت لەسەر خێزانەکانیان، هەوڵێكی زۆریانداوە تا بەدەستیانبهێننەوە، ‏ئێستاش ئەگەر منداڵەكانیان پێبدەنەوە، رەنگە كەس هاوسەرگیرییان لەگەڵدا نەكات، چونكە ئایینەكەمان رێگەنادات لەگەڵ كەسێكی تردا هاوسەرگری ‏بكات و منداڵی داعش بەخێو بكەن‎“‎‏.‏
 
هەرچی، جێگری میری ئێزیدییانە، دەڵێت ”با هەمو منداڵەکانی داعش رەوانەی دەرەوە بکرێن، بێئەوەی بیانهێننەوە بۆ کوردستان، ئێمە هیچ ئیشێکمان بەو ‏منداڵانە نییە، ئەوەی کراوە کارێکی زۆر هەڵەیە و بکەرانی دەیانەوێت ناکۆکی لە نێوان ئێزیدییەکان و نەتەوەکانی دیکەدا دروستبکەن، قەت بێ دەنگ ‏نابین تا ئەم بابەتە چارەسەر نەکرێت‎“‎‏.‏
‎ ‎
سەرچاوە: کەرکوک ناو


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,114     ژمارەی میوان 515

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە